نەخشەڕێگه‌یەکی نوێ بۆ چیای عەرەب.. ئایا واشنتۆن‌و دیمەشق ڕێکدەکەون؟

ڕاپۆرت

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1353 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا کە ئاڕاستەی ململانێ ناوخۆییەکانی سوریا دەگۆڕێت، میدیاکانی ئیسرائیل پەردەیان لەسەر زنجیرەیەک وتووێژی نهێنی لادا کە لەپشت پەردەکانەوەو بەچاودێریی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لەنێوان دیمەشق‌و سەرکردایەتییەکانی پارێزگای سوەیدا بەڕێوەدەچێت.


سوەیدا لەنێوان خۆبەڕێوەبەریی‌و باوەشی دەوڵەتدا
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكى دەستەی پەخشی ئیسرائیلی (کان)، وتووێژەكان تەنها گفتوگۆیەکی ئاسایی نه‌بون، بەڵکو هەوڵێکی نێودەوڵەتی‌و هەرێمی بون بۆ داڕشتنی جۆرە گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ، خاڵی سەرەکی ڕێککەوتنەکەش لەسەر بنەمای دەسەڵاتی فراوان بەرامبەر مانەوە لەژێر ئاڵای دەوڵەت داڕێژراوە، دیمەشقیش ئامادەیی نیشانداوە دەسەڵاتی ئیداریی‌و ئەمنیی فراوان بەپارێزگاکە بدات، بەمەرجێک سەرکردە دروزییه‌كان لەخەونی حوکمی زاتی یان جوداخوازیی پاشەکشە بکەن.

گرەوی دیمەشق لەسەر واشنتۆن
ئەوەی ئەم هەواڵە دەکاتە بۆمبێکی سیاسی، ڕۆڵی ئەمریکایە وەک ناوبژیوان، حکومەتی دیمه‌شق چاوی لەوەیە لەڕێگەی فشارو گەرەنتییەکانی واشنتۆنه‌وه‌، پێگەی لایەنە توندڕەوەکان‌و کەسایەتییە ئایینییە ناڕازییەکان لاوازبکات کە لەسەروی هەمویانەوە (شێخ حیکمەت هیجری) وەستاوە؛ ئەو پیاوەی بوەتە سیمبولی ڕەتکردنەوەی شەرعییەتی دەسەڵاتی ئێستا.

ئەمنییەت بەبێ تانک!
یەکێک لەخاڵە هەرە هەستیارەکانی نێو ڕێککەوتنە نهێنییەکە ئەوەیە کە سوپا ناچێتە نێو شارەکانی سوەیداوە، تەنها هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرپرس دەبن لەپاراستنی ئاسایش، ئەو هەنگاوەش وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ ڕێگریکردن لەهەر پێکدادانێکی سەربازیی کە ڕەنگە "چیای عەرەب" بکاتە گۆڕەپانی جەنگێکی نوێ.

کۆتایی قەیرانەکە لەئاسۆدایە؟
ئەم وتووێژانە تەواکەری ئەو نەخشەڕێگه‌یەن کە لەئەیلولی 2025 لەنێوان (سوریا، ئەمریکاو ئوردن) واژۆکرا، ئامانجەکەش ڕون بوه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌دوبارە تێکەڵکردنەوەی سوەیدا بەجەستەی دەوڵەتەوە، قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوان‌و گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵام بەمۆدێلێکی نوێ لەبەڕێوەبردن کە جیاوازبێت لەوەی پێش ساڵی 2011 هەبوو.

پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، ئایا شەقامی سوەیداو مەرجەعە ئایینییەکان بەم "سەودا نهێنییە" ڕازیدەبن، یان متمانەی شکاوی نێوان خەڵک‌و دەسەڵات دەبێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی ئەم نەخشەڕێگه‌یە؟

چیای عەرەب یان چیاى دروز كه‌ هه‌ریه‌كن‌و یه‌كه‌میان عه‌ره‌ب به‌و شێوه‌یه‌ ناوى ده‌بات‌و له‌بنه‌ڕه‌تیشدا ناوه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ى چیای دروز (جبل الدروز)ه‌، ناوچەیەکی شاخاوییەو دەکەوێتە پارێزگای سوەیدا لەباشوری سوریا، هه‌ڵكه‌وته‌ى جوگرافی دەکەوێتە نزیک سنورەکانی ئوردن‌و نێوان دەشتی حوران‌و بیابانی سوریا، زۆرینەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیەش لەپەیڕەوانی مەزهەبی دروزین، بۆیە بەمێژویی بە"چیای دروز" ناسراوە، بەڵام ناوی فەرمییەکەی لەسوریا چیای عەرەبە.

ئەو ناوچەیە لەمێژوی سوریادا زۆر گرنگە؛ چونکە مەڵبەندی دەستپێکی شۆڕشی مەزنی سوریا بوو دژی داگیرکاری فەرەنسا لەساڵی 1925 بەسەرکردایەتی سوڵتان پاشا ئەترەش، مەبەست لەچیای عەرەب یان چیاى دروز-یش هەمان پارێزگای سوەیدایە کە ئێستا ناوەندی ململانێ‌و گفتوگۆ سیاسییەکانە.