شارپرێس:
"دڵى ئەوروپا لەژێر سێبەرى موشەکەکانى ئێراندایە" ئهمه ههڕهشهى سوپاى پاسدارانى ئێرانهو لهپهیامێكیشدا هۆشداریدهدات لهكوژاندنهوهى کارەباى ئەمریکا لهتهواوى ناوچهكهدا، دهشڵێت، "ههر هێرشێك بۆسهر كارهباى ئێمه، وهڵامى ئێمهش بهو شێوهیه دهبێت، سهرجهم ئەو وێستگانەی ناوچەکە کە وزە بۆ بنکە ئەمریکییەکان دابیندەکەن، لەگەڵ ژێرخانی ئابوریو پڕۆژە پیشەسازییەکانی ئەمریکا لهناوچهكه كۆتاییان پێدێت".
لەنوێترین پەرەسەندنی سەربازیدا، سوپای پاسدارانی ئێران پەیامێکی توندو ئاشکرا ئاراستەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکاتو ڕایدەگەیەنێت، هێزی موشەکیی وڵاتەکەیان گەیشتوەتە ئاستێک کە ناوجەرگەی وڵاتانی گەورەی ئەوروپا لەژێر دەستیاندایە.
بەبێئەوەی ناوی هیچ وڵاتێک بەدیاریکراوی بهێنێت، سوپای پاسداران ئاماژە بەوەدەکات، موشەکەکانیان بەئاسانی دەگەنە دڵی وڵاتانی گەورەی ئەوروپا، شارەزایانی سەربازییش جەختدەکەنەوە، ئێستا هەریەکە لەپایتەختە گرنگەکانی وەک (بەرلین، لەندەن، پاریسو ڕۆما) لەمەودای پێکانی موشەکە ئێرانییەکاندان، ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورە لەهاوسەنگیی هێزدا نیشاندەدات.
ئەم پەیامە توندەی سوپای پاسداران دوای ئەوەدێت، واشنتۆنی تۆمەتبار کرد بە"درۆکردن" سەبارەت بەهەوڵەکانی ئێران بۆ لێدانی وێستگەکانی ئاو، لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا، سوپای پاسداران هۆشداریدەداتە کۆشکی سپیو دهڵێت، "ئەگەر وێستگەکانی کارەبای ئێران بکرێنە ئامانج، ئەوا لەهەنگاوێکی تۆڵەسەندنەوەدا، تەواوی وێستگەکانی کارەبای لایەنی بەرامبەرو ئەو بنکە ئەمریکییانەی لەناوچەکەدا وزەیان بۆ دابیندەکرێت، لەگەڵ ژێرخانی ئابورییان كۆتاییان پێدههێنرێت".
لەکۆتایی بەیاننامەکەدا، سوپای پاسداران بەزمانێکی تەنزئامێزەوە ڕوو لەئەمریکا دەکاتو دەڵێت، "ئەمریکا لەتواناکانمان بێئاگایە، سوپای ئەمریکا تەنها لەمەیدانی جەنگدا ڕاستییەکان دەبینێت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەبونی چەکو توانای سەربازیی نوێ کە تائێستا ئاشکرانەکراون.
ئەم پەرەسەندنانە نیشانیدەدەن کە ناوچەکەو جیهان لەبەردەم قۆناغێکی نوێی هاوسەنگیی ترسدان، کە تێیدا تاران دەیەوێت بەزمانی موشەک، سنور بۆ هەڕەشە ئابورییو سەربازییەکانی ڕۆژئاوا دابنێت.
