دەسەڵات‌و پارە لەكێبڕكێدان.. ترس لەبایكۆت باڵ بەسەر هەڵبژاردن لەسەڵاحەدین دەكێشێت

عیراق

10/02/2018‌ 682 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ترس لەبایكۆت‌و بەشدارینەكردن لەهەڵبژاردن‌و پێشبڕكێ بۆ بەدەستهێنانی دەنگی ئاوارەكان دیارترین نیشانەكانی هەڵبژاردنی داهاتوون لە سەڵاحەدین.

كێبڕكێ‌و نزیكبوونەوە لەنێوان چوار لیستی سەرەكی هەڵبژاردندا هەیە بۆ بەدەستهێنانی كورسییەكانی پارێزگای‌ سەلاحەدین.

حیزبی "جەماوەری نیشتمانی" بە سەرۆكایەتی ئەحمەد جبوری پارێزگاری سەڵاحەدین‌و براوەی یەكەم لە هەڵبژاردنی رابردوو، لەسەر ئاستی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران‌و ئەنجومەنی پارێزگاش بە بەهێزی هاتووەتە نێو كێبڕكێی هەڵبژاردنی داهاتووەوە.

حیزبەكە لە هاوپەیمانییەكی عەشایری ناوچەیی پێكهاتووە كە بنكەكەی فراوانكردووە بە هاوپەیمانییەكی چۆنایەتی لەگەڵ شیعە لە هەردوو قەزای بەلەد‌و دوجەیلی باشووری پارێزگای سەڵاحەدین (175 كم لە باكووری بەغدا)‌و هاوپەیمانییەكی چۆنایەتی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و توركمان لە قەزای دوزخورماتوو (90 كم لە باكووری خۆرهەڵاتی تكریتی ناوەندی پارێزگا) بەوەش وەك گەورەترین هاوپەیمانی هەڵبژاردن لە گۆڕەپانەكەدا دەركەوتووە.

لە دیارترین كەسایەتییەكانی ئەم هاوپەیمانییە "ئەحمەد عەبدوڵڵا جبوری ناسراو بە ئەبو مازن"ە كە جەماوەرێكی تاڕادەیەك باشی هەیە‌و خاوەنی كەسایەتییەكی جێمشتومڕ‌و هەڵوێست ناجێگیرە‌و لە پارێزگارەوە بووە بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران‌و پاشان وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری پارێزگاكان‌و دواتر دەستی لەكاركێشاوەتەوە‌و دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ پۆستی پارێزگار‌و دوای ئەوەش دەیان دۆسێی یاسایی لەدژی وروژێندراون كە پەیوەندیان بە دەستپاكی‌و ساختەكردنی بەڵگەنامەكانی خوێندنەكەیەوە هەیە، بۆیە چەند جارێك چووەتە زیندان‌و دادگاش بە بێتاوانی داناوە.

حزبەكەی پارێزگاری شارەكە تەنیا بە بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە لە پارێزگاكەدا نەوەستاوە، بەڵكو هەوڵی داوە لیستە ناوچەییەكانیش لەخۆبگرێت ئەویش لەڕێی بەڵینەكانی سەبارەت بە پێدانی مافی ناوچەكان‌و بەشداریپێكردنیان لە دروستكردنی بڕیار لەڕێگەی نوێنەرایەتیكردنیان لە ئیدارەی پارێزگاكە‌و پێدانی چەند پێگەیەكی ئەمنی‌و ئیداری گرنگ‌و بەڵێنی ئیمتیازی تایبەت، لە دیارترین ئەو كوتلانەش لیستی "قەڵای تكریت"‌و "گردبوونەوەی گەنجانی شەرگات"ن‌و ئێستاش ئیئتیلافەكە 11 حزب‌و كوتلە لەخۆدەگرێت.

شیت لهێبی جێگری پارێزگاری سەڵاحەدین‌و یەكێك لە كاندیدانی ئیئتیلافی جەماوەری نیشتمانی بە "نیقاش"ی وت: "ئاستی جەماوەری پارێزگار لە نێو جەماوەری سەڵاحەدین‌و هەمەجۆری لیستەكەمان كە هەموو پێكهاتەكانی پارێزگاكە لەخۆدەگرێت، ئەو دوو هێزەن كە بەدڵنیاییەوە دەبنە هۆی سەركەوتنمان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و لە پێشەوە دەبین، چونكە ئیئتیلافەكەمان چەمكەكانی تایفەگەری‌و عەشایری‌و ناوچەگەرێتی تێپەڕاندووە‌و نوێنەرایەتی هەموو گەلی سەڵاحەدین دەكات‌و داواكاری‌و خواستی رۆڵەكانی بۆ نێو پەرلەمان هەڵگرتووە".

