شارپرێس:
لەکاتێکدا حکومەتی عێراق هەوڵدەدات وڵات وەک ناوەندێکی ئارامو پردێک بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ناوچەکە نیشانبدات، چهندبارهبونهوهى هێرشەکان بۆ سەر باڵیۆزخانەو نێردە دیپلۆماسییەکان، عێراق دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت، بەرپرسانی سەربازییش هۆشداریدەدەن، "ئەمکارانە تەنها هێرش نین بۆ سەر باڵەخانەکان، بەڵکو هێرشن بۆ سەر ناوبانگی عێراق لەجیهاندا".
سەباح نەعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، پەردەی لەسەر ڕاستییەکی تاڵ لاداو وتى، "ئەم هێرشانە، ئێستا بهگوێرهى یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2005 وەک کاری تیرۆریستی دەناسرێن، ئەمەش پەیامێکی ڕونە بۆ گروپە چەکدارەکان کە دەوڵەت چیتر بەچاوێکی سادە سەیری ئەم سەرکێشییانە ناکات".
وهكو بهرپرسه باڵا سهربازییهكه وتى، "گەورەترین مەترسی تارمایی گۆشەگیرییه لهعێراق، بهو واتایهى ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییانەى کە عێراق ساڵانێکی زۆرە ماندویەتی بۆ کێشاوە سهرجهمیان ببڕێنو عێراق توشى گۆشهگیریى نێودهوڵهتى ببێت، دواتر ئەگەر باڵیۆزخانەکان دابخرێن، عێراق دەبێتەوە بەدورگەیەکی دابڕاو کە نە وەبەرهێنەری بیانی تێدا دەمێنێتو نە متمانەی سیاسیش".
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانى عێراق دەزانێت کە ئاگرەکە تەنها لەبەغدا نامێنێتەوە، هەر شڵەژانێکی ئەمنی لەعێراق، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابورییو ئاسایشی وڵاتانی کەنداوو تەنانەت جیهانیش دەبێت.
عێراق لەبەردەم بژاردەیەکی چارەنوسسازدایە؛ یان دەبێت سەروەریی یاسا بچەسپێنێتو پارێزگاری لەمیوانە دیپلۆماتەکانی بکات، یان ڕێگە بدات چەکداریی بێسەروبەر وڵات بەرەو قۆناغێکی تاریكو گۆشەگیریی سیاسی بەرێت کە باجەکەی تەنها هاوڵاتیانی سادەو ههژارو نهدار دەیدەن.
