په‌یامه‌كه‌ى ئۆجه‌لان سبه‌ینێ ڕاسته‌وخۆ له‌ئه‌نكه‌ره‌وه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2644 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیاروایه‌ سبه‌ینێ هه‌ینى، په‌یامى نوێى عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له‌ئه‌نكه‌ره‌ى پایته‌ختى توركیاوه‌ به‌شێوه‌ى ڕاسته‌وخۆو له‌مه‌راسیمێكى فراواندا بڵاوبكرێته‌وه‌، پارتی یەکسانی‌و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)ش له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیاریى زیاتر ئاشكراده‌كات.


به‌گوێره‌ى ڕاگه‌یه‌نراوێكى پارتی یەکسانی‌و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، لەساڵیادی بانگەوازی ئاشتیی‌و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا، پەیامێکی گرنگی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان لەڕێگەی پەخشی ڕاستەوخۆوە بۆ ڕای گشتیی دەخوێننەوەو بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا دەم پارتی ئاشکرایکردوه‌، لەیەکەمین ساڵیادی بانگەوازی ئاشتیی‌و کۆمەڵگەی دیموکراتیدا کە عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان لە 27ی شوباتی 2025 ڕایگەیاندبوو، هەڵسەنگاندنێکی نوێ بۆ چارەسەری دیموکراتییانەی پرسی کورد بڵاودەکەنەوە.

وه‌كو ده‌م پارتى نوسیویه‌تى، "بڕیارە ئەو ڕێوڕەسمە کاتژمێر 11ى پێشنیوه‌ڕۆ لەهۆڵی (یه‌ڵماز گونای) لەناوچەی چانکایای ئەنكەرە بەشێوەی ڕاسته‌وخۆ بەڕێوەبچێت، تێیدا پەیامی نوێی ئۆجه‌لان سەبارەت بەداهاتوی پڕۆسەی ئاشتیی‌و هەنگاوەکانی چارەسەری لەباکوری کوردستان‌و تورکیا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن‌و گەل دەخرێتەڕوو".

ئه‌م ڕاگه‌یه‌نراوه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ئه‌مڕۆ  عەبدوڵڵا ئۆجه‌لان لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەكەی كه‌ پێكهاتبون له‌هەریەك لەمحەمەد ئۆجه‌لان برایى‌و عومەر ئۆجه‌لان برازایی‌و په‌رله‌مانتارى ده‌م پارتى، لەدورگەی ئیمراڵی دیداری ئەنجامداوە، هەر ئەمڕۆیش (حامیلی یەڵدرم، عومەر خەیری كۆنار، ئەرگین ئاتەبی‌و مەحمود یامالاك) بەهەمانشێوە، لەدورگەى ئیمراڵى له‌گه‌ڵ كه‌سوكارو بنه‌ماڵه‌كانیان كۆبونه‌ته‌وه‌و چاوپێكه‌وتنیان ئه‌نجامداوه‌.