بەخشكەیی نەخشەی گەڕانەوەی داڕشتبوو
حاجی عەلی ئیقباڵپوور.. ئەو پیاوە ئێرانییەی حكومەتی عێراقی گەڕاندەوە بۆ كەركوك

عیراق

10/04/2018‌ 5548 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: مەكتوب
كاتێك هەولێر و بەغدا مشتومڕیان بوو لەسەر گەڕانەوەی دەسەڵاتی حكومەتی عێراق بۆ كەركوك لە كۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، پیاوێكی ئێرانیی بە خشكەیی هەموو نەخشەكانی چۆنێتی گەڕانەوەی دەسەڵاتی مەركەزیی بۆ كەركوك داڕشتبوو سا ئیتر بەرێككەوتنبێت، یان بە شەڕ، ئەویش حاجی عەلی ئیقبالپوورە كە لەناو دۆستە عێراقییەكانیدا بە "ئاغای ئیقباڵی" ناو دەبرێت.

ئیقباڵپوور ئێستا تەمەنی لە سەرووی شەست ساڵانەوەیە و مووەكانی سەری خەریكە بە تەواوی سپی دەبن، بەڵام ئەو كاتێك ساڵی ١٩٨٨ لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە راسپێردرا، كە سەرپەرشتی كاروباری ئەو كوردە عێراقییانە بكات، كە بەهۆی كیمیابارانی شاری هەڵەبجە و هێرشكردنە سەر بارەگای سەركردایەتی ی.ن.ك لە ناوچەی سەرگەڵوو و بەرگەڵوو چوونەتە ناو ئێرانەوە، هێشتا گەنج بوو. بەڵام ئەم ئاشنایی و دۆستایەتییە لە هەستیارترین قۆناغدا پێچەوانە بوویەوە و بەهۆی نەخشە و پلانەكانی ئەوەوە، لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا دەسەڵاتی كورد لە كەركوك دوور خرایەوە.

سەبارەت بە ئەرك ‌و رۆڵی ئیقباڵپوور لەناو سوپای پاسدارانی ئێرانیدا كە بەشی زۆری تەمەنی لەو سوپایەدا بردووەتەسەر، زانیارییەكی ئەوتۆ لە بەردەستدا نییە و میدیا ئێرانییەكانیش بە دەگمەن باسی دەكەن، بەڵام بەرپرس و فەرماندەكانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە كەركوك، زۆر باش كەسایەتی ئیقباڵیپوور دەناسن و چەندینجار پێكەوە دانیشتن  وكۆبوونەوەیان هەبووە.

ئەگەر پەیجەكانی نزیك لە حەشدی شەعبی نەبن، ئەوا هەرگیز وێنەی ئەو پیاوە ئێرانییە كە لە دوای ساڵی ٢٠١٤وە هەمیشە پێیەكی لە عێراق بە تایبەت لە كەركوك بووە، نە دەبینرا. چونكە بۆ ئەو "پاراستنی هەیمەنە و دەسەڵاتی توركمانە شیعەكان و حكومەتی ناوەند لەكەركوك لە پێشی هەموو شتەكانی ترەوەیە" بۆیە هەمیشە وێنە نوێیەكانی‌ ئیقباڵپوور لەرێی‌ پەیجی‌ فەرماندە باڵاكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لە كەركوك بڵاودەكرێنەوە.

ئیقباڵپوور هەمیشە بە جلێكی‌ سەوزبا‌وی سەربازییەوە دەردەكەوێت، شارەزایی‌ باشی لە جوگرافیای هەرێمی‌ كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان هەیە. تاڕادەیەكی زۆر دەتوانێ بە زمانی‌ كوردی‌ قسە بكات.

