هەڵبژاردنی سوور.. كەركوك لەسەر ئاگری هەڵبژاردن دەكوڵێت

عیراق

17/02/2018‌ 1543 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
پێكهاتەو پارتە جیاوازەكانی‌‌ كەركوك كه شەری‌ ‌داعش كۆیكردبوونەوە،‌ ململانێیەكان لەسەر هەلبژاردنی‌ دا‌هاتووی‌ عێراق لێكیان جیادەكاتەوەو لەئێستاوە چەندین ناكۆكی‌ لەنێوانیاندا دروستبووە.

هەڵبژاردن لەكەركوكدا هەمیشە رەهەندێكی‌ جیاوازی‌ لەچاو پارێزگاكانی‌ تری‌ عێراق لەخۆگرتوە، چونكە شارێكی‌ فرە نەتەوەو ئاینە‌‌و لەگرنگترین ناوچەكانی‌ جێگەی‌ ململانێی‌ نێوان حكومەتی‌ ناوەندی‌ و حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانە.

"هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەران كە بڕیارە رۆژی‌ 12 ئایاری‌ ئەمساڵ بەڕێوەبچێت بۆ بەدەستهێنانی‌ 328 كورسی پەرلەمانەو بەسەر 18 پارێزگادا دابەشكراوەو هەڵبژاردن بەفرە بازنەیی بەرێوەدەچێت، لەسەرتاسەری عێراق 24 ملیۆن‌و 400 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەیە، ژمارەی‌ دەنگدەرانیش لەپارێزگای‌ كەركوك 952 هەزار دەنگدەرە بۆ‌ بەدەستهێنانی‌ 12 كورسی‌ كەركوك لە‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ داهاتو‌و" رزگار حاجی‌ حەمە جێگری‌ سەرۆكی‌ كۆمیسۆنی‌ باڵای‌ سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ عێراق بۆ "نیقاش" وای‌ ووت.

نەتەوەی‌ كورد‌ كە پێكهاتەی‌‌ سەرەكیی‌ پارێزگای‌ كەركوكە، لەدوای‌ روداوەكانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبەری‌ ساڵی‌ 2017 چالاكییەكانیان سنوردارە و ترسیان هەیە لە كەمبونەوەی رێژەی دەنگەكانیان، ئەوەش بەهۆی‌ باڵادەستی‌ هێزە عیراقییەكان دوای‌ كشانەوەی‌ پێشمەرگە لە پارێزگاكە، هەرچەندە شەش كۆبونەوەیان لەناوەوەو دەرەوەی‌ كەركوك ئەنجامداوه،‌ بەڵام نەیانتوانیوە ناكۆكییەكانیان بۆ دروستكردنی‌ هاوپەیمانیەكی‌ هاوبەش تێپەرێنن.

ئاسۆ مامەند ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ و بەرپرسی‌ مەڵبەندی‌ كەركوكی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ راگەیاند :"ئێمە پرۆژەیەكمان داوە بە هەموو حزبە كوردستانیەكان بۆ ئەوەی‌ دەنگی‌ كورد لە شارەكە یەكبخەین و بەیەك لیست بەشداری‌ بكەین بۆ هەڵبژاردنی‌ دا‌هاتووی‌ پەرلەمانی‌ عێراق بەڵام دیارە تاكو ئێستا ناكۆكییەكان رێگربووە لەبەردەم یەك لیستی‌ كورد بۆ ناوچە دابرێندراوەكان."

ناوبراو ئەوەشی‌ خستەڕوو:" مەترسی‌ كەمبونەوەی‌ دەنگی‌ كورد هەیە ئەگەر بە یەك لیست بەشداری‌ ناكات لەبەرئەوە یەكێتی‌ وەك حزبێكی‌ باڵادەست و بەرپرسیار لە پارێزگاكە هەموو هەوڵێكی‌ خۆی‌ خستۆتە كار بۆ دروستكردنی‌ یەك لیستی‌."