یەكێكی دیكەش لە لیستەكانی دیكەی هەڵبژاردن لە سەڵاحەدین لیستی "وەتەنییە"یە بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلا‌وی‌و سەلیم جبوری‌و ساڵح موتڵەگ (ئێستا 21 حزب‌و كوتلەی هەڵبژاردن لەخۆدەگرێت) كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا لە ساڵی 2014 لە پلەی دووەمدا هات لە پارێزگاكە، سەرەڕای ئاستەنگەكان‌و دابەزینی ئاستی جەماوەری حزبی ئیسلامیش، بەڵام سیاسیەتی حزبەكە بەتایبەتی لەڕێی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانەوە توانیویەتی بەشێكی گرنگ لە جەماوەری حزبە بگێڕێتەوە ئەویش لەڕێی پشت بەستن بە تواناكانی گەنجان‌و خوێندكاران‌و نوخبە‌و رێكخراوەكانی ژنان.

عەدنان فراجی سەركردە لە حزبی مەسار‌و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین‌و ئەندامی هاوپەیمانی عێراقییە بۆ "نیقاش"ی روونكردەوە كە نەخشەی هاوپەیمانییەكان لە پارێزگاكەدا تائێستا روون نییە ئەویش بەهۆی گۆڕانی بیروباوەڕ‌و جیابوونەوە‌و دابەشبوونە سیاسییەكانەوە كە ئەوەش سروشتی كاری سیاسیە، بەڵام پێشبینی دەكرێت هاوپەیمانی "وەتەنییە" لە پێشەوە بێت‌و دوای ئەویش حزبی جەماوەری نیشتمانی‌و پاشان هاوپەیمانی نەسر بەسەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران".

وتیشی: "ئەوەی بەرنامەی هەڵبژاردن‌و هاوپەیمانییەكان لەم خولەی هەڵبژاردندا جیادەكاتەوە ئەوەیە رەنگدانەوەی مەزاجێكی سیاسییە كە بریتیە لە بژاردەی نیشتمانی‌و پاراستنی یەكپارچەیی عێراق‌و ژیانی مەدەنیانەیە لە چوارچێوەی دەستووردا، ئەویش دوای ئەوەی شێواز یاخود ئیدارەدانی تایفی‌و ناوچەگەرێتی بەروونی شكستیان هێنا، ئەمەش بەڵگەی بوونی بیروباوەڕی نوێیە لەدوای ئەو ئەزموونانەی پێشوو".

هاوپەیمانی "بڕیاری عێراقی" بەسەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی جێگری سەرۆك كۆمار كە یەكێكە لەو لیستانەی لە گۆڕەپانی پارێزگای سەڵاحەدیدندا قبوڵكراوە، حەوت حزب لەخۆدەگرێت‌و دیارترین خاڵی جیاكەرەوەشی ئەوەیە "پرۆژەی عەرەبی" بەسەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر بە بەهێزی هاتووەتە ناو هاوپەیمانییەكە كە لە هەڵبژاردنی پێشوودا لە سەڵاحەدین یەك كورسی لەسەر لیستی "كەرامە" بەدەستهێنابوو.

حەمید كەریم سەركردە لە "پرۆژەی عەرەبی" هۆكارەكانی پشت قبوڵكردنی ئەو بۆچوونانەی بۆ "نیقاش" روونكردەوە‌و وتی: "هەڵوێستی پرۆژەی عەرەبی‌و سەركردایەتییەكەی لەبەرامبەر خەڵكی ناوچە خۆڕاگرەكان بەرامبەر داعشی تیرۆریست‌و سەرپەرشتیكردنی گەنجەكان‌و برینداران‌و ئاوارەكانیان‌و رێزلێنان لە شەهیدانیان دەبووایە چاكەكەی بدرێتەوە، هەروەك تێڕوانینی سیاسی‌و نیشتمانی هاوپەیمانی بڕیاری عێراقی‌و كەسایەتییەكانی لە سەرتاسەری سەڵاحەدیندا لەسەر ئاستێكی بەرفراوان قبوڵكراون".

