شارپرێس:
كاتێك دۆناڵد ترەمپ لهکۆنگرێس بەشانازییەوە باسی سەرکەوتنی گەورەی کۆمارییەکانی لەهەڵبژاردنەکاندا دەکرد، هۆڵەکە بوە گۆڕەپانی گرژییەکی توند؛ کاتێک ئهندامێكى دیموکراتهكان بەگۆچانەکەیەوە هەڕەشەی ئاراستەی ترەمپ کردو بوە هۆی دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان، هاوکات ئیلۆن ماسکیش بەتوندی هێرشیکردەسەر دیموکراتەکانو دهڵێت، "ئهوان ڕقیان لهئهمریكاى خۆیانه".
دیمەنی ناو هۆڵی کۆنگرێسی ئەمریکا لەکاتی وتارەکەی دۆناڵد ترەمپ، گۆڕا بۆ گۆڕەپانی گرژییو ڕوبەڕوبونەوە، کاتێک یاساناسێکی دیموکرات، بەهۆی "تێکدانی یاساکانی کۆنگرێس"و "هەوڵی پەکخستنی وتارەکە"، بەزۆر لەهۆڵەکە كرایه دهرهوه.
تەنها چەند خولەکێک بەسەر دەستپێکی وتارەکەی دۆناڵد ترەمپدا تێپەڕیبوو، کاتێک (ئاڵ گرین) نوێنەری دیموکراتەکان لەویلایەتی تەکساس، دەستیکرد بەهاوارکردنو ژاوەژاو، ئەوکارەش بوە هۆی پچڕانی وتارەکەی ترەمپ، کە لەوساتەدا باسی سەرکەوتنی کۆمارییەکانی دەکرد لەهەڵبژاردنەکاندا.
مایک جۆنسن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کە بەڕونی توڕەیی پێوە دیاربوو، داوای لەئەندامان کرد بێدهنگى ناو هۆڵەکە بپارێزن، جۆنسن ڕایگەیاند، "ئهو ئهندامهى كۆنگرێس تێوەگلاوه لەپێشێلکاریی بەئەنقەست، دهتوانین هێزە ئەمنییەکان بانگ بكهین بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ ئەم دانیشتنە هاوبەشە، سەرەڕای داواکارییەکەی جۆنسن بۆ دانیشتن، ئاڵ گرین نەک هەر دانەنیشت، بەڵکو بەردەوامبوو لەقسەکردنو ناڕەزایەتی دەربڕین".
کاتێک جۆنسن بینی یاساناسە دیموکراتەکە سورە لەسەر تێکدانی وتارەکەى ترهمپ، بهناچاریى فەرمانی دەرکردنی دەرکردو وتی:"بەهۆی ئەوەی هەندێک ئەندام هێشتا بەردەوامن لەپەکخستنی بەئەنقەست، فەرمان بەهێزە ئەمنییەکان دەکەم سیستم بگەڕێننەوە، ئەم پیاوە لەهۆڵەکە ببەنە دەرەوە"، دەستبەجێ هێزەکانی چاودێری کۆنگرێس دەستی گرین-یان گرتو لەناو هۆڵەکە دوریانخستەوە، لەکاتێکدا نوێنەرانی کۆماری بەدروشمی (USA)و چەپڵەڕێزان، پشتگیریی خۆیان بۆ ترەمپ دوپاتکردەوە".
ئهو ڕوداوەی ناو هۆڵی کۆنگرێس لەکاتی وتارەکەی ترەمپ، تەنها بەدەرکردنی پەرلەمانتار ئال گرین کۆتاییان نەهات، بەڵکو کاردانەوەی توندی لەسەر ئاستی جیهانی تەکنەلۆژیاو داراییش لێکەوتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیلۆن ماسک هێرشێکی توندیکردەسەر دیموکراتەکانى وڵاتهكهى.
ئیلۆن ماسک ملیاردێری ئەمریکی لەسەر ڕەفتاری دیموکراتەکانو بهتایبهت ئاڵ گرین نوسیویهتى، "دیموکراتەکان ڕقیان لەوڵاتەکەی خۆیانە"، چاودێرانیش دهڵێن، "ئەم لێدوانەی ماسک ئاماژەیە بۆ قووڵبونەوەی زیاتری درزو ململانێ سیاسییەکانی ناو دڵی دەسەڵاتی ئەمریکا".
ئەو هێرشەی ماسک وەک پشتگیرییەک بوو بۆ نوسینێکی ملیاردێر دەیڤید ساکس، کە تێیدا ئاماژەی بەوەکردوه، لەکاتی وتارەکەی ترەمپدا، دیموکراتەکان دروشمیان بۆ بەرژەوەندی جەنگی ئەبەدی لەئۆکرانیا دەوتەوە، ساکس سەرنجی بۆ ئهوه ڕاکێشاوه، "دیموکراتەکان سورن لەسەر بەردەوامی جەنگ، لەکاتێکدا تەنانەت سەرۆکەکەی خۆیشیان (ئاماژە بۆ ترەمپ وەک سەرۆکی ئێستا) دژی ئەو جەنگەیەو دەیەوێت کۆتایی پێبهێنێت".
ئەم دیمەنانە ئاستی ئەو دابەشبونە قووڵە نیشاندەدەن کە لەئەمریکادا هەیە؛ لەلایەک پەرلەمانتارە کۆمارییەکان دروشمی USAیان دەوتەوەو پشتگیرییان لەسەرکەوتنە هەڵبژاردنەکانی ترەمپ دەکرد، لەلایەکی دیكهشهوه دیموکراتەکان بەوە تۆمەتباردەکرێن کە ئەولەویەتیان بۆ هاوکارییە دەرەکییەکانە.
