جوگرافیای جەنگ لەگەڵ ئێران بۆچی تەکنەلۆژیا بە تەنیایی ناتوانێت جەنگەکە یەکلا بکات؟

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 119 جار خوێندراوه‌ته‌وه


ئەم نوسینە لە پەیوەندی نێوان جوگرافیا و تەکنەلۆجیا لە دیاریکردنی دەرئەنجامی جەنگ لەگەڵ ئێراندا دەکۆڵێتەوە و لەو بنەمایەوە دەست پێدەکات کە باڵادەستی تەکنەلۆژی - سەرەڕای گرنگییەکەی - بەس نییە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی ستراتیژی. نوسینەکە بە کەڵک وەرگرتن لە شیکاریی جیۆپۆلەتیکی، ئەوە نیشان دەدات کە هۆکارە پێکهاتەییەکانی پەیوەست بە جوگرافیای ئێران، لەوانەش قووڵایی جوگرافیای، زەوییە شاخاویی و گەرووە دەریاییەکانی وەک گەرووی هورمز، سنووردارکردنی بەرچاو بەسەر کاریگەریی هێزی ئاسمانی و تەکنەلۆژیادا دەسەپێنن. 

پێشەکى
شەڕە مۆدێرنەکان لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای سەربازی گۆڕانکاری قووڵی بەخۆیەوە بینیوە، لە فڕۆکەی تارماییەوە بۆ زیرەکی دەستکرد و لێدانی ورد. ئەم ئامرازانە ئەو باوەڕەیان بەهێزتر کردووە کە دەتوانرێت ناکۆکییەکان لە ڕێگەی باڵادەستی تەکنەلۆژیاوە بە خێرایی چارەسەر بکرێن. بەڵام جەنگ لەگەڵ ئێران وەک نموونەیەکی سەرەکی سنوورداربوونی ئەم گریمانەیە دەردەخات. پرسیارى سەرەکى لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی باڵادەستی تەکنەلۆژی گەرەنتی سەرکەوتنی یەکلاکەرەوە لە شەڕی ئێراندا ناکات؟ لەوەڵامدا دەکرێت بوترێت کە جوگرافیا ئەو هۆکارە یەکلاکەرەوەیە کە هاوسەنگی هێز پێناسە دەکاتەوە، شەڕ لە ڕووبەڕووبوونەوەی خێراوە دەگۆڕێت بۆ ململانێیەکی درێژخایەن و فرەڕەهەند.

