محەمەد ڕەئوف: ئەگەری گۆڕانكاری هاوسەنگی هێز لەعێراق‌و هەرێمیش هەیە

عیراق

27/04/2018‌ 1922 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد ڕەئوف ئەندامی دامەزرێنەری لیستی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری دەڵێت: هەڵمەتی ئەمجارەی هەڵبژاردنەكان زۆر گەرموگوڕەو ئەوە دەگەیەنێت كێبڕكێكە زۆر گەرمەو ئەگەری گۆڕانكاری هاوسەنگی هێز لەسەرتاسەری عێراق بەگشتی و لەكوردستان بەتایبەتی هەیە.

محەمەد ڕەئوف لەمیانی گفتوگۆیەكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا دەشڵێت: "بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە بۆ هەموو لایەنە عێراقی و كوردستانییەكان جیاوازە لەبەر ئەو بارودۆخانەی، كە لەپێشووتر لە ئارادابووەو تا ئێستاش هەیە، ئەو هێزە نوێیانەی بەشداری دەكەن لەهەڵبژاردنەكان، كە ئێمە یەكێكین لەو هێزانە هاتوینەتە مەیدان و كێبڕكێی‌و بانگەشەكەیان گەرموگوڕتر كردووە ."

محەمەد ڕەئوف ئاماژەی بەوەكرد، كە ئەمجارە هەڵمەتی دڕاندن و سوتاندنی پۆستەر و بانگەشەی لایەنەكان زیادیكردووە بەجۆرێك ئەو بە دیاردەی سەیر ناوی برد و وتیشی: "لەگەڵ ئەوەشدا هەڵمەتی دڕاندن و سوتانی پۆستەر و بانگەشەی لایەنەكان بە تایبەت لایەنە نوێیەكان زۆر زۆرە بۆ نموونە سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی لەهەولێر (٥٠٠) وێنەی خۆی هەڵواسیووە لەماوەی ئەو دە ڕۆژەدا بەڵام تەنهی (٤٥) وێنەی ماوەتەوە هەمووی دڕێنراوە."

بەبڕوای ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی دڕاندنی پۆستەرەكان كارێكی ڕێكخراوەو خەڵكی ئاسایی نایكات، "ئەوەندەی من ئاگاداربم خەڵكی توڕە تاقەتی دڕاندن و پەلاماردن و ئەو شتانەی نییە ئەوە بە بەرنامە و ڕێكخراو دەكرێت شتی وا هەیە نیو كاتژمێرە دامانناوە یەكسەر لێدەكرێتەوە ئەوەش بەگروپێكی ڕێكخراو دەكرێت، كە شەوانە و ڕۆژانە هەیانە، دیاردەیەكی زۆر سەیرە هەرگیز شتی وانەبووە لەهیچ هەڵبژاردنێكدا ئەمەش ئەوە دەگەینێت، كە كێبڕكێكە زۆر گەرمەو ئەگەری گۆڕانكاری هاوسەنگی هێز هەیە لەسەرتاسەری عیراق بەگشتی و لەكوردستان بەتایبەتی."

ئەو سەركردەی هاوپەیمانی هەروەها وتی: "مەبەستم لەكوردستاندا لەنێوان هێزەكاندا ئەگەری گۆڕینی هاوسەنگی زۆرە‌و لەشوێنەكانی تری عێراق لەنێوان لایەنە سوننەكان خۆیان ‌و لەنێوان لایانە شیعەكانیش خۆیان."

سەبارەت بەهۆكاری كەمی بانگەشەی لایەنە كوردییەكان لەناوچە جێناكۆكەكان محەمەد ڕەئوف وتی: "لەدوای ٢٠١٤ و تائێستاش دۆخێكی ناجێگیر ئەو ناوچانەی گرتووەتەوە، بەشێكی زۆری ناڕەحەتەو بەشێكی دەترسێت ‌و دۆخی ناوچەكان، بۆیە جیاوازی هەیە لەنێوان بانگەشەی هەڵبژاردنەكان لەكوردستان و لەناوچە جێناكۆكەكان."

ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوەی دەڵێت ناتوانم بەژمارەو ڕێژە ئێستا بڵێم چەند كورسی دەهێنین، بەڵام دەڵێت: "گروپەكانمان دەچنە ناو خەڵك و ناو بازاڕ و شوێنەكان تا ئێستا حاڵەتی ڕەفز و توڕەیی خەڵكمان نەدیووە بەپێی ئەو قسانەی لەناو خەڵكەوە بۆمان دێنەوە چاوەڕێی باشمان هەیە لەخەڵكی خۆمان."

محەمەد ڕەئوف وتیشی: "ئێمە كاریگەریمان دەبێت لەسەر دەنگی پارتی و یەكێتی و ئیسلامیەیكان، بەڵام دیارە ڕێژەكە دیاریكراو نییە تا دوای هەڵبژاردن ئەوە نازانرێت."

سەبارەت بەوەی چ لایەنێك بەڕكابەری خۆیان دەزانن لەهەڵبژاردنەكان؟ محەمەد ڕەئوف ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری حیزبی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری دەڵێت: "هەموو هێزەكان ڕكابەری یەكترن بەشێوەیەكی گشتی، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە لیستێكی خاوەن پڕۆژەین‌و یەكسەر باس لەگۆڕینی دەسەڵات دەكەین دیارە دوو حیزبی دەسەڵات بەجدی ڕكابەری ئێمە دەكات ‌و ئێمەش هی ئەوان واتە ڕكابەری بەشێوازی ئاشتیانە."

هەروەها وتی: "ئەگەر خەڵكێكی زۆر و دەنگێكی زۆر و كورسییەكی زۆرمان هەبوو لەعێراق ئەوا لەكۆتایی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت و لەوێش كورسی زۆر بەدەست دەهێنین ئەوكاتەش پەرلەمانی كوردستان هاوسەنگی هێز دەگۆرێت ‌و دەتوانین لەگەڵ ئەو هێزانەی كەبیركردنەوەمان نزیكە هاوپەیمانی بكەین لەناو پەرلەمان، ئەوكات هاوسەنگی هێز لەناو پەرلەمانی كوردستان دەگۆڕێت."

بەوتەی محەمەد ڕەئوف ئەگەر لیستەكوردییەكان ببنە یەك لیست بەو مەرج و شێوازانەی دوای هەڵبژاردنەكان دیاریدەكرێت ئەوا دەتوانێت لەناو پەرلەمانی عیراقیش هاوسەنگی هێز بگۆپڕێت، "كوردیش ئەگەر یەك لیستی گەورە بێت لەدوای هەڵبژاردنەكان ئەوا دەتوانێت هاوسەنگی هێز لەنا پەرلەمانی عیراق بگۆڕێت چونكە تا ئێستا شیعەكانیش لیستێكی یەكگرتوویان نیە."

محەمەد ڕەئوف یەكێك لەسەركردە و دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری لەبارەی ئەوەی هاوپەیمانی چی تازەتری پێیە لەحیزبەكانی تر، كە بەشێك لەسەركردەكان و كادیرەكان لەحیزبەكانی ترەوە هاتوون؟ وتی: "هەرچیمان نوسیووە لەپڕۆژە و بەرنامەكانمان هەمووی نوێیە هیچ شتێكمان كۆپی هیچ حیزبێكی تەقلیدی نییە و لەحیزبەكانی ترەوە نەمان هێناون."

هـ ـ ح