بانگەشەی‌ پێشوەختەی‌ هەڵبژاردن.. خۆپیشاندانەكانی‌ كوردستان پڕن لەكاندیدی‌ پەرلەمان

کوردستان

31/03/2018‌ 1169 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
خەمی‌ مامۆستایان‌و فەرمانبەران ئەوەیە موچەی‌ مانگانەیان بچێتەوە دۆخی‌ ئاسایی‌، بەڵام لەولاوە بەشێك لەكاندیدی‌ حیزبەكان خۆیان خزاندووەتەوە ناو خۆپیشاندان‌و لەئێستاوە كار بۆ كۆكردنەوەی‌ دەنگ دەكەن.

ئەم ماوەیە لەهەرێمی‌ كوردستان، كە مامۆستایان‌و فەرمانبەران خۆپیشاندان‌و ناڕەزاییەكانیان بۆ لابردنی‌ سیستەمی‌ پاشەكەوتی‌ موچە چڕكردوەتەوە، هاوشان لەگەڵ ئەوانیشدا جموجوڵی‌ كاندیدی‌ حزبەكان فراوانتر بووە.

بەهۆی‌ قەیرانی‌ داراییەوە لەسەرەتای‌ ساڵی‌ 2016ەوە حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان، بەناوی‌ سیستەمی‌ پاشەكەوتی‌ موچەوە، موچەی‌ فەرمانبەران بەپێی‌ پلەكەیان كەمكردەوە، بەدرێژایی‌ ئەم 3 ساڵە مامۆستایان‌و فەرمانبەران بەرێگەی‌ مانگرتن‌و خۆپیشاندان داوای‌ لابردنی‌ پاشەكەوت دەكەن.

بەڵام ئەوەی‌ خەریكە دۆخەكە لەفەرمانبەران تێكدەدات، كاندیدی‌ حزبەكانن، كاندیدەكان لەمەیدانی‌ خۆپیشاندانەكاندا تەراتێن دەكەن.

فەرمان رەشاد، سەرۆكی‌ "رێكخراوی ستۆپ بۆ دژە گەندەڵی"، كە رێكخراوەكەیان لەهەولێر بەشدارێكی‌ كارای لەخۆپیشاندانەكان هەیە، ئەمجۆرە چالاكییەی كاندیدەكان "بەئاسایی" دەزانێت "بەو مەرجەی هەوڵنەدەن ئاراستەی خۆپیشاندانەكان بەرەو ڕووی بانگەشەی هەڵبژاردن ببەن‌و گوتاری موزایەدە بەكاربهێنن".

رەشاد، بە "نیقاش"ی‌ وت "ئامادەبونی كاندیدەكان بەشێوەیەكی بەرچاو بەئاشكرا هەستی پێدەكرێت، بۆ ئەوەی بتوانن خۆپشاندانەكان بكەنە دەرفەتێك بۆ ئەوەی زیاتر بناسرێن".

لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆكی‌ "رێكخراوی‌ ستۆپ"، پێیوایە خەڵك ئێستا هۆشیارترەو بەئاسانی بە یەك دەركەوتنی پێش هەڵبژاردن لەلایەن كاندیدەكان بڕیاری خۆی نادات، "هەندێكجار كاریگەری پێچەوانەشی دەبێت وادەكات خەڵك رقیان لێهەڵبگرێت، چونكە وا لێكی دەداتەوە ئەو دەركەوتنانە بۆ خەڵەتاندنی خەڵكەو كاندیدەكان ئەوان بەساویلكە دەبینن".

هەرچەندە هێشتا هەڵمەتی‌ بانگەشەی‌ هەڵبژاردنی‌ ئایاری‌ داهاتوو دەستی‌ پێنەكردووە، بەڵام كاندیدی‌ هێزە جیاوازەكان لەكوردستان دەیانەوێت لەرێی‌ خۆپیشاندانەكانەوە بانگەشەی‌ پێشوەختە بكەن.

یەكەمجار نییە كاندیدەكان بخزێنە ناو خۆپیشاندانی‌ هاوڵاتیانەوە، خۆپیشاندانەكانی‌ 17ی‌ شوباتی‌ ساڵی‌ 2011، بەشێك لەو كەسانەی‌ گەیاندە پەرلەمانی‌ كوردستان‌و عێراق، كە بەشداری‌ كارایان هەبوو رۆژانە گوتاری‌ حەماسییان دەدات‌و رەخنەی‌ توندیان لەدەسەڵاتی‌ هەرێمی‌ كوردستان دەگرت.

