شارپرێس:
لەکاتێکدا ناوچەکە بەدۆخێکی هەستیارو پڕ لەگۆڕانکاریی سیاسییو ئەمنیدا تێدەپەڕێت، پڕۆژەی (کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ هەژاندنی ناوەندەکانی بڕیار لەجیهاندا) دەبێتە چەقێکی نوێ بۆ یەکخستنی ماڵی کوردی، لەدوو ڕاگەیەندراوی جیاوازدا، هەریەکە لەکۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانو بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، پشتیوانیی بێمەرجی خۆیان بۆ ئەم دەستپێشخەرییە نیشتمانییە دەربڕیی.
کۆمەڵە: پاراستنی سەربەخۆیی پڕۆژەکە زامنی سەرکەوتنە
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لەپەیامێکی فەرمیدا وێڕای دەستخۆشی لەم هەنگاوە، دیدگایەکی ستراتیژیی بۆ سەرکەوتنی کەمپەینەکە خستەڕوو.
کۆمەڵە ئاماژەی بەوەکردوە، بەهۆی باری ئەمنیی تایبەتو بارودۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتو باشوری کوردستان، پێویستە ئەم کەمپەینە وەک دەنگێکی نیشتمانیو سەربەخۆ کارەکانی ئەنجامبدات، ئەمەش وەک تاکتیکێکی سیاسیی بۆ ئەوەی پڕۆژەکە لەهەر مەترسیو بەربەستێکی سیاسیی دوربخرێتەوەو بتوانێت بەئازادانە لەئاستی جیهانیدا دەنگدانەوە دروستبکات.
بزوتنەوەی دیموکراتی گەل: مێزی بەرژەوەندییە باڵاکان
لەلایەکی دیكهشهوه، بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، پڕۆژەکەی وەک پێویستییەکی هەنوکهیی قۆناغەکە وەسفکردوهو جەختیکردوهتهوه، "یەکخستنی گوتاری کوردو کۆبونەوە لەدەوری مێزی بەرژەوەندیی گەلی کورد، تەنها ڕێگەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەو مەترسییە جدییانەی کە لەم قۆناغە مێژوییەدا ڕوبەڕوی نەتەوەکەمان دەبنەوە".
هەروەها ئامادەیی تەواوی خۆی نیشانداوه، بۆ ڕاپەڕاندنی هەر ئەرکێک کە خزمەت بەو کۆدەنگییە بکات.
ڕەهەندە سیاسییەکانی ئەم پشتیوانییە
ئەم هاوهەڵوێستییەی لایەنەکان لەسەر ئاستی ههر چوار بهشى كوردستان، بهبڕواى چاودێرانى سیاسیى چەند پەیامێکی گرنگ لەخۆدەگرێت، پڕۆژەکە لەتەنها دەستپێشخەرییەکی مەدەنییەوە دەگۆڕێت بۆ بزوتنەوەیەکی خاوەن پشتێنەی سیاسیی نیشتمانی، نیشاندانی ئەوەی کە کورد سەرەڕای جیاوازییە سیاسییەکان، لەسەر پرسی نەتەوەییو گەیاندنی دەنگی خۆی بەناوەندە بڕیاردەرەکان، خاوەن یەک گوتارە، لایەنەکان هاوڕان لەسەرئەوەی پڕۆژەکە سیمایەکی نیشتمانیی گشتگیر (نەک حزبی) هەبێت، تاوەکو لەناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا بەربەستی بۆ دروستنەکرێت.
ئەم پشتیوانییانە ڕێگە بۆ کەمپەینی (کۆدەنگیی نیشتمانی) خۆشدەکەن تا لەهەنگاوی داهاتودا، یاداشتو داواکارییەکانی گەلی کورد بەهێزێکی زیاترەوە ئاراستەی نەتەوەیەکگرتوەکانو وڵاتانی بڕیار بەدەستبکات.
ئهمه لهكاتێكدایه، پێشتر كۆنسهى بهڕێوهبهرى كهجهكهو دواتریش حزبى زهحمهتكێشانى كوردستانو ڕهوتى ههڵوێستى نیشتمانىو كۆنگرهى نهتهوهیى كوردستان (كهنهكه) پهیوهستبونى خۆیان بهپڕۆژهكهوه ڕاگهیاندبوو، ئهمڕۆش كۆمهڵهى شۆڕشگێڕى زهحمهتكێشانى كوردستانى ئێرانو بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان بهههمانشێوه جگه لهپتشیوانى، پهیوهستبونى خۆیان بهو پڕۆژه نیشتمانییهوه ڕاگهیاند.