بە‌پێی‌ زانیارییەكانی‌ "نیقاش" كە لەسەرچاوەیەكی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان دەستی‌ كەوتووە، لە كۆتا كۆبونەوەی‌ حزبە كوردستاینەكان كە لە 7ی‌ شوباتی‌ ئەمساڵ لە شاری‌ هەولێر بەرێوەچوو كۆبوونەوەكە نوێنەرانی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان، یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌، یەكگرتووی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری ‌و دیموكراسی‌ ، سۆسیالیست ، ئایندە ئامادەیی‌ بوون بەڵام یەك لیستی لە ناوچەكانی جێناكۆكەكان بریاری‌ لێنەدرا تەنیا پاشگەزبونەوەی‌ پارتی‌ بۆ بەشداری‌ لە هەڵبژاردن لە ناوچە جێناكۆكەكانی‌ لێ سەوز بوو.

خەسرۆ گۆران بەرپرسی‌ دەزگای‌ هەڵبژاردنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بە"نیقاش"ی‌ ووت: "ئێمە كە بریارماندا لە ناوچە كوردستانیەكانی‌ دەرەوەی‌ ئیدارەی‌ هەرێم بەشداری‌ لە هەڵبژاردنەكانی‌ عێراق ناكەین چونكە پێمانوایە لە دوای‌ 16ی‌ ئۆكتۆبەری‌ ساڵی‌ 2017 كەركوك داگیركراوە بەڵام كاتێك حزبەكان بریاریانداوە بەیەك لیست بەشداری‌ بكەن ئێمە ئامادەین لە بریارەكەی‌ خۆمان پاشگەزببینەوە چونكە چارەنوسی‌ ئەو ناوچەنە بۆ نەتەوەی‌ كورد لەسەرووی‌ بریاری‌ حزبیەوەیە."

پێشتر هەریەك لە گۆڕان، كۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری‌ و دیموكراسی‌ هاوپەیمانێتییەكیان بۆ هەڵبژاردن لە ناوچەكانی جێناكۆك پێكهێنا، بەڵام پارتی بڕیاریدابوو لە كەركوك بایكۆت بكات و یەكێتیش لیتسێكی‌ بەناوی‌ كەركوك چارەنوسمانە پێكهێنا، ئەمە جگە لەوەی‌ هاوپەیمانی‌ بۆ نەوەی‌ نوێ‌ لەلایەن سێ‌ حزب تۆماركراوە.

لە بەرانبەر نەتەوەی‌ كورد، پێكهاتەی‌ عەرەب و توركمانەكان دابەش بوون بەسەر مەزهەب و ئینتمایی‌  سەركردەكانی‌ عێراق، ئەمەش وایكردووە ململانێكان بۆ یەك لیستی‌ لای‌ هەردوو پێكهاتە سەركەوتوو نەبێت ، هەرچەندە جیاواز لە نەتەوەی‌ كورد هەردوو پێكهاتەكەی‌ تر بەرگری‌ لەعێراقیبونی‌ كەركوك ‌و مانەوەی‌ ئەم شارە لەژێردەسەڵاتی‌ حكومەتی‌ ناوەند دەكەن.

راكان سەعید پارێزگاری‌ كەركوك بەوەكالەت و سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ سیاسی‌ عەرەبی‌ پێشتر هەفتەی‌ رابردوو رایگەیاند :"داوا لە تەواوی‌ پێكهاتەی‌ عەرەب دەكەین بەیەك لیست بەشداری‌ هەڵبژاردن بكەن چونكە ئەم سەركەوتنەی‌ ئێستا بەدەست هاتووە بەهۆی‌ یەك دەنگی‌ نەتەوەیمانە."

هەرچەندە ئەو سەركردە دیارەی‌ پێكهاتەی‌ عەرەبی‌ سوونەی‌ پارێزگای‌ كەركوك ئەو داواكارییەی‌ خستەڕوو بەڵام كوتلە عەرەبیەكان بەسەر حەوت قەوارەی‌ جیاجیا دابەش بوون كە زۆرینەیان لەنێو لیستەكەی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق و سەرۆكی‌ حزبی‌ دەعوە و لیستەكەی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ پێشووی‌ عێراق ئەیاد عەلاویدان.

