تەڵەی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران: ڕۆڵی ستراتیژیی عێراق

توێژینەوە و شیکاریی

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 44 جار خوێندراوه‌ته‌وه

منتدی الخلیج الدولی
وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە: د.حلمی رەسوڵ رەزا
دانوستانەکانی ئێستای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە بارودۆخێکی ناوچەیی گۆڕاودا بەڕێوەدەچن کە بە تەواوی جیاوازە لەوەی لە ساڵانی ٢٠١٠دا هەبوو. گرنگی ئەم دانوستانانە لە خودی پرۆسە دیپلۆماسییەکەدا نییە، بەڵکو لە گۆڕانی هاوسەنگی هێزی نێوان هەردوو لایەندایە. ئێران چیتر لە پێگەی "کشان و فراوانبوون"ەوە دانوستان ناکات، بەڵکو لە پێگەی "پاشەکشە"وەیە. لەکاتێکدا تۆڕە ناوچەییەکانی لاواز دەبن و کەناڵە تەقلیدییەکانی بریکارەکانی لەدەست دەدات، عێراق وەک دوا کارتی ستراتیژی لەدەستی تاراندا ماوەتەوە.

بۆ چەندین ساڵ، ئێران دانوستانەکانی لەگەڵ واشنتۆن وەک تاکتیکێکی ئەنقەست بۆ کات کوشتن بەکارهێنا. گفتوگۆکان کەم جار ڕەفتارە بنەڕەتییەکانی تارانیان دەگۆڕی؛ بەڵکو ڕێگەیان بە ڕژێم دەدا فشارەکان بەڕێوەبەرێت و لە هەمان کاتدا بەردەوام بێت لە برەودان بە ئامانجە ستراتیژییە درێژخایەنەکانی. ڕێککەوتنی ئەتۆمی (JCPOA) لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا نموونەیەکی ڕوونە. لەکاتێکدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک دەستکەوتێکی دیپلۆماسی نیشان درا، بەڵام کات و سەرچاوەی دارایی گرنگی بۆ ئێران دابین کرد بۆ سەقامگیرکردنی ڕژێمەکە لە ناوخۆدا، قووڵکردنەوەی هەژموونی ناوچەیی، و نزیککردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە لێواری بەرهەمهێنان بەبێ ئەوەی تووشی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ ببێت. ئەو ستراتیژە کاتێک کارا بوو کە پڕۆژە ناوچەییەکەی ئێران لە گەشەسەندندا بوو، بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەکە گۆڕاوە.

هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییەی نێوان واشنتۆن و تاران، لەوانەش پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکان کە زۆرجار لە ڕێگەی نێوەندگیری وەک عومان ئەنجام دەدرێن، ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانە بۆ ڕێگریکردن لە تەقینەوەی دۆخەکە، لەکاتێکدا هەردوولا خەریکی هەڵسەنگاندنەوەی هێزی ستراتیژی خۆیانن. لە هەمان کاتدا، گفتوگۆکان جەخت لەسەر ئەو بێبەریی و متمانە نەبوونە دەکەنەوە کە سایەی بەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێراندا کێشاوە، تەنانەت لەگەڵ زیادبوونی گرژییە ناوچەییەکان. ڕۆڵی مێژوویی عومان وەک نێوەندگیرێکی بێدەنگ، ئاماژەیە بۆ ناسکیی ئەم پرۆسەیە؛ دیپلۆماسی بەردەوامە، بەڵام لە ژێر سایەی پەیامی سەربازی و گۆڕانی هاوپەیمانییە ناوچەییەکان کە مەودای مانۆڕی تارانیان بەرتەسک کردووەتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، گۆڕەپانی عێراق زیاتر لە جاران لەگەڵ داینامیکی دانوستانەکاندا تێکەڵ دەبێت، نەک وەک بابەتێکی فەرمی ناو ئەجێنداکان، بەڵکو وەک گۆڕاوێکی ستراتیژی کە کاریگەری لەسەر حیساباتی هەردوولا هەیە.

