لە24 کاتژمێردا 12 ڕۆژ وێرانکاریی.. ئیسرائیل جەستەی ئێران هەڵدەوەشێنێتەوە

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4850 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەژێر بارانی ئاگرو دوکەڵدا، تاران دوایین هەناسەکانی وەک هێزێکی ناوچەیی هەڵدەکێشێت، لەکاتژمێرێکی مێژوییدا کە تێیدا جەستەی 24 پارێزگای ئێران بە200 فڕۆکەی جەنگیی ئیسرائیلی لەت لەت کرا، جیهان سەیری قیامەتێک دەکات کە تێیدا تەنها لەیەک ڕۆژدا، نیوەی تەمەنی شەڕێکى 12 ڕۆژه‌ بۆمب بەسەر شارەکاندا باری، ئێستا کە ئاماری کوژراوو بریندارەکان وەک لافاو هەڵدەکشێن، پرسیارەکە ئەوەنییە کەی شەڕەکە تەواو دەبێت، بەڵکو ئەوەیە، ئایا سبەینێ وڵاتێک دەمێنێتەوە بەناوی کۆماری ئیسلامی؟.


لەوەرچەرخانێکی کتوپڕو خوێناویدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو جەنگێکی سەرتاسەری هەنگاو دەنێت، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، تەنها لەچەند کاتژمێری ڕابردودا، بەقەبارەی شه‌ڕى 12 ڕۆژه‌ى ساڵه‌ ڕابردوو، بۆمب‌و تەقەمەنییان بەسەر ئێراندا باراندوە، ئەمەش وەک وەڵامێکی توند بۆ ئاڵۆزییە بەردەوامەکانی نێوان هەردوو وڵات.

ئۆپەراسیۆنێکی بێوێنە لەئاسماندا
سەرچاوە سەربازییەکانی ئیسرائیل پشتڕاستیانکردەوە کە 200 فڕۆکەی جەنگی لەهەمانکاتدا لەئاسمانی ئێراندان‌و به‌رده‌وامن له‌به‌ئامانجگرتنى ئامانجه‌ دیاریكراوه‌كان کە تێیدا 500 ئامانجی ستراتیژیی‌و سەربازیی پێکراون.

ئیسرائیل دەڵێت، "ئەم هێرشانە بۆ لەناوبردنی ژێرخانی موشەکی‌و بەرگرییەکانی ئێران بوە"، بەڵام قەبارەی وێرانکارییەکان ئاماژە بەشەڕێکی زۆر فراوانتر دەکەن.

ئامارە مرۆییەکان: کارەسات لە24 پارێزگا
لەلایەکی دیكه‌شه‌وه‌، ڕێکخراوی مانگی سوری ئێرانی ئامارێکی ترسناکی بڵاوکردەوە، به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، هێرشەکان 24 پارێزگای ئێرانیان گرتوەتەوەو تائێستا 201 کەس کوژراون‌و 747 کەسی دیكه‌ش بریندارن.

دیمەنەکان لەتاران‌و شارە گەورەکانی دیكه‌، ئاماژە بەوێرانکارییەکی زۆر دەکەن‌و تیمەکانی فریاگوزارییش ناتوانن بەدەم هەموو بریندارەکانەوە بچن بەهۆی بەردەوامیی دەنگی تەقینەوەکان.

دۆخی ئێستاو مەترسییەکان
چاودێرانی سیاسیی ئەم هێرشە بەخاڵی وەرچەرخان ناودەبەن، بەکارهێنانی ئەو بڕە زۆرەی تەقەمەنی لەیەک ڕۆژدا نیشانەی ئەوەیە کە ئیسرائیل دەیەوێت لەکەمترین ماوەدا زۆرترین گورز لەئێران بوەشێنێت، شارەزایانیش هۆشداریدەدەن، ئەمە ڕەنگە تەنها سەرەتایەک بێت بۆ شەڕێکی درێژخایەن کە تەواوی ناوچەکە بسوتێنێت.

لەکاتێکدا جیهان بەنیگەرانییەوە سەیری ئاسمانی تاران دەکات، پرسیارە هەرە گەورەکە ئەوەیە، وەڵامی ئێران چی دەبێت، ئایا ناوچەکە بەرەو جەنگی سێه‌مى جیهانی دەڕوات؟.

چاودێران باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، ئەو ئامارو زانیارییانەی ئاماژەیان پێکراوە، نیشانەی قەیرانێکی سەربازیی‌و مرۆیی زۆر قووڵن کە دەکرێت وەک سەختترین تاقیکردنەوە بۆ دەسەڵاتی سیاسیی‌و سەربازیی ئێران لەمێژوی هاوچەرخیدا هەژمار بکرێت.

شۆکی سەربازیی‌و هەواڵگریی
کاتێک 200 فڕۆکە بتوانن لەیەککاتدا 500 ئامانج لە 24 پارێزگای جیاواز بپێکن، ئەمە بەواتای پەککەوتنی تەواوەتی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی (S-300) دێت، ئەم بۆشاییە ئەمنییە وڵاتەکە بەبێ پاراستن لەبەردەم هێرشەکان جێدەهێڵێت، هاوكات ڕاگەیاندنی ئاماری کوژراوو بریندارانیش لە24 پارێزگا لەلایەن مانگی سورەوە، نیشانەی ئەوەیە کە هیچ شوێنێکی ئێران ئارام نییە، ئەمەش ترس‌و دڵەڕاوکێیەکی گەورەى لەناو هاوڵاتیاندا دروستكردوه‌و دەکرێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی ئاژاوەی ناوخۆیی‌و نەمانی متمانە بەدامەزراوەکانی دەوڵەت.

هاوکێشەی هێز
بەکارهێنانی تەقەمەنی لەیەک ڕۆژدا به‌ئه‌ندازه‌ى شه‌ڕى 12 ڕۆژه‌، ستراتیژییەکی "بروسک ئاسا"یە بۆ ئەوەی دەرفەتی هەناسەدان‌و خۆڕێکخستنەوە بەسوپاو سوپای پاسداران نەدرێت.

گۆشەگیریی نێودەوڵەتی
شرۆڤه‌كاران پێیانوایه‌، ئەگەر ئێران نەتوانێت لەم چەند کاتژمێرەدا هێرشەکان ڕابگرێت یان وەڵامێکی هاوسەنگ بداتەوە، پێگەی وەک هێزێکی هەرێمی لەدەستدەدات‌و ڕەنگە هاوپەیمانەکانیشی (وەک گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە)، توشی پاشەکشە ببن.

چاودێران پێیانوایه‌، ئەم دۆخە تەنها شەڕێکی ئاسایی نییە، بەڵکو هەوڵێکی چڕە بۆ لەبەریه‌كهەڵوەشاندنه‌وه‌ى پێکهاتەی سەربازیی ئێران، ئەگەر تاران نەتوانێت بەخێرایی کۆنتڕۆڵی ئاسمانی خۆی بکاتەوە، مەترسییەکە تەنها لەسەر سنورەکان نابێت، بەڵکو دەگاتە ناو جەرگەی دەسەڵات لەتاران.