زەنگی برسێتی لێدرا.. جیهان تەنها سێ مانگی لەبەردەمدایه‌

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2108 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کاتژمێری ژماردنی پێچەوانە بۆ برسێتییەکی جیهانی دەستیپێکرد، کاتێک شادەماری نەوتی جیهان لەگەروی هورمز دەگیرێت، تەنها کارگەکانی ئۆتۆمبێل ناوەستن، بەڵکو زەنگی مەترسی بۆ نانی سەر مێزی خێزانەکان لێدەدرێت، ڕێکخراوی فاو (FAO) هۆشدارییەکی توند دەدات‌و ده‌ڵێت، "جیهان تەنها 90 ڕۆژی لەبەردەمە پێشئەوەی پەککەوتنی گەیاندنی پەینی کشتوکاڵی‌و وزە، ببیێتە هۆی داڕمانی کۆڵەکەکانی ئاسایشی خۆراک‌و گرانبونی بێوێنەی گەنم‌و برنج لەبازاڕەکاندا".


ئیتر مەترسییەکان تەنها گرانبونی سوتەمەنی نین؛ ڕێکخراوی فاو (FAO) هۆشدارییەکی توند دەدات، ڕایده‌گه‌یه‌نێت، پەککەوتنی گەروی هورمز کارەساتێکی خۆراکییە کە ڕەنگە جیهان بەرەو قەیرانێکی بێوێنە ببات، ئەم گەروە تەنها بۆرییەکی نەوت نییە، بەڵکو دەمارێکی سەرەکییە بۆ بەردەوامیی کشتوکاڵ لەسەرتاسەری زەویدا.

بۆچی ئەمە کارەساتە؟ (خاڵە کاریگەرەکان):
پەککەوتنی 30٪ی پەین (کیمیاوی): کاتێک باس لەگەروی هورمز دەکرێت، هەموان بیریان لای نەوتە، بەڵام فاو دەڵێت، 30٪ی پەینی کشتوکاڵی جیهان‌و نیوەی گۆگردی جیهان (کە بۆ بەرهەمهێنانی گەنم‌و برنج پێویستە) لەم ناوچەیەوە دەچێتە دەرەوە، بەبێ ئەم مادانە، زەوییە کشتوکاڵییەکان لەئەمریکاوە تائاسیا تینوی گەشە دەبن.

داڕمانی 90٪ی جوڵەی کەشتییەکان: تەنها لەچەند ڕۆژێکی کەمدا، جوڵەی كه‌شتیه‌كان بەڕێژەی 90٪ کەمیکردوە، ئەمەش واتە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت لەڕۆژێکدا قەتیس ماوە، کە ئەمەش نرخەکان بەشێوەیەکی به‌رچاو دەهەژێنێت.

سێ مانگ؛ هێڵی سور: ماکسیمۆ تۆرێرۆ ئابوریناسی فاو، هۆشداریدەدات کە جیهان تەنها دەتوانێت 1 بۆ 3 مانگ بەرگەی ئەم دۆخە بگرێت، ئەگەر قەیرانەکە لە سێ مانگ تێپەڕی، نرخەکان 15 بۆ 20٪ بەرزدەبنەوەو جوتیاران ناتوانن گەنم‌و برنج بچێنن.

کاریگەرییە درێژخایەنەکان
گرانیی نەوت تەنها بۆ ئۆتۆمبێل نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوەی وڵاتان گەنم‌و گەنمەشامییەکەیان لەبری خواردن، بۆ بەرهەمهێنانی سوتەمەنی بایۆلۆژیی بەکاربهێنن، ئەمەش واتە ململانێ لەنێوان تێرکردنی ئۆتۆمبێلەکان‌و تێرکردنی مرۆڤەکان.

گەروی هورمز ئیتر تەنها کێشەی سیاسیی‌و سەربازیی نییە، بەڵکو کێشەی هەموو ئەو خێزانانەیە کە لەماڵەکانیاندا چاوەڕێی نان‌و برنجن، جیهان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ یان پاراستنی ئەم شادەمارە، یان ڕوبەڕوبونەوەی شەپۆلێکی توندی برسێتی‌و گرانیی.

بەپەلە