پێنج حزبى ڕۆژهه‌ڵات ئاماده‌كاریى بۆ ڕاپه‌ڕین ده‌كه‌ن‌و په‌یامێكى به‌په‌له‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4581 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پێنج حزبى ڕۆژهه‌ڵات ئاماده‌كاریى بۆ ڕاپه‌ڕین ده‌كه‌ن‌و په‌یامێكى به‌په‌له‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌، ڕاشیده‌گه‌یه‌نن، "لەڕۆژانی بەچۆکداهاتنی ڕژێم‌و ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکدا پێویستە سەرجەم بنکەو دامودەزگا ئیداریی‌و خزمەتگوزارییەکان لەپێناو بەرژەوەندیی‌و پێداویستییەکانی گشتیدا بپارێزرێن"، داواكارییه‌كى به‌په‌له‌ش ئاراسته‌ى هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌كات‌و ده‌ڵێت:"ڕیزی خۆیان لەپاشماوەکانی کۆماری ئیسلامی جیابکەنەوە‌و ئەم دوا دەرفەتە لەکیس خۆیان نەدەن".


ده‌قى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌:

خەڵکی خەباتکارو مافخوازی کوردستان!
لە ڕۆژی شەممە، 9ی ڕەشەمەوە ڕەوتی ڕووداوەکان لەئێران بەرەو ئاڵوگۆڕێکی قووڵ‌و بنەڕەتی دەچن. ئەو شەڕەی کە لە ئێستادا هەڵگیرساوە ئاکامی دەیان ساڵ سیاسەتی زێدەخوازیی ڕێژیم، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچە، پاڵپشتیی تێرۆریزمی دەوڵەتی، پێداگری لەسەر دەسخستنی بۆمبی ئەتوم و پێشخستنی پیشەسازیی مووشەکی، دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر ئەمنییەتی جیهانی و پێمل‌نەبوونی ڕێژیم بە ڕێوشوێنە نێونەتەوەییەکانە؛ سیاسەتێک کە دواجار هەم ئێرانی کردە وڵاتێکی وێران بە ئابوورییەکی داڕماو و هەم ڕێژیمەکەشی بەرەو ڕووخان برد. 

کوژرانی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم و دەیان فەرماندەی نیزامی و کاربەدەستی سیاسیی ئەم ڕێژیمەش دۆمێنۆی ئەو ڕووخانەی خێراتر کردووە.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێ کە ئەم شەڕە، شەڕی کۆمەڵگەی ئێران و نەتەوەکانی ئەم وڵاتەلەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیل و کۆمەڵگەی جیهانی نییە، بگرە ئەوەڕێژیمی دیکتاتۆر و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامییە کە هەموو خەڵکی وڵاتی بەبارمتە گرتووە، هەموو ماف و ئازادییەکی لێ زەوت کردوون و هەر لە بەفرانباری ئەمساڵدا هەزاران کەس لە خەڵکی ڕاپەڕیو و مافخوازی ئێرانی کۆمەڵکوژ کرد. لە ئێستاشدا کە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم چارەنووسسازترین ڕۆژەکانی خۆیان‌دان، ڕوو بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان داوا دەکەین:

1ـ خەڵکی کوردستان پێ‌بەپێی ڕەوتی رووداوەکان پێویستە لەسەر هەست بن و وشیارانە بەرەوڕووی پێشهاتەکان ببنەوە و هەلسووکەوتی سیاسیی خۆیان لەگەڵ داوا و ڕاسپاردەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕێک‌بخەن و ئەم هەماهەنگی و پێوەندییە زیندوو و بەرهەمدار بکەن.

2ـ لەڕۆژانی بەچۆکداهاتنی ڕێژیم و ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکدا پێویستە سەرجەم بنکە و دامودەزگا ئیداری و خزمەتگوزارییەکان لەپێناو بەرژەوەندی و پێداویستییەکانی گشتیدا بپارێزرێن.

3ـ داوا لەهێزە چەکدارەکان ڕێژیم لە کوردستان دەکەین ڕیزی خۆیان لە پاشماوەکانی کۆماری ئیسلامی جیا کەنەوە. پێیان ڕادەگەیەنین وا باشە ئەم دوا دەرفەتە بۆ پشت‌تێکردن لە دوژمن و هەڵبژاردنی بەرەی نەتەوەکەیان لەکیس خۆیان نەدەن.

4ـ پێویستە هەموو خەڵکی کوردستان بە ژیری و پێگەیشتووییەوە بەرەوڕووی گۆڕانکارییەکان بچن و خۆ لە هەڵەشەیی و تۆڵەسەندنەوەی تاکەکەسی کە زیان بە ئەمنییەت و پاراستنی گشتیی کۆمەڵگە دەگەیەنێ بپارێزن.

5ـ داوادەکەین لەپێناو پارێزراوبوونی زیاتردا چەندی دەتوانن لە بنکە و ناوەندە سەربازی و ئەمنییەتییەکانی ڕیژیم دوور بکەونەوە.

6ـ داوادەکەین لە ڕۆژانی سەختی بەردەمماندا خەڵکەکەمانبەتایبەت توێژی بازاڕ و دووکاندار و خاوەن‌ماڵەکان زیاتر لە هەرکاتێک ئاگاداری یەکتری بەتایبەت خەڵکی کرێچی، هەژار و بێ‌ئەنوا بن و بە دەسگرۆیی یەکتر ئەو ڕۆژە سەخت و دژوارانە تێپەڕینین.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لەگەڵ ڕەوتی ڕووداوەکاندا سیاسەت و بەرنامەکانی لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوەکانی دیکی خۆیەوە بڵاو دەکاتەوە.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
11ی ڕەشەمەی 1404ی هەتاوی