مانگی شیعیی تێکشکاوی تاران
تۆڕی بریکارەکانی ئێران لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چیتر وەک پێشتر یەکگرتوو نییە. لە سووریا، دیمەنەکە بە تەواوی گۆڕاوە. سووریا لە سایەی سەرۆک ئەحمەد ئەلشەرع (جۆلانی) هەمان سووریای سەردەمی بەشار ئەسەد نییە. ئەوەی سەردەمانێک وەک ڕێڕەوێکی ناوەندی بۆ هەژموونی ئێران کاری دەکرد، ئێستا بووەتە واقیعێکی سیاسی و ئەمنیی جیاواز کە بە توندی دژی تارانە. ئەم گۆڕانکارییانە بە کردەیی بوونەتە هۆی پچڕانی ئەو "مانگە شیعییەی" کە تاران پشتی پێ دەبەست بۆ گواستنەوەی هێز لە تارانەوە بۆ بەیرووت.
دەرەنجامی ئەم پچڕانە لە هەموو ناوچەکەدا دیارە. لە لوبنان، حزبوڵڵا —کە بەهێزترین بریکاری ئێران بوو— ڕووبەڕووی گۆشەگیرییەکی سیاسی و فشاری ئابووری و کۆتوبەندی سەربازیی بێوێنە بووەتەوە، ئەمەش بەهای ئەو حزبەی وەک هێزێکی بەرگری کەم کردووەتەوە. لە باشووریش، حوسییەکان هەرچەندە هێشتا توانای تێکدانیان هەیە، بەڵام بەهۆی ڕێکارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە لاواز بوون. کۆی ئەم پێشهاتانە ئاماژەیەکی ڕوونن: پایە ناوچەییەکانی ئێران لەبری پێشڕەوی، خەریکی هەڵوەشاندنەوەن، ئەمەش عێراق وەک کۆتا مەیدان دەهێڵێتەوە کە تاران بتوانێت تێیدا هەژموونی خۆی بە قووڵاییەکی ستراتیژیی واتادار نیشان بدات.

گرنگیی ستراتیژیی عێراق
تا ئێستا عێراق بەشێک نییە لە دانوستانەکان و لە ئەجێنداکاندا نییە، ئەمەش ڕێک ئەو خاڵەیە کە وای لێدەکات گرنگ بێت. لەکاتێکدا سەرمایە ناوچەییەکانی ئێران دادەخورێن، عێراق بووەتە دوا مەیدان کە تاران بتوانێت لە ڕێگەیەوە هێزی خۆی نیشان بدات، هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بکات، فشار بخاتە سەر وڵاتانی ناوچەکە و شێوەی قووڵایی ستراتیژی خۆی بپارێزێت. عێراق وەک کارتێکی مامەڵەکردن لە ناو دانوستانەکاندا کار ناکات، بەڵکو وەک "دوا کارت" کار دەکات کە ئێران لە دەرەوەی دانوستانەکان یاری پێ دەکات.
کۆکردنەوەی هێزی سەربازی پێش و لە کاتی دانوستانەکاندا بۆ هەڵگیرساندنی جەنگێکی گشتگیر نییە؛ بەڵکو فشارێکی حیساب بۆ کراوە بۆ بەرتەسککردنەوەی بژاردەکانی ئێران و لە هەمان کاتدا هێشتنەوەی گرژییەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵدا.

کەواتە پرسیارە سەرەکییەکە چیتر ئەوە نییە ئایا ئێران کات دەکوژێت یان نا، بەڵکو ئەوەیە ئایا تاران هێشتا دەتوانێت کات بکوژێت لە کاتێکدا دوا کارتی ستراتیژی بە تەواوی ئاشکرا بووە؟
ئەو دانوستانە پێشنیارکراوانەی کە پێش گەڕی ئێستا بە سەرپەرشتی تورکیا و وڵاتانی کەنداو و بە بەشدارییەکی فراوانی ناوچەیی بەڕێوەچوون (بەبێ بەشداری عێراق)، ئەم لۆژیکە بەهێزتر دەکەن. ئامادەنەبوونی عێراق پشتگوێخستنێکی دیپلۆماسی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکە لە چۆنیەتی تێڕوانینی واشنتۆن و هاوبەشەکانی بۆ عێراق: وەک خاکێکی تەواو داگیرکراو لەلایەن ئێرانەوە نایبینن، بەڵکو وەک شوێنێک دەیناسن کە پێگەکەی جێگەی کێبڕکێیە. ئەگەر دانوستانەکان شکستیان هێنا، عێراق دەبێتە مەیدانی سەرەکی کە تێیدا کاریگەریی ئێران تاقی دەکرێتەوە و ڕەنگە پووچەڵیش بکرێتەوە.

ڕێگاکانی بەردەم ئێران
لەم قۆناغەدا، دوو ڕێگەی ستراتیژی دەردەکەون:
1. سازشی تاکتیکی: ئەگەر سەرکردایەتی ئێران (بەتایبەت ڕێبەری باڵا) بتوانێت مانەوەی ڕژێم بۆ دەیەی داهاتوو مسۆگەر بکات، ڕەنگە تاران سازشی سنووردار قبوڵ بکات، وەک: گواستنەوەی بەشێک لە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠٪، سنووردارکردنی بەرنامەی موشەکی بالیستی، و کەمکردنەوەی دەستێوەردانی ئاشکرا لە هەندێک وڵاتی ناوچەکە. ئەم هەنگاوانە پاشەکشەیەکی ستراتیژی نابن، بەڵکو بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان دەبن لە کاتێکدا دەیانەوێت عێراق وەک دوا پێگەی بریکارەکانیان بپارێزن.