بزووتنەوەی‌ گۆڕان‌و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌‌و یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌، كە سەرپەرشتی‌ خۆپیشاندانەكانی‌ 17ی‌ شوباتیان دەكرد، زۆرترین كەسیان لەرێگەی‌ "سەرای‌ ئازادییەوە"_مەیدانی‌ خۆپیشاندانەكانی‌ 17ی‌ شوبات لەسلێمانی‌_ چوونە پەرلەمان.

ئەگەرچی‌ كاتەكە گۆڕاوە، بەڵام ناسنامەی‌ هێزەكان گۆڕانكارییەكی‌ ئەوتۆی‌ بەسەردا نەهاتووە، ئێستاش بەشێك لەكاندیدەكانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان‌و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌‌و یەكگرتووی‌ ئیسلامی‌، لەگەڵ كاندیدەكانی‌ هێزە تازەكان لەریزی‌ پێشەوەی‌ خۆپیشاندانەكانن.

هاوژین عومەر، بەرپرسی‌ ناوەندی‌ هەڵبژاردنی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، هەست بەو حاڵەتە دەكات، بەڵام پێیوایە "رەنگە بۆ ئەو لایەنانە راست بێت كە وەكو موزایەدە سەیری‌ ناڕەزایەتیەكان دەكەن، ئێمە حزبێكین خۆپیشاندان هەبوبێت یان نا لەم سیاسەتەی‌ ئێستای‌ هەرێمی‌ كوردستان ناڕازین‌و لەپشتی‌ زۆرێك لەخۆپیشاندان‌و ناڕەزاییەكانەوە بووین".

هاوژین عومەر، بۆ "نیقاش" وتی‌ "لەسەرێكیشەوە كاندید پێشینەیەكی‌ باشی‌ هەبوبێت‌و لەگەڵ خەڵكدا بوبێت نابێتە شتێكی‌ غەریب كە بەشداری‌ خۆپیشاندان بكات، بەڵام كێشەكە ئەوەیە هەندێك هێزی‌ سیاسی‌ خۆیان بەشێكن لەو كارەساتەی‌ ڕووی‌ لە هەرێمكردوە، بەڵام لەژێر ناوی‌ جیادا خەڵكی‌ خۆی‌ دەنێرێتە ناو خۆپیشاندەران".

بەرپرسەكەی‌ كۆمەڵ جەختیكردەوە "نابێت نارەزایەتیەكانی‌ خەڵك بۆ بەرژەوەندی‌ خۆمان بەكاربهێنین، بەڵام لەكوردستان بەهۆی‌ موزایەدەی‌ سیاسیەوە ئەم جۆرە شتانە روودەدەن".

خۆپیشاندانەكانی‌ ئەمجارە كە دوای‌ زنجیرەیەك بایكۆتی‌ دەوامە لەلایەن مامۆستایان‌و فەرمانبەرانەوە، رووی‌ لەحكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانە، كە ئێستا بە تەنیا لەلایەن یەكێتی‌‌و پارتییەوە بەڕێوەدەبرێت.

بەرپرسانی‌ ئەو دوو حزبە هەرچەندە لەگەڵ "خۆپیشاندانی‌ هێمنانەی‌ مامۆستایان‌و فەرمانبەرانن" بەڵام دەشیانەوێ‌ لەگرنگی‌ ناڕەزایەتیەكان كەمبكەنەوە‌و هەموو جارێكیش پێیانوایە بەدەستی‌ حزبەكان خۆپیشاندانەكان ئەنجامدەدرێن.

ئەكرەم ساڵح، ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، دەڵێت "خۆپیشاندانی‌ مامۆستایان‌و فەرمانبەران بۆ چاككردنی‌ باری‌ ژیانیان بابەتێكی‌ رەوایە‌و ئەركی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانە بەخێرایی‌ هەوڵبدات چارەسەری‌ گرفتی‌ موچە بكات".

بە "نیقاش"ی‌ وت "بەڵام ئەوەی‌ جێگەی‌ تێبینیە زۆرێك لەلایەنە سیاسیەكان ئەم بابەتە وەك كارتێك بۆ بانگەشەی‌ هەڵبژاردن‌و كۆكردنەوەی‌ دەنگ بەكاردەهێنن، ئەمەش وایكردوە هەندێكجار بەهۆی‌ هاندانی لایەنە سیاسیەكانەوە خۆپیشاندانەكان لەرێڕەوی‌ خۆیان لابدەن‌و لەخۆپیشاندانی‌ ئاشتیانە‌و مەدەنیانە بەرەو توندوتیژی‌ بڕۆن".

