هەسەدە: دیمەشق لەڕەوشی کەمپی هۆڵ بەرپرسیارە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 277 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە ڕایگەیاند، هێزەکانمان چاودێری ئەو لێدوانانە دەکەن کە لەلایەن وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ لە حکومەتی دیمەشق بڵاوکراونەتەوە، کە تێیدا هەوڵیداوە خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە لەوەی کە لە کەمپی هۆڵ ڕوویدا و شکستی ڕوون لە بەڕێوەبردنی دۆخەکە لەوێ دوای دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی وەزارەتی بەرگرییەوە هات.

هەسەدە لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، پێش ئەم ڕووداوانە هێرشی ڕاستەوخۆ  بەرەو کەمپەکە ئەنجامدرا. پێکدادانەکان گەیشتە دەوری کەمپەکە، کە هاوکات بوو لەگەڵ جموجۆڵە هاوئاهەنگەکانی ناو کەمپەکە لەلایەن بنەماڵەی ئەندامانی داعشەوە بۆ هاندانی ئاژاوەگێڕی. لە بەرامبەر ئەم پەرەسەندنە بە ئەنقەستە و لە نێوان بێدەنگییەکی نێودەوڵەتی گوماناویدا، هێزەکانمان ناچار بوون بکشێنەوە بۆ ئەوەی ئۆردوگاکە نەبێتە سەنگەرێکی کراوە.

دەشڵێت، دوابەدوای ئەمەش ئەو گروپانە چوونە ناو کەمپەکە و  کاریان کرد بۆ دوورخستنەوەی کەسوکاری ئەندامانی داعش. ئەم ئۆپەراسیۆنە بە ئاشکرا و بە بەڵگەوە بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوام بوون، لە ژێر  چاودێری و بە هاوبەشی کارمەندانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ لە حکومەتی دیمەشق.

هەسەدە ڕاشیگەیاند، ئەوانەی بەرپرسیارن لەم دۆخە ئەو لایەنانەن کە لەو کاتەدا کۆنترۆڵ و ئیدارەی ڕاستەقینەی کەمپەکەیان کرد. ئەم ڕاستیانە بە بەڵگەی دەنگی و ڤیدیۆیی بەڵگەدار کراون و ناتوانرێت بە لێدوانی میدیایی چەواشەکارانە تەمومژاوی بکرێن.

ڕونیشیکردەوە، هێزەکانمان و ئیدارەی کەمپەکە ساڵانێکە ئەرکە مرۆیی و ئەخلاقی و ئەمنییەکانی خۆیان جێبەجێ کردووە، سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ئەم بابەتە و نەبوونی پشتیوانییەکی پێویست و ئاستەنگە ئەمنییەکان. خەمی سەرەکی و کۆتایی ئێمە پاراستنی دانیشتووان و ڕێگریکردن لە دامەزراندنەوەی شانەکانی داعش لە ناوەوە یان دەرەوەی کەمپەکە بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، کشانەوەی هێزەکانمان دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی هێرشی سەربازی و کۆکردنەوەی سەرباز بوو کە ئۆردوگاکە و دەوروبەری لەلایەن دیمەشقەوە کردە ئامانج و چۆڵکردن و بەقاچاخبردنی خێزانەکانی داعش دوای هاتنە ناوەوەی ئەو گروپانەی دیمەشق پشتیوانیان لێدەکەن و تێوەگلانی ڕاستەوخۆیان لەو ئۆپەراسیۆنانەدا ڕوویداوە.