سیاسەت دیندارو بێدین كۆدەكاتەوە
سەدر لەشیعەكان یاخی دەبێت‌و دەبێتە دۆستی‌ شیوعییەكان

عیراق

09/02/2018‌ 1553 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
هاوپەیمانییەكەی موقتەدا سەدر لەگەڵ حیزبی شیوعی‌و بزووتنەوە مەدەنییەكان تەنیا یاخیبوون نییە لەحیزبە شیعییەكان، بەڵكو یاخیبوونیشە لەو وێنە نەریتییەی زۆر دەمێكە شیوعییەكانی بە كافر داناوە.

موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر هەموو پێشبینیەكانی تێپەڕاند‌و سوپرایزێكی نوێی تەقاندەوە كاتێك هاوپەیمانی لەگەڵ چەند حزبێكی چەپ‌و مەدەنی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان راگەیاند، ئەوەش چووە نێو تۆمارە پڕ لە سوپرایزەكەی لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا كە دوایینیان هاتنەدەرەوەی بوو لە ژێر عەبای ئێران‌و یاخیبوون لە حزبە شیعە فەرمانڕەواكان، لەكاتێكدا سەدر خاوەنی یەكەم بیرۆكەی دامەزراندنی میلیشیای چەكداری "سوپای مەهدی" بوو بە پشتیوانی ئێران لە دوای ساڵی 2003.

سەدر بڕیاری دا بە دامەزراندنی حزبێكی نوێ بەناوی "ئیستیقامە" بچێتە هەڵبژاردنی داهاتوو لەبری ناوی "ئەحرار"، هەروەها لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەكدا بەناوی "سائیرون نەحوە لئیسڵاح" لە حزبە چەپ‌و لیبراڵەكان نزیك بووەوە، ئەو ناوەش هەمان ئەو دروشمەیە كە سەدر بەرزی كردبوەوە كاتێك بڕیاری دا بچێتە پاڵ ئەو خۆپیشاندانە هێمنانەی سێ ساڵ لەمەوبەر حزبی شیوعی‌و چەند بزووتنەوەیەكی مەدەنی رێبەرایەتیان دەكرد.

بەمەش سەدر دابڕانی لە حزبە شیعەكان نوێكردەوە‌و هێرشی كردە سەر ئەو هاوپەیمانییە كاتییەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی لەگەڵ گرووپە شیعەكان كۆكردبووەوە‌و بە تایفی وەسفیكرد، بەڵام لەبەرامبەردا سەدر لەلایەن لایەنگران‌و دوژمنانیەوە دووچاری شەپۆلێك رەخنەی توند بووەوە بەهۆی بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ شیوعییەكان.

هەینی رابردوو سەدر لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی رەخنەكانی دایەوە‌و وتی: "كاتێك هاوپەیمانیمان لەگەڵ شیعە بەست وتیان تایفییە، كاتێكیش هاوپەیمانیمان لەگەڵ سوننە بەست پێیان وتم وەهابی‌و سعودی‌و بەعسیە، كاتێكیش لەگەڵ مەدەنییەكان هاوپەیمانیمان بەست وتیان بووە بە شیوعی، كاتێكیش لەگەڵ حزبەكانی نزیك لە ئێران هاوپەیمانیمان بەست وتیان سەفەوی ئێرانییە، كاتێكیش لەگەڵ حزبەكانی نزیك لە عەرەب هاوپەیمانیمان بەست وتیان بەكرێگیراوە، من لەپێناو عێراق‌و دوورخستنەوەی دەنگە توندڕەوەكان‌و پشتیوانی دەنگە میانڕەوەكاندا بەشداری هەڵبژاردن دەكەم بۆ پشتیوانی چاكسازی‌و لەناوبردنی گەندەڵی‌و تیرۆر".

هاوپەیمانی "سائیرون نەحوە لئیسڵاح" كە سەدر رێبەرایەتی دەكات، شەش حزب لەخۆدەگرێت كە دیارترینیان حزبی "ئیستیقامە"‌و حزبی دێرینی شیوعی عێراقی‌و "گردبوونەوەی كۆماری عێراقی" بەسەرۆكایەتی سەعد عاسم جەنابی بزنسمانی سوننە كە بە بۆچوونە نەتەوەییەكانی ناسراوە، هەموو ئەم هێزە نەگونجاوانەش لەڕووی فیكرییەوە لە یەك هاوپەیمانیدا یەكیان گرتووە.

جاسم حەلفی سەركردە لە حزبی شیوعی بە "نیقاش"ی وت: "ئامانج لە پێكهێنانی هاوپەمانی سائیرون گۆڕینی تەرازووی هێزە بە ئاڕاستەی لاوازكردنی حزبەكانی پشككاری تایفی‌و گەمارۆدانی گەندەڵكاران‌و كۆكردنەوەی بنكەیەكی كۆمەڵایەتی كە بەرژەوەندی لە گۆڕانكاریدا هەبێت، ئەم ئامانجە گرنگانەن كە چەند حزبێكی جیاوازیان لەرووی فیكرییەوە لە یەك هاوپەیمانیدا كۆكردووەتەوە".

