شارپرێس:
وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق پاکێجێکی هاوکاری بۆ مانگی ڕەمەزان ڕادەگەیەنێت کە موچە، منحەی خوێندکارانو داشکانی بازاڕ لەخۆدەگرێت، بەڵام بەهۆی جیاوازی سیستەمی کارگێڕییو داراییەوە، ئەو بڕیارانە سودمەندانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
وەزارەتی کارو كاروبارى كۆمهڵایهتى عێراق ئاشکرایکردوه، لەسەرەتای مانگی ئاداری داهاتوو (مانگى 3)دا، موچەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی خەرجدەکرێت.
کازم عەتوانی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتهكه وتویهتى، "بڕیاردراوە منحەی مانگانهى خوێندکارانیش بۆ دوو مانگ پێکەوەو هاوکات لەگەڵ موچەی چاودێری کۆمەڵایەتیی بدرێت بەو خێزانانەی ناویان لەسیستەمهكهى بەغدادا هەیە".
لهلایهكى دیكهشهوه ئەحمەد موسەوی سەرۆکی دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتی عێراق ئاماژەی بەوەکردوه، بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق، لەسەرجەم لقەکانی (هایپەرمارکێت) داشکانی تایبەت بەڕێژەی 10٪ بۆ 13٪ بۆ سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی دەکرێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گرانیی لەمانگی ڕەمەزاندا.
وهكو بهرپرسانى وهزارهتى كار جهختیان لهسهر كردوهتهوه، ئەو بڕیارانە تەنها ئەو پارێزگایانە دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی کاری فیدراڵدان، بەهۆی ئەوەی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لەهەرێمی کوردستان خاوەنی بودجەو لیستی موچەی جیاوازەو تائێستا هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا نەکراوە بۆ یەکخستنی منحەی خوێندکارانو پرۆژەی داشکانی بازاڕەکان، ههربۆیه هاوڵاتیانی هەرێم لەو پڕۆژه گرنگه سودمهند نابن.
تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕیارێکی هاوشێوەی بۆ هاوکاریکردنی سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی لەمانگی ڕەمەزاندا ڕانەگەیاندوە.
