له‌كۆنگرێس هه‌رایه‌.. کۆمارییەکانیش دژى جوڵه‌كانى تره‌مپ هاتنه‌ده‌نگ

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1784 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا واشنتۆن چاوەڕێی هەنگاوەکانی داهاتوی ئۆپەراسیۆنی (توڕەیی داستانی) دەکات، شەپۆلێکی ناڕەزایەتی لەناو ماڵی کۆمارییەکاندا سەریهەڵداوە، ئەمجارە کێشەکە تەنها لەگەڵ دیموکراتەکان نییە، بەڵکو هاوپەیمانە نزیکەکانی دۆناڵد ترەمپ لەناو کۆنگرێس، هۆشداری توند دەدەن‌و ده‌ڵێن، "پشکنینی بێ مەرج بۆ شەڕێکی نوێ بونی نییە".


مایک ڕۆجەرز، سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکان، پەردەی لەسەر بێزارییەکی قووڵ لادا، ئەو دەڵێت پنتاگۆن تەنها زانیاری شکڵی دەدات‌و وردەکارییە ڕاستەقینەکانی پلانە سەربازییەکانی شاردوەتەوە، ئەمه‌ش وایکردوە تەنانەت توندڕەوترین بەرگریکارانی هێرشەکەش، ئێستا بەگومانەوە سەیری جوڵەی هێزەکانیان بکەن.

لێدوانەکانی نانسی مەیس گوزارشت لەترسێکی گەورە دەکەن، ئه‌ویش تێوەگلان لەجەنگێکی زەمینی بێ کۆتایی، مەیس بەڕاشکاوی دەڵێت، "ترەمپ دەتوانێت ئێستا سەرکەوتن ڕابگەیەنێت، پێویست بەناردنی سەرباز ناکات".

هۆشداریدانی مه‌یس لەبارەی تێکچونی هاوسەنگییە مرۆییەکان (وەک پرسی ئاو لەناوچەکەدا)و دەستێوەردانی ڕوسیاو چین، ئاڕاستەی گفتوگۆکانی لەسزادانی ئێرانەوە گۆڕیوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەجەنگێکی جیهانیی.

لەپشت پەردەی سەربازییەوە، شەڕێکی دارایی هەیە، داواکردنی 200 ملیار دۆلاری زیادە لەلایەن پنتاگۆنەوە، کۆمارییەکانی هێناوەتە دەنگ، برایان فیتزپاتریک جەختدەکاتەوە، واژۆی سپی بۆ هیچ بڕە پارەیەک ناکەن‌و دەبێت وردەکاریی هەر دۆلارێک بزانن کە بۆ ئەم شەڕە خەرجدەکرێت.

ئایا ئۆپەراسیۆنی (توڕەیی داستان) تەنها تەکتیکێکی فشارە بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆسەر مێزی گفتوگۆ، وەک ئەوەی رایان ماکنزی هیوای بۆ دەخوازێت؟ یان کۆشکی سپی بەرەو ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی دەچێت کە ڕەنگە پێش دوژمنەکانی، پشتگیریی هاوپەیمانە سیاسییەکانی لەدەستبدات؟ ڕۆژانی داهاتوو دەیسەلمێنن کە ئایا هێزی قایلکردنی ترەمپ دەتوانێت بەسەر ترسی کۆنگرێس لەشەڕێکی بێ کۆتاییدا سەربکەوێت یان نا.

بەپەلە