2. شکست: ئەگەر دانوستانەکان بڕووخێن، هێزی بەرپەرچدانەوەی ئێران لە لاوازترین ساتەکانیدا تاقی دەکرێتەوە. بەرپرسانی ئێران چەندین جار هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان کردووە، بەڵام ژینگەی ناوچەکە گۆڕاوە. ئەو دەوڵەتانەی پێشتر دوودڵ بوون، ئێستا زیاتر هاوئاهەنگن و کەمتر ئامادەن بەرگەی گرژیی بێ کۆتایی بگرن. هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بە وەڵامێکی توند دەدرێتەوە کە سەقامگیریی ڕژێم دەخاتە مەترسییەوە. لەم سیناریۆیەدا، عێراق چیتر وەک قەڵغان بۆ ئێران کار ناکات، بەڵکو دەبێتە خاڵی فشار کە تاران لاوازتر دەکات.

گۆڕینی هێزی فشار بۆ بارگرانی
لەم بارودۆخە پڕ مەترسییەدا، واشنتۆن دەستی کردووە بە گۆڕینی مامەڵەی خۆی لەگەڵ عێراق؛ چیتر وەک مەیدانێکی پەراوێزی نایبینێت، بەڵکو وەک چەقی ستراتیژی ناوچەیی دەیبینێت. بڕیاری لادانی "مارک ساوایا" لە پۆستی نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ عێراق و گواستنەوەی دۆسیەی عێراق بۆ "تۆم باراک" (باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەت بۆ سووریا)، تەنها جوڵەیەکی ئیداری ئاسایی نییە، بەڵکو نیشانەی تێگەیشتنێکی قووڵە کە عێراق تەنها دوا کارتی ئێران نییە، بەڵکو گەورەترین خاڵی لاوازیەتی.

تۆم باراک بەوە ناسراوە کە دەتوانێت دیدگا و سیاسەتەکانی سەرۆک ترەمپ بە کارایی جێبەجێ بکات. ئەو لە تورکیا توانایەکی بێوێنەی لە بەڕێوەبردنی هاوپەیمانییە ئاڵۆزەکاندا نیشان دا. تێوەگلانی لە کۆتاییهێنان بە هاوپەیمانی واشنتۆن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (HSD)، جەختی لەسەر ئامادەیی ئەمریکا کردەوە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ستراتیژی سەخت کاتێک بارودۆخی ناوچەکە دەگۆڕێت.
سپاردنی دۆسیەی عێراق بە "باراک"، پەیامێکی ڕوونە: عێراق چیتر وەک بابەتێکی تەکنیکی یان پلە دوو مامەڵەی لەگەڵ ناکرێت، بەڵکو بووەتە چەقی ستراتیژی ئەمریکا بەرامبەر ئێران. لۆژیکەکە سادەیە: هەرچی ئێران هەژموونی لە سووریا، لوبنان و یەمەن زیاتر لەدەست بدات، پشت بەستنی بە عێراق زیاد دەکات. هەرچەندە ئێران زیاتر پشت بە عێراق ببەستێت، زیاتر دەبێتە ئامانج. ئەوەی پێشتر "هێزی فشار" بوو، ئێستا دەگۆڕێت بۆ "بارگرانی" (Liability) لە ڕووی سیاسی، ئابووری و ستراتیژییەوە.

ئەنجام
ئەوەی لەسەر ڕووکەش وەک دیپلۆماسییەکی نوێ دەردەکەوێت، لە ناوەڕۆکدا ڕەنگە ستراتیژییەک بێت بۆ کۆتاییهێنان بە یارییەکە. ئێران لە کاتێکدا دانوستان دەکات کە بژاردەکانی کەم دەبنەوە، هاوپەیمانەکانی لاواز دەبن و دوا مەیدانی بریکارەکانی (عێراق) دەکەوێتە ژێر فشاری توند. واقیعێک هەیە کە نکۆڵی لێ ناکرێت: عێراق چیتر تۆڕی سەلامەتیی ستراتیژیی ئێران نییە، بەڵکو بووەتە ئەو خاڵە فشارەی کە دەکرێت تارانی پێ گۆشەگیر بکرێت. هەفتەکانی داهاتوو دەریدەخەن ئایا ئێران درک بەم گۆڕانکارییە دەکات پێش ئەوەی کات بەسەر بچێت، یان دوا کارتەکەی پێشوەختە لە دژی بەکارهێنراوە.