کوردستانی خەیاڵی لەکاریکاتێری عەلمانی بۆ بڵندگۆی مزگەوتەکان

ڕاپۆرت

21/01/2018‌ 1996 جار خوێندراوه‌ته‌وه

کوردستانی خەیاڵی لەکاریکاتێری عەلمانی بۆ بڵندگۆی مزگەوتەکان
ستران عەبدوڵلا
شۆڕشی ئاگری (1927-1930) بە سەرۆكایەتیی جەنەراڵ ئیحسان نوری پاشا لە بڵندی چیا بەرزەكانی ئاراراتدا چەند ساڵ بە خۆراگری مایەوە، دلێرانە مقاوەمەتی كرد، حكومەتی كاتی جەنگی هەبوو، سروودیان بەناوی (هەڵبـێ ئاگری) هەبوو. ئەتاتورك‌و سوپاكەی دەرەقەتی ئەو جەنەراڵە قارەمانەی كورد نەهاتن، كەین‌وبەینیان لەگەڵ ئێران‌و یەكێتیی سۆڤیەت كرد تا بەناو خاكی ئەرمینیای سۆڤێتدا، لە پشتەوەڕا و بە یارمەتی حكومەتی ئاریا میهر (حەمەڕەزا شای باوك)
خەنجەری غەدریان لە پشتی كوردە بە حیساب ئارییەكان وەشاند. شۆڕشی كوردستان توایەوە، گوایە كوردە دواكەوتووەكان (توركە شاخاوییەكان لە دژی حكومەتی عەلمانییەكەی ئەتاتورك رابوونەتەوەو لێناگەڕێن تەمەدون بگاتە چیاكان. رۆژنامەكانی پایتەخت، كە هەمیشە بەشێك بوون لە سیاسەتی رەسمیی دەوڵەت، چ ئەوكاتەی بە حەرفی عەرەبی‌و بە زمانی توركی جنێویان بە شۆڕشی شێخ سەعید (1925) دەدا، چ دواتر كە بەحەرفی لاتینی‌و بە زمانی توركی سوكایەتییان بە سەربازەكانی حكومەتی ئارارات‌و جەنەراڵ ئیحسان نوری پاشا دەكرد، ئەمجارەش كەوتنە سوكایەتی كردن بە كورد.
هونەری تەنزو كاریكاتێر تازە لە رۆژنامەگەریی توركیا بڵاودەبۆوە. گوایە ئەوانیش تەنزو شۆخی دەزانن، كاریكاتێری شۆڤێنییان لەسەر كورد دەكرد. لە یەكێكیاندا نووسیویانە (ئێرە گۆڕی كوردستانی خەیاڵییە) ئەمە لە رۆژنامەی میللیەت لە 19ی ئەیلولی 1930- بڵاو بۆتەوە
سیاسەتی رەسمی دەوڵەتی مۆدێرنی ئەتاتورك دەیگوت دەوڵەتی كوردستان لە ئەفریقاش دابمەزرێ، دژی دەبین.
زەمان وەرگەڕا، كوردەكانی باكوور بوونە مۆدێرن‌و عەلمانی، توركەكانی ئەتاتورك گەڕانەوە سەر دینی عوسمانلی‌و ئێستا بەناوی ئاینەوە دەخوازن كورد لە عەفرین، نەك لە ئەفریقا، قەڵاچۆبكەن.
ئەوقافی توركیا فەتوای داوە كە له نەوەت مزگەوتی وڵاتدا تەكبیرو هەلهەلە لێدەن. دوعا بۆ سوپای (موسوڵمانی ئەردۆگان)بكەن تا سەرکەوێت.
جا بۆ زانیاری خوێنەران ، چۆن لە عێراق بەسەربازی عیراقی دەگوترا ئەبو خەلیل و ئەبو جاسم ، لە تورکیا وەک نەریتێکی عوسمانی بەسەربازی تورک ، ئەوی ئەتاتورک و ئەوی ئەردۆغان،  گوتراوە و دەگوترێ موحەمەدی . واتا سوپاکە ھی پێغەمبەری موسڵمانانە وھەر ئەندامێکی موحەمەدێکە بۆ خۆی.
ئەم دوعاو تەكبیرەش وەك بەسەرهاتەكانی (ئارارات)‌و كاریكاتێری رۆژنامەكانی توركیا رەگی لە قوڵایی مێژوودا هەیە. نزیكەی هەزار ساڵ پێش ئێستا،  رێك لە ساڵی 1071 دا سوپای سەلجوقی بە سەرۆكایەتیی شا ئەڵپ ئەرسلان روبەڕوی بێزەنتییەكان بۆوە. شەڕەكە لە جوگرافیای مەلازگرد (مەلاز كورد) لە باكووری كوردستان قەوما. سوپای سەلجوقی تەنھا 4000 هەزار چەكداری هەبوو. لە هەموو مزگەوتەكانی وڵاتی ئیسلامدا لە ئەسفەهان تا بەغدا دوعا بۆ سوڵتان كرا كە بەسەر گاورەكاندا سەركەوتووبێت. بەڵام لە راستیدا ئەوی بووەمایەی سەركەوتنی سوڵتان سەلجوقی بەهاناوەچوونی 8000 هەزار سەربازی سوپای دەوڵەتی مەروانی بوو. دەوڵەتە گەنجەكەی كورد لە رۆژهەڵاتی ئیسلامیدا .
لە دواییدا ئیمپراتۆری سەلجوقی دەوڵەتە مەروانییەكەی كوردی قووتدا. هیچ مزگەوتێكی ئەوساو هی ئێستاش دوعای خێریان بۆ مەروانییەكان نەكرد.

راستێکەی لە عەفرین تا ئاگری ئێمە نرخی نەخوێندنەوەی كتێب دەدەین.
 بێشکچی لەسەر ئەو کاریکاتێرەی باسی کوردستانی خەیالی دەکات بیروڕای وایە  کە کوردەکان دەبێ کوردستانی خەیاڵی دروست بکەنەوە