مانگی‌ ئایاری‌ ئەمساڵ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ عێراق بەڕێوەدەچێت، پێشبینی‌ دەكرێت تا كۆتایی‌ ساڵ هەڵبژاردنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستانیش ئەنجامبدرێت، ئەكرەم ساڵح، پێیوایە "ئەمەش وادەكات لایەنەكان هەندێك بابەت بوروژێنن، بۆ زیادكردنی‌ دەنگەكانیان، ئەگەرنا ئەو ماوەی‌ لەبەردەستە ئەوەندە نییە حكومەتی‌ هەرێم بتوانێت چاكسازی‌ ریشەیی‌ بكات".

چوونەناوەوەی‌ كاندیدەكان بۆ ریزی‌ خۆپیشاندەران، لەكاتێكدایە چوار ساڵی‌ رابردو رەنگە بەقەیراناویترین ساڵەكانی‌ حكومڕانی‌ كوردی‌ پێناسە بكرێت، قەیرانی‌ دارایی‌‌و سیاسی‌‌و شەڕی‌ داعش‌و ململانێی‌ نێوان حكومەتی‌ هەرێم‌و بەغدا‌و یەكلابونەوەی‌ كێشەكان بەسودی‌ لایەنی‌ دووەمیان، دیارترین ئەو كێشانەبوون كە گوزەرانی‌ هاوڵاتیانیان بەتەواوەتی‌ سەختر كرد.

هیچ كام لەحزبەكان نەیانتوانی‌ ئەو بەڵێنانە ببەنە سەر كە لەكاتی‌ هەڵبژاردنەكانی‌ 2013دا بەخەڵكیاندان، پرۆژەكانیش بۆ چاكسازی‌‌و باشكردنی‌ بژێوی‌ خەڵك نەچونە بواری‌ جێبەجێكردنەوە.

بەبڕوای‌ كەمال چۆمانی‌، نوسەرو چاودێری‌ سیاسی‌، دەركەوتنی‌ كاندیدەكان لەخۆپیشاندانەكاندا دوو دیوی‌ هەیە،  "زۆرجار ئەوە باشە ئەگەر بێتو وا لە كاندیدەكە بكات بۆ دوور مەودا بۆ چوار ساڵی‌ داهاتوو كار لەسەر داواكارییەكانی‌ خەڵك بكات، بەڵام بەداخەوە زۆرجار ئەمە ڕوونادات".

چۆمانی‌ زیاتر وتی‌ "لەكاتی‌ خۆپیشاندانەكانی‌ 17ی‌ شوباتی‌ 2011 كۆمەڵێك خەڵك بوونە كاندید لەپەرلەماندا تووشی‌ بەرپرسیاریەتی‌ ئەخلاقی‌ بوون، بەڵام ئەوانەی‌ بەرپرسیاریەتیە ئەخلاقیەكەیان هەڵگرت كەمبوون، ئەوانەی‌ خیانەتیان لەگوتارەكانیان كرد ژمارەیان زیاترە".

پێیوایە دەبێت كاندیدەكان لەرێگەی‌ دونیابینی‌‌و ستراتیژ‌و فیكر‌و پرۆژەكانیانەوە خۆیان لەدەنگدەرەكان نزیك بكەنەوە، دەكرێت لەرێگەی‌ كەمپین‌و پرۆژەی‌ جۆراوجۆرەوە لەناو كۆمەڵگەدا بكەن.

بە"نیقاش"ی‌ وت "بەڵام لەكوردستان بەهۆی‌ ئەوەی‌ خۆپاڵاوتن تەندروست نیە‌و بەهۆی‌ نزیكبونە لەم بەرپرس‌و ئەو بەرپرس‌و كاندیدەكان هیچ شتێكیان نیە خۆیانی‌ پێبناسێنن ناچارن لە ناو خۆپیشاندەراندان خۆیان بنوێنن‌و خۆیان دەربخەن".

جگە لەبەكارهێنانی‌ خۆپیشاندانەكان لەلایەن كاندیدەكانەوە، هەندێكجاریش خۆپیشاندەران سود لەو دەموچاوانە وەردەگرن كە لەكۆمەڵگەدا دیارن‌و ڕەخنەی‌ توندیان لەدەسەڵات هەیە، زۆرجار ئەمانە وەكو خۆراك بۆ بەردەوامی‌ خۆپیشاندانەكان سەیر دەكرێن، بەڵام لەچاو كاندیدەكان ژمارەیان هێندە كەمە لەپەنجەی‌ دەست تێپەڕناكات.