بەر لە رووداوەكانی‌ ١٦ی‌ ئۆكتۆبەر، ئەو كاتەی سوپا و حكومەتی عێراق دەسەڵاتیان لە كەركوك لاوازبوو هەروەها هێزی‌ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كە ئەمریكا سەركردایەتی دەكات، بنكە و بارەگەیان لە كەركوكدا هەبوو، ئیقباڵپوور بە ئاسانی و بە ئاشكرا لەو ناوچانە تەراتێنی دەكرد و وێنەكانی لەگەڵ فەرماندە باڵاكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ و پێشمەرگەدا بڵاو دەكرایەوە.

بەگوێرەی قسەی ئەو پێشمەرگە و فەرماندانەی كورد كە لە نزیكەوە ئیقباڵپووریان بینیوە بۆ ماڵپەری‌ مەكتوب "ئەو پیاوە ئیرانییە هەمیشە بایەخی دەدا بە توركمانە شیعەكانی ناو كەركوك و ئەو پشتیوانیانەی نەشاردووەتەوە. هەروەها دەیوت كە زۆر ستەم لە توركمانی شیعە كراوە لەلایەن هێزە عێراقییەكان وگروپە چەكدارەكانەوە. بۆیە كورد و پێشمەرگە خۆشیان لە دیدار و قسەكانی نەهاتووە."

بۆ سەركردەی‌ توركمانە شیعە‌كان لە كەركوك و خورماتوو، ئیقباڵپوور "پارێزەری‌ پاراستنی‌ توركمانەكانی‌ كەركوك و خورماتووە چونكە كاریگەریی زۆری هەبووە لە پاراستنی فەرماندە و چەكدارانی حەشدی شەعبی" ئەمە وەكو لە بەیاننامەیەكی (ئەبو مستەفا ئیمامی)‌ یاریدەدەری‌ فەرماندەی‌ میحوەری‌ باشووری‌ حەشدی‌ شەعبی‌ كە ناوەڕاستی مانگی‌ ئەیلولی‌ ٢٠١٧ بڵاویكردەوە.

هەروەها رۆژی ١٤ی‌ ئۆكتۆبەری‌ ٢٠١٧ پەیجی فەرمی (فەرماندەیی‌ عەباس قیتالی)‌ لە حەشدی شەعبی وێنەیەكی‌ سێ‌ سەركردەی‌ حەشد‌ و ئیقباڵپووری‌ بڵاو كردەوە كە لەسەری نووسرابوو "كەركوكییەكان چاوەڕوان بن بەمنزیكانە ئاڵای حكومەتی فیدراڵ لە تەواوی‌ فەرمانگەكان بە شكۆوە هەڵدەدرێت و دەسەڵات بۆحكومەتی‌ ناوەند دەگەرێتەوه"

وەستا رەسوڵ ‌ فەرماندەی‌ پێشمەرگە لە كەركوك‌ لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ حەفتەنامەی (هەواڵ) كە لە كەركوك چاپ دەكرێت، سەبارەت بە رووداوەكانی‌ ١٦ی‌ ئۆكتۆبەر و رۆڵی ئیقباڵپوور دەڵێ: " حاجی ئیقباڵپوور وتی دێمە لات، من و جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی‌ هێزەكانی‌ حەفتا و لیوا روكن مەریوان فەرماندەی‌ لیوای‌ پشتیوانیی‌ دوو‌ لەگەڵ ئیقباڵپوور دانیشتین. ئەوان كە هاتن ‌ ١٢ كەس بوون، تەنیا یەكێكیان عێراقی بوو!  كەوابێت ئێمە لەگەڵ ئێرانییەكان دانوستان دەكەین. ئیقباڵپوور‌ پێیوتین ئێوە دۆستی ئێمەن هاتووین پێتانبڵێن كە عێراق هێرش دەكات بۆ كۆنترۆڵكردنی كەركوك جا بەخۆشیی بێت یا ناخۆشیی ئەوا راناوەستێت. بۆیە ئێوە لەو ناوچەنەی‌ حكومەتی‌ عێراق‌ داوای‌ دەكات بكشێنەوه."