وتیشی: "هاوپەیمانییەكە هەوڵ دەدات داواكاریی خۆپشاندانەكانی سێ ساڵ لەمەوبەر لەخۆبگرێت‌و داكۆكی لە بەرژەوەندییەكانی جەماوەر بكات، چونكە خۆپیشاندەران بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو نوێنەرایەتییەكی سیاسی كاریگەریان لە حكومەت‌و پەرلەماندا نەبوو بۆیە هیچ كەس گوێی بۆ نەدەگرتن".

لە 31ی تەمموزی ساڵی 2015دا خۆپیشاندانی جەماوەری بەرفراوان لە گۆڕەپانی تەحریری ناوەڕاستی بەغدای پایەتەخت دەستیپێكرد بە پشتیوانی حزبی شیوعی‌و هێزە سیاسیە مەدەنییەكانی وڵات كە داوای چاكسازی لە پرۆسەی سیاسی‌و كۆتاییهێنان بە پشككاری تایفی‌و گەندەڵیان دەكرد، دواتر ناڕەزاییەكان پارێزگاكانی باشووری وڵاتیشیان گرتەوە.

دوای چەند مانگێك لە خۆپیشاندانەكان ژمارەی خۆپیشاندەران كەمبووە‌و هێندەی نەمابوو بوەستێن، بەڵام موقتەدا سەدر هاوكێشەكەی گۆڕی ئەویش كاتێك لە نیسانی ساڵی 2016دا داوای لە هەزاران لە لایەنگرانی كرد بچنە پاڵ خۆپیشاندانەكان، بۆیە ناڕەزاییەكان لەرابردوو بەهێزتر بوون تا لە رووداوێكی مێژوویدا كە عێراقییەكان لە یادی ناكەن، گەیشتنە نێو ناوچەی سەوزی پارێزراو، ئیتر لەو كاتەوە نیشانەی هاوپەیمانییەكی دەگمەن لەنێوان بزووتنەوەیەكی ئیسلامی شیعە‌و بزووتنەوەیەكی مەدەنی هەڵگری پرەنسیپی عەلمانیەت‌و دەوڵەتی مەدەنی دەركەوت.

تەها رەشید ئەندامی حزبی شیوعی ئەوەی پشتڕاست كردەوە‌و بە "نیقاش"ی وت: "هاوپەیمانی نێوان حزبەكەمان‌و رەوتی سەدر لەپڕ دروست نەبووە، بەڵكو دوای خەباتێكی هاوبەش لەدژی گەندەڵی هات لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكاندا لەپێناو كاركردن بۆ هێنانەدی چاكسازی راستەقینە‌و دەوڵەتی مەدەنی".

هەروەها چەند خاڵێكی هاوبەش هەردوولایان كۆكردووەتەوە كە دیارترینیان دژایەتیكردنی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووە، چونكە رەوتی سەدر بە سەرسەختترین دوژمنی مالیكی دادەنرێت‌و موقتەدا سەدر هەمیشە بە دیكتاتۆر وەسفی دەكات، هەروەك لیژنەكانی هاوئاهەنگی خۆپیشاندانەكان كۆنە دوژمنایەتییەكیان لەگەڵ مالیكی هەیە كە مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ یەكەم جموجوڵی جەماوەری كە لە 25ی شوباتی 2011دا بەڕێوەچوو كاتێك سەرۆك وەزیران سوپا‌و فڕۆكەی بەكارهێنا بۆ لێدانی خۆپیشاندەرانی بێ چەك و دەستگیركردنیان.

بەڵام هاوپەیمانی نێوان سەدر‌و شیوعییەكان كاریگەریی لاوەكیشی هەبووە، هەندێك هێز‌و حزبی مەدەنی كە لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەماندا لەپاڵ حزبی شیوعیدا بوون، بەستنی هاوپەیمانییان لەگەڵ رەوتی سەدر رەتكردەوە‌و بڕیاریان دا بەشێوەیەكی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن بكەن كە دیارترین سەركردەشیان بریتین لە هەردوو پەرلەمانتار فایەق شێخ عەلی‌و شروق عەبایچی كە پێیانوابوو ئەستەمە رەوتێكی ئایینی لەگەڵ بزووتنەوەیەكی مەدەنیدا كۆببنەوە.

ئەو حزبە شیعانەی لەدوای ساڵی 2003وە دەستیان بەسەر حوكمی عێراقدا گرتووە، شانازی بەوەوە دەكەن كە زۆرینەی پەرلەمانییان لەو سێ هەڵبژاردنەی پەرلەماندا بەدەستهێناوە كە لە ساڵانی (2005، 2009، 2014) بەڕێوەچوون‌و لە دوا هەڵبژاردنیشدا ئەو حزبانە 178 كورسییان لە كۆی 328 كورسی پەرلەمان بەدەستهێنا.

