دۆزینەوەی‌ بازاڕی‌ نوێ‌.. وەبەرهێنەرانی‌ كوردستان روو لەبازاڕەكانی‌ عێراق دەكەن

کوردستان

18/01/2018‌ 987 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
كێشە كەڵەكەبووەكانی‌ كوردستان بەدەیان وەبەرهێنی‌ پاڵناوە دەست لەكاروكەسابەتیان لەكوردستان هەڵبگرن‌و سەرمایەكەیان لەناوەڕاست‌و خوارووی‌ عێراق بخەنە گەڕ.

سێ‌ ساڵ قەیرانی‌ دارایی‌‌و شەڕو كێشە ناوخۆیی‌‌و دەرەكییەكان گورزی‌ ئێجگار گەورەیان لەبازاڕی‌ كوردستان وەشاندووە، كارەكە بەوەوە نەوەستاوە سەرمایەگوزارە بیانییەكان لەبازاڕەكانی‌ كوردستان پاشەكشە بكەن، بەڵكو خودی‌ سەرمایەدارانی‌ كوردیش ئێستا زۆریان بازاڕەكانی‌ كوردستان بەژینگەیەكی‌ گونجاو نازانن بۆ كاركردن.

عومەر ئیسماعیل وەبەرهێنەرێكی‌ دانیشتووی‌ پارێزگای‌ سلێمانییە، ئێستا بەشی‌ هەرە زۆری‌ چالاكییە بازرگانییەكانی‌ لەشارەكەی‌ خۆی‌ گواستووەتەوە بۆ شارەكانی‌ دیكەی‌ عێراق، چونكە پێی‌ وایە ئەگەر دەروازەیەك هەبێت بۆ برەودان بەكارەكانی‌، ئەوا تەنیا شارەكانی‌ عێراقە نەك كوردستان.

كێشەی‌ عومەرو وەبەرهێنەكانی‌ دیكە ئەوەیە بەهۆی‌ قەیرانی‌ دارایی‌‌و سیاسییەوە حكومەتی‌ هەرێم وەك جاران پاڵپشتییان ناكات، ئەمەش زیانی‌ بەكارەكانی‌ ئەوان گەیاندووە.

عومەر بە"نیقاش"ی‌ وت "گەورەترین كێشەمان ئەوەیە حكومەت بەرهەمی‌ ناوخۆ ناپارێزێت، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ كارئاسانیەك ناكات بۆ وەبەرهێن لەڕووی‌ پێدانی‌ كارەباو سوتەمەنیەوە، هەروەها رسومات زۆر بووە بەراورد بەساڵانی‌ رابردوو ئەمەش دەرفەتی‌ بۆ وەبەرهێنەران نەهێشتوەتەوە كە كاری‌ وەبەر هێنان بكەین".

ئەو وەبەرهێنە لەگەڵ چەند هاوبەشێكیدا نزیكەی‌ دووساڵە سەرقاڵی‌ دروستكردنی‌ وێستگەیەكی‌ كارەبایە لەبەغداد، لەپارێزگای‌ نەجەفیش پرۆژەی‌ كارگەیكی‌ چیمەنتۆیان دروستكردووە، بەڵام بەهۆی‌ شەڕی‌ داعشەوە كارەكانیان لەوێش هێواش بووەتەوە.

لەساڵی‌ 2014ەوە قەیرانی‌ سیاسی‌ نێوان هەولێرو بەغدا بووە هۆی‌ بڕانی‌ بودجەی‌ هەرێمی‌ كوردستان، ئەمەش گەورەترین گورزبوو لەئابوری‌ هەرێم كە چەند ساڵێك بوو برەوی‌ بەرچاوی‌ بەخۆوە دیبوو، ئیتر وردە وردە زۆربەی‌ پرۆژەكانی‌ وەربەهێنان وەستان‌و ئەوانەشی‌ تەواوكرابوون ئەوەندە چالاكییان كەمبووەوە كە بەشێكیان بەتەواوی‌ داخران.

بەپێی‌ یاسای‌ وەبەر هێنان لەهەرێمی‌ كوردستان حكومەت هاوكاری‌ وەبەرهێنەران دەكات لەرووی‌ پێدانی‌ سوتەمەنی‌و پێدانی‌ كارەبا، هەروەها دوای‌ تێپەڕبونی‌ 10 ساڵ بەسەر تەواوبونی‌ پرۆژەكەدا ئینجا باج دەخرێتە سەریان.

ئەحمەد عەلی‌ وەبەرهێنێكی‌ دانیشتووی‌ پارێزگای‌ هەولێرە‌و چەند ساڵێكە خەریكی‌ دروستكردنی‌ پرۆژەیەكی‌ وەبەرهێنانە لەپارێزگای‌ كەركوك كە پێكدێت لەمۆڵێك‌و بازاڕێك‌و بڕی‌ 50 ملیۆن دۆلاری‌ تەرخان كردووە، هەروەها پرۆژەیەكی‌ نیشتەجێبونی‌ لەپارێزگای‌ زیقار وەرگرتووە، بەڵام هێشتا كاركردنی‌ لەپرۆژەكەدا دەست پێنەكردووە.