دوای كۆبوونەوەی فەرماندەكانی پێشمەرگە لەگەڵ ئیقباڵپوور، جەعفەر شێخ مستەفا پەیوەندی‌ بە ئاسۆ مامەند بەرپرسی‌ مەڵبەندی‌ ی.ن.ك لە كەركوكەوە دەكات و پوختەی قسەكانی ئیقباڵپووری پێ رادەگەیەنێ كە‌ داوای‌ كشانەوەی‌ پێشمەرگە دەكات. بەڵام ئاسۆ مامەند رەتی دەكاتەوە پێشمەرگە بكشێتەوه، ئەگەر هەر سوورن لەسەر ئەوەی بە شەڕ بیگرنەوە، "ئەوا‌ با بەسەر لاشەی‌ ئێمەدا بڕۆن" ئەم وەڵامەی بەرپرسەكەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەبێتە مایەی نیگەرانی‌ ئیقباڵپوور.

ئامادەیی ئیقباڵپوور لە كەركوك بە تایبەت لەسەر وەختی رووداوەكانی ١٦ی‌ ئۆكتۆبەر، شتێك نەبوو لای میدیا و رۆژنامەنووسانی ئەمریكی و رۆژئاوایی شاراوەبێ، هەربۆیە لە چەندین وتاردا دژی ئەو پیاوە ئیرانییە وەستانەوەو داوایان كرد كە ئیقباڵپوور لەو ناوچانە دوور بخرێتەوە و كۆتایی بە رۆڵی بهێنن.

ھێنری لیڤی، نووسەرو فیلمسازی ناوداری فەرەنسی دوای‌ پێنج رۆژ لە رووداوەكانی‌ ١٦ی‌ ئۆكتۆبەر لە وتارێكدا‌ دەڵێ: "شەوی پێش كەوتنی كەركوك ئەفسەرێكی ئێرانیی بەناوی ئیقباڵپوور لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا ھەڕەشەی ئەوەی كردووە ئەگەر كەركوك نەدەن بەدەستەوە ئەوا ھێرشتان دەكەینەسەر".

هەروەها مارك ئۆلا نووسەری‌ بەناوبانگی‌ ئەمریكی‌ لەوتارێكدا كە لە ٢٩ ی‌ ئۆكتۆبەر بڵاویكردەوە داوا لە كۆشكی‌ سپی‌ دەكات فشار لەسەر حكومەتی‌ عێراق‌ دروست بكات بۆ ئەوەی‌‌ ئێرانییەكان بەسەرۆكایەتی‌ ئیقباڵپوور عێراق جێبهێڵن و بگەڕێنەوە ئێران .

بەڵام ئێستا دوای نزیكەی شەش مانگ لە رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، هێشتا رۆڵی ئیقباڵپوور كۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە لەسەر جێبەجێكردنی پلانەكانی لە كەركوك و خورماتوودا، ئەمجارە دەیەوێ هێزە كوردییەكان بگێڕێتەوە بۆ كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان بەڵام هەرگیز بەو دەسەڵاتەوە نا كە پیش ١٦ی ئۆكتۆبەر هەیان بوو.

سەرەتای مانگی‌ ئازاری‌ ئەمساڵ لە شاری‌ سلێمانی،‌ ئیقباڵپوور‌ لەگەڵ  قوباد تاڵەبانی‌ جێگری‌ سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان دیداری كردووە و بەڵێنی‌ ئەوەی بە ی.ن.ك داوە كە ئامادەكاریی  و ئاسانكاریی دەكات بۆ گەڕانەوەی‌ هێزی‌ پێشمەرگە بۆ دەوربەری‌ كەركوك و پێدانەوەی‌ بارەگەكانی‌ یەكێتی‌ لە خورماتوو. دوای ئەو كۆبوونەوەیە یەكێتی نیشتمانی كوردستان گەڕایەوە بۆ خورماتوو. ئەمەش نیشانی دەدات كە هێشتا هەژموونی حاجی عەلی ئیقباڵپوور بەسەر كەركوك و دەوروبەریدا ماوە.