شارپرێس:
لەکاتێکدا بەغدا لەناو ململانێیەکی توندی سیاسیی دەکوڵێت، واشنتۆن بەشمشێری سزاکانەوە گەڕاوەتەوە گۆڕەپانەکەو هێڵی سور بەدەوری ناوی نوری مالیکیدا دەکێشێت؛ ئەمە تەنها ڕەتکردنەوەی کاندیدێک نییە، بەڵکو ئاگادارکردنەوەیەکی کۆتاییە کە تێیدا عێراق دەخرێتە بەردەم دوو بژاردەی یەکلاکەرەوە، یان دورکەوتنەوە لەهەژمونی تاران، یان ڕوبەڕوبونەوەی گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتیو داڕمانێکی ئابوری کە ڕەنگە ڕێڕەوی وڵاتەکە بۆ هەمیشە بگۆڕێت.
جارێکی دیکە ناوی نوری مالیکی سەرۆکی هاوپهیمانى دەوڵەتی یاسا، دەبێتەوە چەقو ململانێی نێوان واشنتۆنو تاران لەسەر خاکی عێراق، دوای زنجیرەیەک لێدوانی توندی بەرپرسانی کۆشکی سپی، دەرکەوت کە ئەمریکا بەهیچ شێوەیەک نایەوێت مالیکی بگەڕێتەوە بۆ کورسیی سەرۆکایەتی وەزیران، ئەمەش کێبڕکێی سیاسیی نێو ماڵی شیعەی گەیاندوەتە ئاستێکی هەستیار.
بهگوێرهى ئهو زانیاریانهى ڕۆژنامهى شهرقولئهوسهت ئاشكرایكردوه، ئەمجارە پەیامەکەی واشنتۆن ڕاستەوخۆترە، بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا باس لەوەدەکەن، حکومەتێک لەلایەن تارانەوە کۆنتڕۆڵبکرێت، ناتوانێت بەرژەوەندییەکانی عێراق بپارێزێت، ئەمریکا مێژوی حوکمڕانیی مالیکی (2006 ـ 2014) بەهۆکاری ناسەقامگیرییو سەرهەڵدانی داعش دەبینێت، بۆیە گەڕانەوەی ئەو بەگەڕانەوە بۆ خاڵی سفرو تێکچونی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان بەغداو واشنتۆن دادەنێن.
وهكو ڕۆژنامهكه ئاماژهى پێكردوه، مەترسییە گەورەکە لێرەدایە؛ ئەمریکا تەنها بەلێدوان نەوەستاوە، باس لەوەدەکرێت کە هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی نزیک لەئێران وەک مالیکی، ڕەنگە عێراق ڕوبەڕوی سزای دارایی بکاتەوە.
شهرقولئهوسهت زیاتر لهبارهى سزاكانهوه دهڵێت، "عێراق ڕوبهڕوى سزاى زۆر قورس دهبێتهوه لهوانه، کۆتوبەندکردنی دەستگەیشتن بەدۆلاری ئەمریکی، کارپێکردنی سزای توند لەسەر ئەو بانکە عێراقییانەی مامەڵە لەگەڵ ئێران دەکەنو لاوازکردنی پشتگیرییە ئەمنییەکان بۆ سوپای عێراق".
ههروهك شهرقولئهوسهت دهڵێت، "لەناوخۆی عێراقدا، چوارچێوەی هەماهەنگی لەنێوان دوو بەرداشدایە؛ لەلایەکەوە دەیانەوێت هاوپەیمانە بەهێزەکەیان (مالیکی) بپارێزن، لەلایەکی دیكهشهوه لەتوڕەیی ئەمریکاو داڕمانی ئابوریی دەترسن، چاودێرانیش پێیانوایە، ئەم فشارانە دواجار هێزە شیعییەکان ناچاردەکات پەنا بۆ کەسایەتییەکی تەوافوقی بەرن کە نەبێتە هۆی توڕەکردنی واشنتۆنو لەهەمانکاتدا تاران لێی ڕازیبێت".
ڕۆژنامهكه پرسیارێكى كردوهو ههر خۆیشى وهڵامیداوهتهوهو ئاماژهى بهوهكردوه، "ئایا هێزە سیاسییەکانی عێراق دەتوانن بەبێ ڕەزامەندی ئەمریکا حکومەت پێکبهێنن؟ یان جارێکی دیكه ڤیتۆی دەرەکی نەخشەی سیاسیی وڵات دەگۆڕێت؟ ڕۆژانی داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارە یەکلایی دەکەنەوە، بەڵام ئەوەی ڕونە ئەوەیە کە واشنتۆن ئامادەنییە جارێکی دیكه مامەڵە لەگەڵ سەردەمی مالیکی بکاتەوە".
