زەریایەکی شاراوە لەژێر پێماندا؛ دۆزینەوەی گەورەترین کۆگای ئاو لەمێژودا

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3775 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زانایان لەدۆزینەوەیەکی بێوێنەدا توانییان پەردە لەسەر کۆگایەکی ئێجگار گەورەی ئاو لابدەن کە لەقوڵایی 700 کیلۆمەتری ناخی زەویدا شاراوەتەوە، ئەم دۆزینەوەیە نەک هەر تێڕوانینی ئێمە بۆ پێکهاتەی هەسارەکەمان دەگۆڕێت، بەڵکو وەڵامی ئەو پرسیارە مێژوییەش دەداتەوە کە "ئاو لەکوێوە هاتوە؟".


شوێنی دۆزینەوەکە لەکوێیە؟
ئەم لێکۆڵینەوە زانستییە کە لەلایەن پڕۆفیسۆر ستیڤن جاکۆبسن‌و تیمەکەی ئەنجامدراوە، بۆ یەکەمجار بەڵگەی تەواوی لەسەر بونی ئەم ئاوە لەژێر کیشوەری ئەمریکای باکور دۆزیوەتەوە، زانایان بەبەکارهێنانی زیاتر لەدوو هه‌زار ئامێری پێوانەی بومەلەرزە لەسەرتاسەری ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکادا، چاودێری شەپۆلەکانی ناخی زەوییان کردوە.

بەڵگەیەکی دیكه‌ى گرنگ لەوڵاتی بەڕازیل دەستکەوتوە؛ کاتێک پارچە ئەڵماسێکی دەگمەن لەقوڵاییەکی زۆرەوە بەهۆی گڕکانێکەوە هاتبوەسەر ڕوی زەوی، پارچەیەکی بچوک لەبەردی "ڕینگودایت"ی تێدابوە کە ئاوی تێدا هەڵگیرابوو، ئەمەش سەلماندی کە ئەم کۆگا گەورەیە تەنها بیردۆز نییە، بەڵکو ڕاستییەکی زانستییە.

چەند ڕاستییەکی سەرسوڕهێنەر دەربارەی ئەو کۆگایە
قەبارەی ئاوەکە: بڕی ئەم ئاوە سێ هێندەی هەموو ئەو ئاوانەیە کە لەزەریاکانی سەر ڕوی زەویدا دەبینرێن.
شێوەی ئاوەکە: ئەم ئاوە بەشێوەی شل یان دەریا نییە، بەڵکو لەناو پێکهاتەی کریستاڵیی بەردێکی شین بەناوی ڕینگودایت (Ringwoodite) وەک ئیسفەنج هەڵگیراوە.
پارێزەری وشکانی: ستیڤن جاکۆبسن دەڵێت، ئەگەر ئەو ئاوە لەو قوڵاییەدا نەبوایەو بهاتایەتەسەر ڕوی زەوی، ئێستا هەموو جیهان ژێرئاو دەکەوت‌و تەنها لوتکەی چیا بەرزەکان دەمانەوە.

ئەم دۆزینەوەیە دەیسەلمێنێت کە ئاوی زەوی لەدەرەوەی هەسارەکە (وەک ئەستێرە کلکدارەکان) نەهاتوە، بەڵکو لەکاتی دروستبونی زەوییەوە لەناخیدا هەبوەو وردە وردە هاتوەتەسەر ڕوو، ئێستا زانایان بەردەوامن لەتوێژینەوە بۆ ئەوەی بزانن ئایا ئەم "زەریایە" لەژێر هەموو کیشوەرەکانی دیكه‌شدا هەیە یان تەنها لەناوچە دیاریکراوەکاندایە.

بەپەلە