هه‌وڵدان بۆ دروستكردنى هاوپه‌یمانییه‌كى نوێى سه‌ربازیى ئاشكراده‌كرێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1335 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای، وڵاتانی تورکیا، سعودیە، میسرو پاکستان خەریکی ڕاوێژن بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەکی ھاوکاریی ئەمنیی چوارقۆڵی کە ئامانجی ھەماھەنگییە لەپرسە بەرگرییەکان‌و بەرەنگاربونەوەی ئاڵنگارییە ناوچەییەکان.


وەزیرانی دەرەوەی ئەو چوار وڵاتە لەڕیاز کۆبونەتەوەو بۆ یەکەمجار بەشێوەیەکی بەکۆمەڵ باسیان لەپەرەپێدانی فۆرمێکی دامەزراوەیی کردوە کە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی زانیاریی ھەواڵگریی، بەرەنگاربونەوەی ھەڕەشە سنوربەزێنەکان‌و ھاوکاریی لەپیشەسازیی بەرگرییدا لەخۆدەگرێت.

دەشڵێت، "ئەم دەستپێشخەرییە وەک ھاوپەیمانییەکی سەربازیی پابەندکەر نابینرێت، بەڵکو سەکۆیەکی نەرمە بۆ یەکخستنی توانا خودییەکانی ئەم وڵاتانە لەسایەی ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکەدا".

ئەوەش هاتوە، "ڕاوێژەکان پرسی گرژییەکان لەگەڵ ئێران‌و دۆزینەوەی ڕێگەی هاوبەش بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پێکدادانیان گرتوەتەوە، هەروەک لایەنەکان جەختیان لەگرنگی دروستکردنی متمانەو کەناڵی پەیوەندیی بەردەوام کردوه‌تەوە بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی".

هەرچەندە ئەم پرۆژەیە هێشتا لەقۆناغی سەرەتاییدایەو بەفەرمی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام نیشاندەری ئاراستەیەکی نوێیە بۆ دروستکردنی جەمسەرێکی کاریگەر لەجیهانی ئیسلامییدا بەرامبەر گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییە خێراکان.