شارپرێس:
شارى عەفرین جارێکی دیکە کەوتەوە ناو گێژاوی ناڕەزایەتییەکان، بەڵام ئەمجارەیان نەک دژی نەبونی خزمەتگوزاریی، بەڵکو دژی زنجیرەیەک بڕیاری نوێی دامەزراندن کە چالاکوانان بەهەنگاوێک بۆ چەسپاندنی ستەمو گۆڕینی ناسنامەی ناوچەکە ناوی دەبەن.
گەڕانەوەی تۆمەتباران بۆ لوتکەی دەسەڵات
دیارترین بڕیار کە بوەتە هۆی تەقینەوەی توڕەیی خەڵک، دەستنیشانکردنی (ئەحمەد جەمال کەبسو)ه وەک بەرپرسی یەکەکانی ئەرکە تایبەتەکان، کەبسو کە پێشتر بەڕێوەبەری پۆلیسی سەربازیی بوە، تەنها ناوێکی سەربازیی نییە، بەڵکو لای ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وەک جهلادو یەکێک لەئەندازیارانی ڕفاندن بۆ فیدیەو دەستبەسەرداگرتنی ماڵی کوردان ناسراوه.
چالاکوانێکی مەدەنی لەناو جەرگەی شارەکەوە ئاماژهى بهوهداوه، "دانانی کەسێکی وا لەپۆستێکی هەستیاری ئەمنیدا، پەیامێکی ڕونە بۆ دانیشتوانە ڕەسەنەکەى كه دهڵێت، کە هیچ یاسایەک نییە بەیەکەوە بمانپارێزێت، تەنها دەسەڵاتی هێزو چەتەگەرییە".
پەراوێزخستنی دانیشتوانی ڕەسەن
لەلایەکی دیکەوە، هێنانی بەڕێوەبەری ناوچە لەدەرەوەی عەفرینو کەنارگیرکردنی کەسایەتییە ناوخۆییەکان، ترسی دانیشتوانی لەپلانێکی داڕێژراو بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە زیاترکردوە.
خەڵکی عەفرین دەپرسن، ئایا لەناو هەزاران ڕۆشنبیرو کەسی بەتوانای شارەکەدا، یەک کەس نەبوو شایستەی ئەو پۆستە بێت؟
هۆشداریی ڕێکخراوهكانى مافی مرۆڤ
ڕوانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ هۆشداریدەدات کە ئەو گۆڕانکارییانە تەنها گۆڕینی دەموچاوەکان نین، بەڵکو، زیادبونی گرتنی هەڕەمەکی زیاد دهكات بەمەبەستی ترساندنی ئەوانەی داوای مافەکانیان دەکەن، ههروهها تاڵانی ئابوریش زیاتر دهكات بهشێوهیهك، بەکارهێنانی دەسەڵاتی ئەمنی بۆ وەرگرتنی سەرانە لەبازرگانانو جوتیاران بهكاردههێنرێت، لهگهڵ ئهوانهشدا، شەرعیەتیش بەپێشێلکارییهكان دهدرێت کاتێک تۆمەتباران دەبنە بڕیاردەر، ئیتر چەمکی لێپرسینەوە لەناودەچێت.
ئەمڕۆ عەفرین لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ یان دەبێتە شارێکی یاساو پێکەوەژیان، یان بەهۆی ئەمجۆرە دامهزراندنانهوه، دەبێتە زیندانێکی گەورە کە تێیدا تەنها دەنگی چەکو پارە دەبیسترێت.