هەروەها پێكهاتەی‌ توركمان دابەش بوون‌ بەسەر ئەو لیستەنەی‌ زۆرینەی‌ شیعە و سوونه مەزهەبن ، ئەمەش وایكردووە توركمانەكانی‌ كەركوك دابەش بن و تەنانەت كاریگەری‌ لەسەر ئەو كوتلە یەكگرتووەی‌ توركمانیش هەبوو لە ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك.

هەفتەی‌ رابردوو دوو ئەندامی‌ شیعە مەزهەب لە ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ كەركوك لە كوتلەی‌ بەرەی‌ توركمانی‌ جیابونەوەو لیستی‌ خزمەتی‌ توركمانیان پێكهێنا هەرچەندە یەكێك لە ئەندامە جیابونەوەكان دەڵێت جیابوونەوەمان بە ئامانجی‌ خزمەتكردنە. 

نەجات حسێن ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگا و نوێنەری‌ رەوتی‌ حیكمە لە پارێزگای‌ كەركوك بە"نیقاش"ی‌ وت:" دروستكردنی‌ لیستێكی‌ نوێ‌ بۆ خزمەتكردنی‌ زیاتری‌ خەڵكی‌ كەركوكە نەك بانگەشەی‌ هەڵبژاردن."

هەورەها محەمەد جاسم سەرۆكی‌ حزبی‌ توركمانی‌ قەومی‌ بە"نیقاش"ی‌ ووت :" دەبوایە سەرجەم حزبە توركمانیەكان بەیەك لیست بەشداری‌ بكەن بۆ ئەوەی‌ زۆرترین دەنگی‌ خەڵكی‌ كەركوكیان مسۆگەر بكردایە بەڵام ناكۆكییەكان رێگربوون لەبەردەم یەك لیستی‌."

هەرچەندە هێشتا هەڵمەتی‌ پڕوپاگەندەی‌ هەڵبژاردن بەڕەسمی‌ دەستی‌ پێنەكردوە، بەڵام كە سەردانی‌ بارەگای‌ حزب و پارتە جیاوازەكان لە كەركوك دەكەیت باس باسی‌ بەدەستهێنانی‌ 12 كورسیەكەی‌ ئەو پارێزگایە، ئەمەش وایكردوە ئەم هەلبژاردنە لای‌ زۆرینەیان حزبەكان بە هەڵبژاردنی‌ سوور بناسرێت بە تایبەت كە یەكەم كاندیدی‌ هەڵبژاردنەكان هەفتەی‌ رابردوو لە كەركوك تیرۆركرا - عەلی ئەڵماس غائیب، كاندید لەلیستەكەی عەبادی-

هاوڕێ زەنگەنە پارێزەرو شارەزای‌ بواری‌ هەڵبژاردن بە"نیقاش"ی‌ ووت :" هەڵبژاردنی‌ ئەمجارە جیاواز لە هەڵبژاردنەكانی‌ تر دەبێت، چونكە كەرەستەكانی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن زۆرینەی‌ سەربازین هەر لە كۆتایی‌ شەری‌ داعش و باڵادەستی‌ هێزە عێراقیەكان تا تاوانی‌ هێزی‌ میلیشیاكان بۆیە ئەم هەڵبژاردنەی‌ ئەمجارە لەبری‌ هەڵبژاردنی‌ سپی‌ دەبێتە هەڵبژاردنی‌ سوور."

پارێزگای كەركوك لە هەڵبژاردنی‌ رابردوو 12 كورسی لە پەرلەمانی عیراق بۆ دانرابوو ، لەو ژمارەیەش حزبە كوردیەكان هەشت كورسی بەدەستهێنا كە شەشیان بۆ یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و دوو كورسیش بۆ پارتی بوو ، هەروەها گردبونەوەی‌ عەرەبی‌ دوو كورسی‌ و بەرەی‌ توركمانی‌ دوو كورسیەكەی‌ دیكەی‌ مسۆگەر كرد.