ئەحمەد بە"نیقاش"ی‌ وت "هۆكارەكەی‌ ئاشكرایە بازاڕی‌ هەرێمی‌ كوردستان بازارێكی‌ ساردەو قەیرانێكی‌ ئابوری‌ هەیە، سەرمایەداریش بەدوای‌ دەرفەتی‌ كاردا دەگەڕێت لەهەركوێ ئەو دەرفەتەی‌ دەستكەوێت لەو شوێنە سەرمایەكەی‌ دەخاتە خزمەتی‌ وەبەرهێنانەوە، بۆ ئێمە ئێستا ناوەڕاست‌و خوارووی‌ عێراق باشترین بازاڕە".

وتیشی‌ "وەبەر هێنەرانی‌ كورد سودیان لەو دەرفەتە وەرگرتووە كە لەپارێزگاكانی‌ عێراق دروست بووە كارێكی‌ باشیشە لەبەرئەوەی‌ وەبەرهێنەری‌ كورد لە هەركوێ وەبەرهێنان بكات لەكۆتایدا قازانجەكەی‌ دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی‌ كوردستان".

ئەو دوو وەبەرهێنەرە ساڵانی‌ رابردوو لەهەرێمی‌ كوردستان چەندین پرۆژەی‌ وەبەرهێنانیان ئەنجامداوە لەكەرتی‌ كارەباو كارگەی‌ چیمەنتۆو كارگەی‌ ئاسن‌و شیش‌و یەكەی‌ نیشتەجێبوون‌و هۆتێل، بەڵام بەوتەی‌ خۆیان بازاڕیان نییەو بەشێكی‌ تر لەپرۆژەكانیان ئەوانەن كە بەشێكیان تەواو كردووەو بەهۆی‌ نەمانی‌ بازاڕەوە وەستاندویانە.

هەرێمی‌ كوردستان خاوەنی‌ نزیكەی‌ هەزار وەبەرهێنەرە لەو ژمارەیە 100 كەسیان وەبەرهێنەری‌ بەتوانان، لەوانەش 20%یان لەپارێزگاكانی‌ ناوەڕاست‌و خوارووی‌ عێراق‌و بەشێكی‌ كەمیان لەدەرەوەی‌ عێراق وەبەرهێنان دەكەن.

یاسین مەحمود وتەبێژی‌ یەكێتی‌ وەبەرهێنەرانی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "لەماوەی‌ ساڵانی‌ رابردوودا توشی‌ قەیرانی‌ دارایی‌‌و خاوبوونەوەو پاشەكشەی‌ گەورەی‌ وەبەرهێنان بوین، بەهۆی‌ ئەوەی‌ خواست لەسەر پرۆژەكانی‌ وەبەرهێنان نەماوەو هەندێك لەپرۆژەكان سوودیان لەدەستداوە، بۆیە لەسەدا بیستیان بازاڕی‌ هەرێمی‌ كوردستانیان جێهێشتووە".

دەشڵێت "هۆكاری‌ چونی‌ وەبەرهێنان بۆ دەرەوەی‌ هەرێم‌و بۆ پارێزگاكانی‌ خوارووی‌ عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئاستەنگانەی‌ حكومەتی‌ هەرێم بۆ كەرتی‌ وەبەرهێنان دروستی‌ كردوون، چونكە حكومەت بۆ چارەسەركردنی‌ قەیرانی‌ دارایی‌ هەندێك رێنمایی‌ دەركردووە كە پێچەوانەی‌ یاسای‌ وەبەرهێنانە، بەپێی‌ یاسای‌ وەبەهێنان دەبێت كارەبای‌ بەردەوام بەنرخی‌ هاندان بدرێت‌و نابێت باج لەوەبەرهێنان وەربگیردرێت تاماوەی‌ 10 ساڵ، بەڵام حكومەت پێچەوانەی‌ یاساو رێنماییەكان كاردەكات".

بەپێی‌ ئامارەكانی‌ یەكێتی‌ وەبەرهێنەرانی‌ كوردستان كە یاسین مەحمود باسیدەكات وەبەرهێنەرانی‌ هەرێم زیاتر لەدووملیار دۆلار سەرمایەیان لەپارێزگاكانی‌ عێراق خستووەتە گەڕو دەشڵێت "ئەگەر ئەو سەرمایەیە لەهەرێمی‌ كوردستان كاری‌ وەبەرهێنانی‌ پێبكرایە هەلی‌ كاری‌ بۆ زیاتر لە80 هەزار هاوڵاتی‌ دەستەبەر دەكرد".

راستە ژمارەیەكی‌ بەرچاوی‌ وەبەرهێنەران بازاڕەكانی‌ كوردستانیان جێهێشتووەو تیاشیاندایە بەتەواوی‌ مایەپووچ بووە، بەڵام هێشتا ژمارەیەكی‌ زۆر وەبەرهێنان لەكوردستان هەن كە شەڕی‌ ئەو بارودۆخە سەختە دەكەن‌و پێیان وایە رۆژێك دێت دەروویەك لەو بارودۆخە چەقبەستووە بكرێتەوەو ئەوانیش بازاڕەكەیان ببوژێتەوە.