شارپرێس:
لەکاتێکدا ئیسرائیل هەمیشە شانازیی بە"تۆڕی
بەرگریی ئاسمانیی فرەچین" دەکرد، ئێستا ڕاستییەکی تاڵ لەناوەندە ئەمنییەکانی
تەلئەبیبەوە دەردەکەوێت، سیستەمی (قەڵغانی داود ـ David's
Sling) کە بە(گۆچانی سیحراوی)
ناسراوە، لەیەکەم تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەدا لەبەردەم موشەکە بالیستییەکانی ئێراندا
توشی شۆک بوە.
شکست لەئاسمانی (دیمۆناو عەراد)
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانی ئیسرائیلو ماڵپەڕی
واڵا، ئەو موشەکە دژە-بالیستییانەی کە سیستەمی قەڵغانی داود تەقاندویەتی، نەیانتوانیوە
ڕێگریی لەو موشەکانەی ئێران بکەن کە شەوی شەممەی ڕابردوو ئاراستەی شارەکانی دیمۆناو
عەراد کرابون، ئەمەش بوەتە هۆی دروستبونی دڵەڕاوکێی جیدی لەبارەی کارایی ئەو قەڵغانە
بەرگرییەی کە ملیۆنان دۆلاری تێدا خەرجکراوە.
ناچارییەک کە بوە هۆی کارەسات
سەرچاوە ئەمنییەکان بۆ دەربازبون لەو ڕەخنە
توندانەی ئاراستەیان دەکرێت، هۆکارەکەیان بۆ نەبونی موشەکی جۆری (ئارۆ ـ Arrow) گەڕاندەوەو دەڵێن،
"قەڵغانی داود لەبنەڕەتدا بۆ موشەکە بالیستییە قورسەکانی ئێران دروستنەکراوە،
بەڵکو بۆ موشەکەکانی حزبوڵڵاو حەماسە، بەڵام کەمبونەوەی موشەکە گرانبەهاکانی دیكهى
وەک (ئارۆ)، وایکردوە سوپای ئیسرائیل پەنا بۆ ئەم سیستەمە ببات".
سەری جەنگیی ئاڵۆز.. گرێکوێرەی بەرگریی ئیسرائیل
هەرچەندە ئیسرائیل هەوڵی نوێکردنەوەی خێرای ئەم
سیستەمەی داوە، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە قەڵغانی داود لەبەردەم سەرە
جەنگییە ئاڵۆزەکاندا دەستەوستانە، ئەم شکستە تەنها لەنەپێکانی ئامانجەکەدا نییە، بەڵکو
پارچەپارچەبونی موشەکەکانو کەوتنەخوارەوەی پاشماوەکانیان لەناو جەرگەی شارەکانی ئیسرائیلدا،
زیانی گیانیو مادی گەورەی لێکەوتوەتەوە.
جەنگێکی ئابوریی تاقەتپڕوکێن
جگە لەشکستی تەکنیکی، ئیسرائیل لەبەردەم جەنگێکی
ئابوریی سەختیشدایە؛ تێچوی هەر موشەکێکی قەڵغانی داود نزیکەی یەک ملیۆن دۆلارە، لەکاتێکدا
موشەکەکانی (ئارۆ) تێچوەکەیان دەگاتە سێ ملیۆن دۆلار، ئەمەش وایکردوە، ئیسرائیل لەنێوان
خەرجیی خەیاڵیو پاراستنی ئاسمانەکەیدا توشی بنبەست بێت.
ئەم دانپێدانانە نوێیەی تەلئەبیب، گوماندەخاتەسەر
توانای ڕاستەقینەی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لەخۆی لەئەگەری هەر هێرشێکی فراوانترو دەریدەخات
کە "گۆچانە سیحراوییەکە" تەنها ناوێکی بریقەداربوەو لەبەردەم بارانی موشەکە
بالیستییەکاندا، توانای پاراستنی قوڵایی ئیسرائیلی نییە.
