سەرۆکوەزیرانی هیندستان لەکنێستەوە: شانبەشانی ئیسرائیل وەستاوین

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 406 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەرلەمانی ئیسرائیل کنێست ڕایگەیاند، وڵاتەکەی شانبەشانی ئیسرائیل وەستاوە، هاوکات سەرەخۆشی خۆی پێشکەش بە "هەموو قوربانییەک" کرد لە هێرشەکەی حەماس کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەستیپێکرد.

مودی دوای گەیشتنی بەئیسرائیل بەسەردانێکی فەڕمی، لەگوتارێکدا لە  کنێست وتی: ئێمە هەست بە ئازارەکانتان دەکەین و هاوبەشی خەمەکانتانین. هیندستان بە توندی و بەبڕیار لەگەڵ ئیسرائیل وەستاوە، ئێستا و لە داهاتووشدا. هیچ هۆکارێک ناتوانێت پاساو بۆ کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی بهێنێتەوە.

سەرۆک وەزیرانی هیندستان ڕۆژی چوارشەممە بە سەردانێکی دوو ڕۆژە گەیشتە ئیسرائیل بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی بازرگانی و بەرگری.

مودی بڕیارە لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی، بنیامین ناتانیاهۆ و  ئیسحاق هێرزۆگی سەرۆکی ئیسرائیلدا کۆبێتەوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا نیودەلهی هاوبەشی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل لە بوارەکانی بەرگری و کشتوکاڵ و تەکنەلۆژیا و ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا بەهێزتر کردووە.

لای خۆیەوە ناتانیاهۆ هیوای خۆی دەربڕی کە "پەیوەندی تایبەت کە لە ساڵانی ڕابردوودا دروست بووە" بەشێک بێت لە "هاوپەیمانی نوێ" دژی دوژمنە هاوبەشە "ڕادیکاڵەکان".

هیندستان و ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٩٢ەوە پەیوەندی دیپلۆماسی فەرمییان هەیە.