شارپرێس:
لەساتەوەختێکی مێژوییو هەستیاردا کە ناوچەکە بەرەو نەخشەیەکی نوێ هەنگاو دەنێت، پرۆژەی (کۆدەنگیی نیشتمانیی بۆ هەژاندنی ناوەندەکانی بڕیار لەجیهاندا) دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکردوە، دوای ئەوەی لایەنە سەرەکییەکانی وەک کەجەکە، حزبی زەحمەتکێشانو ڕەوتی هەڵوێست پشتیوانی خۆیان بۆ پڕۆژەکە دەربڕیی، ئێستا چونە پاڵی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) وەک چەترێکی گشتگیر، هاوکێشەکان دەگۆڕێت.
کەنەکە؛ پردی پەیوەندیی نێوان ناوخۆو دەرەوە
پەیوەستبونی کەنەکە تەنها زیادکردنی ناوێک نییە بۆ لیستەکە، بەڵکو بەواتای هێنانە ناوەوەی قورساییەکی دیپلۆماسیو سیاسییە کە پانتاییەکەی هەر چوار پارچەی کوردستانو ڕەوەندی کوردی لەئەوروپاو ئەمریکا دەگرێتەوە.
کەنەکە بەم هەڵوێستەی، پەیامێکی ڕونی بۆ ناوەندەکانی بڕیار لەواشنتۆنو پایتەختە ئەوروپییەکان ناردو دهڵێت، "کورد خاوەنی یەک گوتارو یەک ستراتیژی هاوبەشە".
هەژاندنی ناوەندەکانی بڕیار
ناونیشانی پڕۆژەکە (هەژاندنی ناوەندەکانی بڕیار) ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەوەی کە کورد چیتر نایەوێت چاوەڕێی ڕوداوەکان بکات، بەڵکو دەیەوێت خۆی ڕوداو دروستبکات، لەکاتێکدا زلهێزەکان سەرقاڵی دیاریکردنی چارەنوسی ناوچەکەن، ئەم کۆدەنگییە نیشتمانییە دەبێتە فشارێکی سیاسیی گەورە تا مافە ڕەواکانی گەلی کورد نەکەونە پەراوێزی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانەوە.
کاریگەری لەسەر ئاستی هەر چوار بهشى كوردستان
باکورو ڕۆژئاوا: بەهێزبونی پێگەی دیپلۆماسی بەرامبەر فشارە هەرێمییەکان.
باشورو ڕۆژهەڵات: دروستکردنی ئومێدێکی نوێ بۆ یەکخستنی ماڵی کوردو تێپەڕاندنی قەیرانە ناوخۆییەکان.
پەیام بۆ جیهان: نیشاندانی کورد وەک هێزێکی عەقڵانی، یەکگرتوو و کاریگەر کە دەتوانێت ببێتە کلیلی سەقامگیریی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەرەو کۆنفرانسی نیشتمانی
چاودێران پێیانوایە ئەم شەپۆلە لەپشتیوانی، زەمینەسازییەکی خێرایە بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانیی گشتگیر، ئەم کۆنفرانسە دەبێتە وەرچەرخانێک کە تێیدا یەک نەتەوە، یەک چارەنوس لەدروشمەوە دەبێتە بەرنامەیەکی کار بۆ هەموو هێزە سیاسییەکان.
چاودێرانى سیاسیى دهڵێن، "ئەمڕۆ کورد لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە؛ یان یەکڕیزییو سەپاندنی ئیرادە، یان پەرتەوازەییو بەفیڕۆدانی دەرفەتەکان، پەیوەستبونی کەنەکە، زەنگێکی بەهێزبوو کە نیشانیدا سەردەمی پەرتەوازەیی بەرەو کۆتایی دەچێت.
کەنەکە بەهۆی پێگە دیپلۆماسییەکەی لەئەوروپاو ئەمریکا، دەتوانێت ئەم پڕۆژەیە لە"بانگەوازێکی ناوخۆییەوە" بگۆڕێت بۆ "فشارێکی نێودەوڵەتی"، ههروهك لهبەیاننامەکەی کەنەکە جەختكراوهتهوه، "چارەنوسی کوردان لەهەموو بەشەکان بەیەکەوە بەستراوە"، ئەمەش وەڵامێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ ئەو مامەڵە جیاوازانەی کە زلهێزەکان لەگەڵ دۆسیەی کورددا دەیکەن.
پهیوهستبونى كهنهكهو کاریگەریی پڕۆژهى کۆدەنگیی نیشتمانیی
چاودێران جهختدهكهنهوه، ئەم کۆدەنگییە دەبێتە فشارێکی جەماوەرییو سیاسیی لەسەر ئەو حزبانەی هێشتا دودڵن، تا لەژێر چەتری گوتارێکی ستراتیژی هاوبەشدا کۆببنەوە، بهڵام کاتێک هێزە گەورەکانی وەک کەجەکە (لەباکورو ڕۆژئاوا)و لایەنە سیاسییەکانی باشورو ڕۆژهەڵات لەسەر ئەم پڕۆژەیە ڕێکدەکەون، پەیامێکی بەهێز بۆ تاران، ئەنكەرەو واشنتۆن دەنێرن کە "کورد چیتر وەک پارچەی دابڕاو مامەڵە ناکرێت".
ههروهك باس لهوهشدهكهن، پڕۆژەکە ئامانجیەتی ناوەندەکانی بڕیار (کۆنگرێس، پەرلەمانی ئەوروپا، نەتەوەیەکگرتوەکان) بهەژێنێت، پشتیوانی کەنەکە-ش کە ئەزموونی 27 ساڵەی لەم بوارەدا هەیە، وزەیەکی نوێ دەداتە ئەم فشارە دیپلۆماسییە.
چاودێران پێیانوایە، ئەم شەپۆلە نوێیەی پشتیوانیی، بەستەڵەکی پەرتەوازەیی دەشکێنێت، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە بگاتە قۆناغی (کۆنفرانسی نیشتمانی هاوبەش)، ئەوا کورد لە "یاریپێکراوەوە" دەبێتە "یاریزانێکی سەرەکی" لەو نەخشە نوێیەی کە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکێشرێت.
