پلانە نهێنییەکەی سوپای پاسداران.. چۆن حزبوڵڵا لەژێر خۆڵەمێشی شەڕدا سەرلەنوێ دروستکرایەوە؟

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1767 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوابەدوای ئەو گورزە کوشندانەی لەساڵی 2024 بەر پێکهاتەی سەربازیی‌و سەرکردایەتی حزبوڵڵای لوبنانی کەوت، زۆرێک پێیانوابوو، کۆتایی ئەم ڕێکخراوە نزیکبوەتەوە، بەڵام ڕاپۆرتێکی نوێی ئاژانسی (ڕۆیتەرز) پەردە لەسەر دەستێوەردانێکی خێرای کۆماری ئیسلامی ئێران لادەدات کە بوەتە هۆی گۆڕینی هاوکێشەکان.


بەگوێرەی سەرچاوە تەناهییەکان، سوپای پاسدارانی ئێران دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵاو فەرماندە باڵاکانی حزبوڵڵا، دەستبەجێ نزیکەی 100 بۆ 150 ئەفسەری شارەزای ڕەوانەی لوبنان کردوە، ئەرکی ئەم ئەفسەرانە تەنها ناردنی چەک نەبوە، بەڵکو دوبارە داڕشتنەوەی مێشکی سەربازیی حزبوڵڵا بوە.

گرنگترین خاڵ لەم گۆڕانکارییەدا، گۆڕینی سیستەمی فەرماندەیی بوە لە(هەڕەمییەوە بۆ لامه‌ركه‌زى)، ئەندریاس کریگ پسپۆڕی بواری ئەمنی ئەو شێوازە بەبەرگریی مۆزایکی ناودەبات، ده‌شڵێت، "حزبوڵڵا دابەشکراوە بۆ خانەی زۆر بچوک‌و سەربەخۆ، هیچ یەکەیەکیان زانیاریی وردی لەسەر یەکەکەی دیكه‌ نییە، ئەمەش وایکردوە هەواڵگریی ئیسرائیل نەتوانێت بەکوشتنی یەک فەرماندە، تەواوی ئۆپەراسیۆنەکان پەکبخات".

سەرچاوە لوبنانییەکان ئاشکرایدەکەن، ئەفسەرانی ئێرانی ئێستا نەک هەر ڕاوێژ دەدەن، بەڵکو ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی باڵی سەربازیی دەکەن‌و ئەو بۆشاییە گەورەیەیان پڕکردوەتەوە کە بەهۆی به‌ئامانجگرتنى فەرماندە دێرینەکانی حزبوڵڵاوە دروست ببوو، ئەوان ئێستا پلانداڕێژەری سەرەکی ئەو شەڕەن کە حزبوڵڵا لەدژی ئیسرائیل دەیکات.

لەکاتێکدا سوپای پاسداران خەریکی بەهێزکردنەوەی سەنگەرەکانی حزبوڵڵایە، حکومەتی لوبنان لەژێر فشاردایە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، حکومەتی بەیروت داوای لەو کەسایەتییە ئێرانییانە کردوە کە لەدەرەوەی کاری دیپلۆماسی لەوڵاتەکەدان، خاکەکەیان جێبهێڵن، بەڵام وادیارە دەنگی چەک‌و ستراتیژی تاران لەناوچەکەدا، لەهەوڵە دیپلۆماسییەکان بەرزترە.

بەپەلە