چوارچێوەی تیۆری – جوگرافیا وەک فاکتەری یەکلاکەرەوە لە شەڕدا
جوگرافیا بەرامبەر بە تەکنەلۆژیا: بەپێی تیۆرییە جیۆپۆلەتیکییە کلاسیکییەکان، وەک تیۆرییەکانی هالفۆرد ماکیندەر، کۆنترۆڵکردنی خاک و سەرچاوە و شوێنی جوگرافی وەک فاکتەری یەکلاکەرەوە لە دەسەڵاتی نێودەوڵەتیدا دیاریدەکرێت، هەروەها کارل ڤۆن کلۆزڤیتز ئاماژەی بەوەداوە، شەڕ تەنیا گرێدراوى تەکنەلۆژیا نییە، بەڵکو درێژکراوەی سیاسەتە لە چوارچێوەی بارودۆخی ماددی و جوگرافیای تایبەتدا.
چەمکی قوڵایی ستراتیژی: قووڵایی ستراتیژی ئاماژەیە بۆ توانای دەوڵەتێک بۆ هەڵمژینی هێرشەکان و پاراستنی تواناکانی شەڕکردن. لە دۆخی ئێراندا ئەم چەمکە لە بوونى ناوچەیەکی جوگرافیای بەرفراوان و دابەشبوونى نا ناوەندى ژێرخانی سەربازى و ئابوورى خۆیدەبینێتەوە.
سەروەریی ئاسمانی بە مانای سەرکەوتن نییە
داتاکان دەریدەخەن کە واشنگتن و تەلئەبیب تواناگەلێکى زۆر بەهێزیان هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسمانى ئێران، کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و گەیشتن بە ناوەڕاستی خاکی ئێران. بەڵام ئەم سەروەرییە، هەرچەندە گرنگە، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ناگات بە سەرکەوتنی خێرا. ئەزموونی مێژوویی دەڵێت: تەنها هێرشە ئاسمانییەکان بە تەنیایی ناتوانن ڕژێمێک بسڕنەوە یان جەنگێک یەکلا بکەنەوە، بە تایبەتی لە وڵاتێک وەک ئێران کە قووڵایی جیوگرافی و سیستمی بەرگریی ئاڵۆزی هەیە.
لە ناوخۆی ئێراندا زنجیرە شاخەکانى وەک زاگرۆس و ئەلبورز هەن کە دەبنە بە قەڵایەکی سروشتی بەرگری. ئەم جوگرافیایە جوڵەی هێزە سەربازییەکان سنووردار دەکات، هێرشە زمینییەکان ئاڵۆز دەکات و هێڵەکانی دابینکردن (Logistics) ناهێڵێت. لە مێژوودا، زۆر سوپا تووشی کێشە بوون لە تێپەڕبوون لەم ناوچەیەدا، وەک سەربازە ڕۆمانییەکان و سوپای عێراق لەکاتى جەنگى هەشت ساڵەدا لەگەڵ ئێران. ئەمڕۆش هەمان جیوگرافیا بەهێزترین ئامرازەکانی بەرگریی ئێرانە.
ڕۆژهەڵاتی ئێران… مەیدانێکی قورس بۆ هێرش
هەرچەندە فڕۆکەکان دەتوانن هێرش بکەن، بەڵام کاراییان لە هەموو شوێنێک یەکسان نییە. لە ڕۆژئاوا هێرشەکان خێراتر و زۆرترن، لە ڕۆژهەڵات ئاڵۆزتر و قورسترن و هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ دووریی مەودا، پێویستی بە دابینکردنى سووتەمەنی ئاسمانی  و جیوگرافیای سەخت، ئەمە واتە ئێران دەتوانێت هەندێک ناوچە بۆ شاردنەوە و گواستنەوەی توانا سەربازییەکانی بەکاربهێنێت کە هەندێک جار لە ڕێگەى مانگە دەستکردەکانیشەوە ناتوانرێت ئاشکرا بکرێت. شەڕەکانى عێراق و ئەفغانستانیش باشترین نمونەن لەسەر ئەوەى کە بۆردوومانى ئاسمانى بە تەنها ناتوانن ڕژێم بگۆڕن. ئەگەر جوگرافیای خاکی بەرگری دروست بکات، جوگرافیای دەریایی دەبێتە سەرچاوەی هێز.
گەرووى هورموز یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی وزە لە جیهاندا ، نزیکەی 20٪ی نەوتی جیهان لێی تێدەپەڕێت و ڕێگایەکی دەریایی زۆر باریکە. ئێران بۆ دروستکردنى کاریگەری پێویستی بەکۆنترۆڵی تەواو نییە، تەنها دروستکردنی مەترسی و زیادکردنی نادڵنیایی بەکاردهێنێت لەڕێگەى هەڵدانى مووشەک لە کەناراوەکان، فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوان، بۆسەى دەریایی و بەلەمە خێراکان ئەمەش فشاری ئابووری لەسەر جیهان دروست دەکات.
کاریگەرییەکە تەنها لە کەنداوی فارسدا بوونى نییە، بەڵکو دەگات بە گەرووى بابولمەندەب. لەم گەرووەدا 10-12% ی بازرگانی جیهان ئەنجام دەدرێت و  لەم گەرووە باریکەدا هێرشی حوسییەکان لە یەمەنەوە، کە هاوپەیمانی ئێرانە، مەترسییەکەى زیاتر کردووە. ئەگەر ئەم ڕێگایە بگیرێت، کات و مەودای گەشتەکان زیاد دەبێت، تێچووی گواستنەوە بەرز دەبێتەوە و  زنجیرەی دابینکردن تێکدەچێت.  

جەنگێک بێ یەکلاکەرەوەی خێرا
هەموو جوگرافیای جەنگ لەگەڵ ئێران
بۆچی تەکنەلۆژیا بە تەنیایی ناتوانێت جەنگەکە یەکلا بکات؟ فاکتەرانە ئاماژەن بەوەی کە جەنگەکە بەرەو حاڵەتێک دەچێت نە سەرکەوتنی خێرا تیایدا بەدەست دێت و نە شکستی تەواوەتى.

جیوگرافیا… ئەکتەری نادیار
لە کۆتاییدا، ئەم جەنگە ڕاستییەکی کۆن دووبارە دەکاتەوە: تەکنەلۆژیا دیاری دەکات جەنگ چۆن دەکرێت، بەڵام جیوگرافیا دیاری دەکات چۆن کۆتایی دێت بەو پێیەى کە شاخەکان ناتوانرێن لاببرێن و گەرووەکانیش ناگوازرێنەوە. لە نێوان ئەم دوو فاکتەرەدا، هێزە گەورەکان تووشی کێشەیەکی سەرەکی دەبن: سەروەریی سەربازی، بەڵام بێ سەرکەوتنی ستراتیژی.