حكومەتی هەرێم بەڵێن دەدات ژیان‌و گوزەرانی كرێكاران كوردستان باش بكات

کوردستان

01/05/2018‌ 302 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێن دەدات هەوڵی جددی دەدات بۆ باشتركردنی گوزەران‌و ڕەخساندنی زیاتری دەرفەتی كار و خزمەتگوزاری‌و مافەكان بۆ كرێكارانی كوردستان.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی پەیامێك رایگەیاند، كە هانی كەرتی تایبەتیش دەدات بەپشتیوانی و هاوكاریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت، ڕەچاوی زیاتری ماف و داخوازییەكانی كرێكار بكەن‌و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن لەبەردەم پێداویستییەكانی كرێكاران و ڕەخساندنی كەش‌و ژینگەی كار لە ئاستێكی شیاوی سەردەمیانەدا.

ئەو پەیامەی حكومەتی هەرێم ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بەبۆنەی رۆژی كرێكاران بڵاویكردووەتەوە، كە راشیگەیاندووە "بەبۆنەی یەكی ئایار، ڕۆژی جیهانیی كرێكارانەوە، پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرجەم كرێكارانی كوردستان و جیهان دەكەین. ئەم ڕۆژە لە مێژووی كرێكاراندا ڕۆژێكی پرشنگدار و پڕ بەهایە بۆ داكۆكیكردن لە ماف و خواستەكانیان. كرێكاران توێژێكی زیندووی خاوەن ڕەنج و بەرهەمهێنی كۆمەڵگاكانیانن، له كوردستانیش ڕۆڵی گرنگ و كاریگەریان لە پرۆسەی بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتدا هەیە".

هەروەها رایگەیاندووە "وێڕای دەستخۆشیمان لە سەندیكای كرێكارانی كوردستان بۆ داكۆكیكردن و پشتیوانییان لە ماف و داخوازیەكانی ئەم توێژە گرنگەی كۆمەڵگا، هیوادارین كاری زیاتر لە خزمەتی خواستەكانیاندا بكەن و بە شێوەیەكی مەدەنی و یاسایی  لە هەوڵ و كۆششیان بەردەوام بن، هەرچیش بكەوێته ئەستۆی حكوومەت، درێخی ناكات".

هـ ـ ح