ئەمریکا بەچەکێکی ئێرانی هێرشیکردەسەر تاران.. نهێنیی درۆنە 35 هەزار دۆلاریه‌كه‌ ئاشكراده‌كرێت

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2600 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەهێرشە هاوبەشەکەی ڕۆژی شەممەدا کە بەناوی پرۆسەی (داستانی توڕەیی) ئەنجامدرا، سوپای ئەمریکا نەک هەر بەفڕۆکە پێشکەوتوەکانی، بەڵکو بەچەکێکی سەیر جیهانی شۆککرد؛ چەکێک کە دیزاین‌و بیرۆکەکەی لەتارانەوە بۆ واشنتۆن کۆپی کراوەتەوە.


کاتێک ئەمریکا چەکە ئێرانییەکە دژی خۆیان بەکاردێنێتەوە
بۆ یەکەمجار، پێنتاگۆن پەردەی لەسەر فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (لوكاس ـ Lukas) لادا، ئەو فڕۆکەیە تێچوەکەی تەنها 35 هەزار دۆلارە، هاوشێوەی فڕۆکە ئێرانییەکانی جۆری (شاهد) دروستکراوە، ئەمە گەورەترین مەفرەزە بوو کە واشنتۆن دژی تاران بەکاریهێنا، بەکارهێنانی فڕۆکەی هەرزان‌و خۆکوژ بۆ تێکشکاندنی قەڵغانە بەرگرییەکان.

ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە کە لەلایەن کۆمپانیای (سپێکتروۆرکس) لەویلایەتی ئەریزۆنا بەرهەمدەهێنرێن، لەڕوی شێوەو کارکردنەوە هاوشێوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە (شاهد)ەکانی ئێرانن، پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەکردوە، تێچوی هەر دانەیەک لەم فڕۆکانە كه‌مه‌ بەراورد بەموشەکەکانی دیكه‌ى ئەمریکا.

ستراتیژی کوتلەی گونجاو.. جەنگ بەنرخی هەرزان!
ئەمریکا لەڕێگەی ئەم هێرشەوە پەیامێکی نوێی ناردو وتى، "چیتر تەنها پشت بەموشەکی ملیۆن دۆلاری نابەستێت، بەڵکو لەڕێگەی ستراتیژی چەکی زۆر هەرزان‌و بەسەدان فڕۆکەی هەرزانی وەک (لوكاس) ئاسمانی دوژمن پڕبکات، تا بەرگرییەکان پەکبخات‌و پاشان بەموشەکی تۆماهۆک‌و فڕۆکەی F-35 کۆتایی بەئامانجەکان بهێنێت.

وردەکاریی هێزە وێرانکەرەکە لەداستانی توڕەییدا !!
هێرشەکە تەنها فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان نەبون، بەڵکو تێکەڵەیەکبوو لەهێزی تەکنەلۆژیا بۆ نمونه‌:
موشەکی تۆماهۆک: نێچیرگرە دورمەوداکە، کە لەدوری هه‌زارو 600 کیلۆمەترەوە ئامانجەکەی دەپێکێت‌و تێچوی هەر دانەیەکی 1.3 ملیۆن دۆلارە.
F-35و F-18: فڕۆکە شێوە تەم‌و مژاوییەکان، توانای بینینی ڕادارەکانیان پەکخست‌و وێرانکارییەکی گەورەیان لەشوێنی مەبەست دروستکرد.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێن، ئەو هێرشە وەرچەرخانێکی مێژویی بوو؛ ئەمریکا چیتر تەنها بەتەکنەلۆژیای ئاڵۆز شەڕ ناکات، بەڵکو فێربوە چۆن چەک‌و تاكتیکی نەیارەکانی (وەک ئێران) دژی خۆیان‌و بەتێچویەکی کەم بەکاربهێنێتەوە.