هەروەها لە لیستە گرنگەكانی دیكە لە سەڵاحەدین لیستی "فەتح"ە بە سەركردایەتی هادی عامری كە تەركیز دەكاتە سەر ناوچەكانی باشووری سەڵاحەدین‌و لیستی "نەسر"ی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران كە لە سەرتاسەری سەڵاحەدیندا نوێنەری دەبێت بەسوودوەرگرتن لە‌و قبوڵكردنە رێژەییەی كەسایەتی‌و دەستكەوتەكانی حكومەتەكەی عەبادی هەیەتی، ئەمە جگە لە لیستی "سەڵاحەدین ناسنامەمانە" بە سەرۆكایەتی پەرلەمانتار شەعلان كەریم.

پارێزگای سەڵاحەدین وەكو زۆربەی پارێزگاكان بەدەست كێشەی بایكۆت‌و بەشدارینەكردن لە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران گیرۆدەیە‌و بەو پێیەش ترس هەیە لە بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردندا سەرەڕای ریكلامی چڕوپڕی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن‌و هەڵمەتە مەیدانییەكان‌و كارئاسانی ئیداری‌و كردنەوەی بنكەی جێگرەوە، بەڵام هێشتا كێشەكە هەر ماوە‌و ئەمەش خۆی لەخۆیدا بە گرێكوێرەیە‌و پێشبینیەكان سەبارەت بە سەركەوتووانی هەڵبژاردنی داهاتوو كەم دەكاتەوە.

یەكێك لە رووكارەكانی ئاڕاستەی هەڵبژاردن لە پارێزگای سەڵاحەدین كێبڕكێی توند‌و پێشبڕكێیە لە پێناو بەدەستهێنانی دەنگی سەدان هەزار ئاوارەی گەڕاوە لە راگوێزراوانی نێوان ساڵانی 2014و 2018، بۆیە حزبە سیاسییەكان كار بۆ ئەوە دەكەن وێنەیەكی وا بدەنە ئاوارەكان كە دوای ساڵانێك لە راگواستن‌و هەژاری‌و نەداری بە هەوڵی حزبەكان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

حزبە گەورەكانیش لە هەوڵی سیاسی‌و ئەمنیدان‌و تەنانەت كار بۆ پێدانی پارەی زۆریش بە لایەنە سیاسییە دەستڕۆیشتووەكانی دروستكردنی بڕیار لە بەغدا دەكەن لەپێناو گێڕانەوەی ئاوارەكانی ناوچەكانی تریش كە تائێستا نەگەڕێندراونەتەوە بەتایبەتی لە دەوروبەری قەزای بەلەد (110 كم لە باشووری تكریت)‌و ناحیەی سلێمان بەگ‌و ناحیەی سینییە‌و چەند گەڕەكێكی ناوەندی قەزای بێجی‌و گوندی عۆجەی باشووری تكریت‌و چەند ناوچەیەكی دیكە.

لەو چوارچێوەیەشدا عەلی جابر ساڵح چالاكوانی مەدەنی بە "نیقاش"ی وت: "حزبەكان هەڵە دەكەن ئەگەر پێیان وابێت گەڕاندنەوەی هاووڵاتی ئاسایی بۆ سەر ماڵەكەی خۆی چاكە‌و دەستكەوتە، كاری لەپێشینەی زۆربەی ئاوارەكان ئەوەندەی لەگەڵیاندا ژیاوین، بریتیە لە دابینكردنی بژێوی‌و ئاوەدانكردنەوەی خانووە خاپوركراوەكانیان‌و دابینكردنی سووتەمەنی‌و پێداویستییەكانی گوزرانیان‌و دوایین شت كە خەمی لێ بخۆن هەڵبژاردنە، پێشبینی دەكەم بایكۆتێكی زۆری هەڵبژاردن بكرێت لە زۆربەی شار‌و پارێزگاكاندا".

ژمارەی كورسییە تەرخانكراوەكان بۆ پارێزگای سەڵاحەدین لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئێستادا (12) كورسییە كە كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەرانی پارێزگاكە كە بەپێی نووسینگەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە پارێزگاكەدا زیاتر لە (901) هەزار دەنگدەر دەبن‌و نوێنەرایەتی هەشت قەزا‌و نۆ ناحیە دەكەن كە پارێزگاكەیان لێ پێكهاتووە.