شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەڕەشەکانی بۆ سەر ئێران نوێکردەوە، پێش کۆتاییهاتنی ئەو وادەی دوو ڕۆژەی کە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز پێی دابوو.
ترەمپ ئێوارەی یەکشەممە بە کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، "بەم زووانە دەرئەنجامەکانی دیاریکردنی ئەم وادەیە ڕوون دەبنەوە".
سەرۆکی ئەمریکا پەیامێکی بە توندی ئاراستەی ئێران کرد و وتی: بەم زووانە دەبینن بەهۆی هۆشداری سەبارەت بە وێستگەکانی کارەبا چی ڕوودەدات. ئەنجامەکەی زۆر باش دەبێت. وێرانکاریی تەواوەتی له ئێران ڕوودەدات، زۆر کاریگەریش دەبێت.
ترەمپ ماوەی 48 کاتژمێری دابوو بە ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، هۆشداریشی دابوو لە هێرشکردنە سەر وێستگەکانی کارەبای وڵاتەکە ئەگەر پابەند نەبێت.
هاوکات ترەمپ ڕەخنەی توندی لە ناتۆ و "هەڵسوکەوتی دەیان ساڵەیان بەرامبەر ئێران" گرت.
وتیشی: وڵاتانی ناتۆ هیچ ناکەن و ئەوە شەرمەزارییەکی گەورەیە، ئێران 47 ساڵە زۆر خراپە، ئێستا ئەوەی شایەنی خۆیەتی، بەدەستی دەهێنێت.