هاوپەیمانی شیعە پێكهاتووە لە رەوتی سەدر (34 كورسی)‌و ئیئتیلافی "مواتن" بە سەرۆكایەتی عەممار حەكیم (30 كورسی)‌و رەوتی "چاكسازی نیشتمانی" بە سەرۆكایەتی ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوە (6 كورسی)‌و ئیئتیلافی "فەزیلە" (6 كورسی)‌و ئیئتیلافی "دەوڵەتی یاسا" (101 كورسی) هەروەها كوتلەی "سادیقون"ی سەر بە بزووتنەوەی "عەسائیب ئەهلل حەق" (یەك كورسی).

جیابوونەوەی رەوتی سەدر لە "هاوپەیمانی شیعە" مانای لەدەستچوونی نزیكەی 30 كورسی پەرلەمانە‌و بەوەش هاوپەیمانی سیاسی شیعە ئەو زۆرینە سیاسییە لەدەستدەدات كە دوای هەر هەڵبژاردنێك بەدەستی دەهێنا، هاوكات سەدر بەرەو ئەوە دەچێت هاوپەیمانی لەگەڵ مەدەنییەكان‌و هێزە سیاسییەكانی دیكە ببەستێت لەوانەش ئیئتیلافی "وەتەنییە" بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی جێگری سەرۆك كۆمار كە ستایشی هەڵوێستەكانی سەدر دەكات‌و بەدووریشی نەزانیوە لە هەڵبژاردندا هاوپەیمانی لەگەڵ ببەستێت.

جەعفەر موسەوی سەركردە لە رەوتی سەدر بە "نیقاش"ی وت: "ئێمە بڕیارمان داوە بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوو بكەین لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجەكانمان لە لەناوبردنی پشككاری تایفی‌و پشتیوانیكردنی كەسایەتییە تەكنوكراتەكان بۆ گرتنەدەستی پۆستە باڵاكانی وڵات".

هەروەها وتی: "رەوتی سەدر ئامادەیی راگەیاندووە بۆ بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هەر حزبێكی سیاسی كە ئەو ئامانجانەی هەڵگرتبێت بەچاوپۆشین لە پاشخانە ئایدیۆلۆجیەكەی مادام ئامانجەكە بنیاتنانی دەوڵەت‌و لەناوبردنی ئەو گەندەڵەییەیە كە وڵاتی خاپوركردووە".

هاوپەیمانی سەدر‌و شیوعییەكان تەنیا رووداوێكی سیاسی سەرنجڕاكێش نەبوو، بەڵكو یاخیبوونێكی مێژووییشە لە باوەڕی ئاینی ئیسلامی كە زۆر دەمێكە شیوعییەكان بە كافر دادەنێت‌و بەپێویستی دەزانێت دژایەتی بكرێن.

مێژووی عێراق بیرەوەری یەكەم ململانێی نێوان شیوعییەكان‌و ئیسلامییەكان لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو دەگێڕێتەوە، دوای گۆڕینی رژێمی حوكم لە عێراق لە رژێمی پاشایەتییەوە بۆ كۆماری لە ساڵی 1958دا كە ئەفسەرانی سوپا بەسەركردایەتی عەبدولكەریم قاسم رێبەرایەتیان كرد بە پشتیوانییەكی زۆری حزبی شیوعی كە ئەو كاتە بەهێزترین‌و بەربڵاوترین حزب بوو لە وڵات‌و ناوچەی عەرەبیدا.

لە ساڵی 1961دا موحسین حەكیم دیارترین پیاوی ئاینی شیعە لە نەجەف (كە باپیری عەممار حەكیم سەرۆكی حزبی "حیكمە"یە) فەتوایەكی ئاینی ئاشكرا دەركرد تێیدا هاتبوو "نابێت كەس ببێتە ئەندامی حزبی شیوعی، چونكە ئەوە كوفر‌و بێ باوەڕییە".

لە ئەنجامی بەرفراوانبوونی شیوعیەت لە كۆمەڵگەی عێراقی‌و گەیشتنی بە پارێزگاكانی باشووریشدا یەكەم بیرۆكە لە مێژووی مەزهەبی شیعەدا لە شاری نەجەف سەریهەڵدا سەبارەت بە دامەزراندنی حزبێكی سیاسی كە پێشتر بەشداریكردنی لە كاری سیاسیدا رەتدەكردەوە، لە ساڵی 1960یشدا حزبی "دەعوەی ئیسلامی" دامەزرا كە لەدوای ساڵی 2003وە گەیشتە دەسەڵات.

تائێستا ناتوانرێت پێشبینی ئەو كورسیانەی پەرلەمان بكرێت كە هاوپەیمانی نێوان سەدر‌و حزبی شیوعی لە هەڵبژاردندا بەدەستیان دەهێنێت، چونكە زۆرێك لە لایەنگرانی سەدر رەخنەیان لە هاوپەیمانییەكە گرتووە، هەروەك حزبی شیوعیش بەهۆی بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوەیەكی ئاینی هەندێك لە جەماوەرەكەی لەدەستداوە ، بەڵام زۆرێك لە عێراقییەكان هاوپەیمانییەكە بە دەرفەتێكی مێژوویی دەبینن بۆ شكاندنی بەربەستی ئەو هاوپەیمانییە تایفییانەی ماوەی 15 ساڵە رێچكەی پرۆسەی سیاسی لە وڵاتدا دیاری دەكەن.