به‌غدا بڕیارێكى خۆى دژى هه‌رێم هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 12001 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌غدا بڕیارێكى خۆى دژى هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتى فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراقیش له‌باره‌ى ورده‌كاریى بڕیاره‌كه‌وه‌ زانیاریى ئاشكراده‌كات.


شه‌وى ڕابردوو بەبیانوی نەبونی نوێنەرانی دەزگای کۆنترۆڵی جۆریی فیدراڵی لەهەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرو سلێمانی، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق گواستنەوەی زێڕو مۆبایلی لەڕێگه‌ی ئەو دوو فڕۆکەخانەیەوە قەدەغەکرد.

بەشی گواستنەوەی ئاسمانیی سەر بەدەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق لەنوسراوێکدا داوا لەسەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی دەکات کە نابێت زێڕو  مۆبایل لەڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرو سلێمانی بگوازنەوە.

به‌گوێره‌ى نوسراوەکەى شه‌وى ڕابردوو، نابێت زێڕ، مۆبایل‌و سەرجەم ئامێرەکانی تەکنەلۆژیای زانیاریی لەڕێگەی گواستنەوەی ئاسمانی‌و کارگۆوە بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێرو سلێمانی بگوازرێنەوە.

كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق ئەو نوسراوەی هەڵوەشاندەوە کە لەوباره‌یه‌وه‌ ده‌ریكردبوو، به‌ڵام وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەپێویستی دەزانێت، ئۆفیسی دەزگای پێوانەسازیی‌و کۆنترۆڵی جۆریی فیدراڵی لەهەردوو فڕۆکەخانەی هەولێرو سلێمانی بکرێتەوە.
 
له‌وباره‌یه‌وه‌ جیهاد دیوان بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەکان لەدەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق ئاشكرایكردوه‌، "بەیانی ئەمڕۆ ئەو نوسراوەی کە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراقی ئاراستەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کردبوو، لەبارەی قەدەغەکردنی هاوردەکردن‌و گواستنەوەی زێڕو مۆبایل لەڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرو سلێمانی، هەڵوەشایەوەو کاری پێناکرێت". 
 
بەوتەی ئه‌و، "نوسراوی هەڵوەشانەوەی بڕیارەکە، ئەمڕۆ بۆ هەموو کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی‌و هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێرو سلێمانی دەنێردرێت".

لاى خۆیشیه‌وه‌ عەبدولزەهرە هینداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕونیكردوه‌ته‌وه‌، "دەبێت ئۆفیسی دەزگای پێوانەسازیی‌و کۆنترۆڵی جۆریی فیدراڵی لەهەردوو فڕۆکەخانەی هەولێرو سلێمانی بکرێتەوە، هاوشێوەی فڕۆکەخانەکانی بەغدا، بەسرە، نەجەف‌و کەرکوک".
 
وه‌كو زانراوه‌، لەفڕۆکەخانەکانی (بەغدا، بەسرە، نەجەف‌و کەرکوک)، ئۆفیسی پێوانەسازیی فیدراڵی (سەر بەوەزارەتی پلاندانان) پشکنین بۆ زێڕی هاوردەکراو دەکات، بەڵام هینداوی نه‌یشارده‌وه‌، "دەسەڵاتمان بەسەر فڕۆکەخانەکانی هەولێرو سلێمانیدا نییەو هەرێم خۆی پشکنین بۆ زێڕی هاوردەکراو دەکات‌و وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاگاداری چۆنیەتی هاوردەکردن‌و پشکنینەکان نییە لەو دوو فڕۆکەخانەیە".