شارپرێس:
ڕێكخراوی چاودێری
مافەكانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ) لەڕاپۆرتێکی نوێدا هۆشداری توند دەدات لەدۆخی کەمپی
هۆل لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاو ڕایدەگەیەنێت، "پرۆسەی چۆڵکردنی کەمپەکە بەشێوازێکی
بێسەروبەر بەڕێوەچوە"، دهشڵێت، "ئەمەش بوەتە هۆكارى ئهوهى چارەنوسی
نزیکەی ههشت ههزارو 500 كهس لهخێزانەکانی داعش، بەنادیاری بمێنێتەوە".
دوای ئەوەی لە20ى
کانونی دوەمی ڕابردوو، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەچوارچێوەی گۆڕانکارییە
سەربازییەکانو هێرشی گروپەکانی سەر بەحکومەتی سوریا لەكهمپهكه کشانەوە، حکومەتی
سوریا لە 30ی کانونی دوەمدا بڕیاری داخستنی کەمپەکانی "هۆلو ڕۆژ"ی دهركرد،
دواجار لە22ى ئهم مانگهدا، بەفەرمی داخستنی تەواوەتی کەمپەکە ڕاگەیەندرا، ئەمەش
هاوکاتبوو لەگەڵ بڵاوبونەوەی چەندین گرتە ڤیدیۆیی کە هەڵاتنی بەکۆمەڵو قاچاخچێتی
بەخێزانەکانی داعشەوە نیشاندەدا.
بەگوێرەی ئامارەکانی
ڕێکخراوى چاودێری مافەكانی مرۆڤ، تا ناوەڕاستی مانگی کانونی دوەم، هەردوو کەمپەکە
نزیکەی 28 هەزار کەسیان تێدا نیشتەجێ بوە، کە 12 ههزارو 500یان بیانی بونو خەڵکی
زیاتر لە60 وڵاتی جیاوازبون، جگە لەچوار هەزار هاوڵاتی عێراقی.
ڕێكخراوی چاودێری
مافەكانی مرۆڤ جەختدەکاتەوە، ئەمجۆرە جێهێشتنە مەترسییەکی گەورەی لەسەر ژنانو
منداڵان دروستکردوە، وهكو ئهو دهڵێت، "بۆ نمونه کەوتنە ناو داوی بازرگانیکردن
بەمرۆڤو چەوساندنەوە، ئەگەری دوبارە تێوەگلانو ڕاکێشان بۆ ناو گروپە چەکدارەکان".
ڕێکخراوەکە داوا
لەحکومەتی وڵاتان دەکات بەپەلە هاوڵاتیهكانى خۆیان وەربگرنەوەو زەمینەی گەڕانەوەو
دوبارە شیاندنەوەیان بۆ بڕەخسێنن، هەروەها داوا لەدەسەڵاتدارانی ناوخۆیی سوریا دەکات،
ناسنامەی هەموو ئەوکەسانە دیاریبکەن کە کەمپەکەیان جێهێشتوەو خزمەتگوزارییە تەندروستیو
یاساییەکانیان بۆ دابین بکەن بۆ ڕێگریکردن لەهەر کارەساتێکی مرۆیی یان ئەمنیی.
