چەكدارانی ئاڵا سپییەكە.. كوڕە بەجێماوەكەی داعش
هەموو لایەنەكان بە گومانن لەوەی هێزێكی گەورەی دەرەكی یارمەتی ئەو چەكدارانە دەدات

عیراق

03/05/2018‌ 2785 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: مەكتوب
هێشتا عێراق بە گشتی و پارێزگای كەركوك بە تایبەتی لەناو ئاسەواری شەڕی خوێناوی چەكدارانی ئاڵا رەشەكە (داعش)دا دەتلێتەوە، كەچی ئێستا هێزێكی تازە بەناوی " ئاڵا سپییەكە" دەركەوتوون و دەیانەوێ درێژە بە چالاكی چەكداریی بدەن دژی هێزە عێراقییەكان.

خۆحەشاردان و چالاكی ئەو هێزە دەكەوێتە نێوان هەرسێ پارێزگای سەلاحەدین – دیالە – كەركوكەوە و زیاتر لەو ناوچانەدا تەراتێن دەكەن كە هێشتا بەتەواوی نەكەوتووەتە ژێر كۆنترۆڵی هێزە عێراقییەكانەوە لەوانە زنجیرە چیاكانی حەمرین، شاخی غەرە، گوندی پەڵكانە و قەزای داقوق و ناحیەی رەشاد و ناحیەی عەباسیە لە قەزای حەویجە.

بەگوێرەی زانیاری دەزگا هەواڵگرییەكانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە كە لەسەرچاوەی تایبەتەوە دراونەتە ماڵپەڕی مەكتوب، ئەندام و فەرماندە و بەرپرسانی ئەو هێزە تێكەڵەیەكن لە پاشماوەی چەكدارانی داعش و (جەیش ئەلفاروق) و (جەیش ئەحرار ئەلسوننە) و بەشێكیشیان كوردی عێراق و كوردی ئێرانن كە لە ریزی چەكدارە توندڕەوەكاندا بەشدارییان كردووە.

سەرەتای دەركەوتنی ئەو هێزە دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی ساڵی رابردوو كاتێ حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەكان گەڕانەوە بۆ خورماتوو و كەركوك و پێشمەرگە لەو ناوچانە ناچار كران بكشێنەوە. یەكەم چالاكیشیان كوشتنی ١١ چەكداری حەشدی شەعبی بوو، كاتێ هێزە عێراقییەكان بڵاویان كردەوە ئەو چەكدارانە لەلایەن داعشەوە كوژراون، بەڵام داعش ئەوەی رەتكردەوە.

گومان و راستی
سەرەتای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی هەبوونی هێزێكی نوێ جیا لە داعش لەو ناوچەیە، لەلایەن دەزگای دژەتیرۆری سەر بە ی.ن.ك بوو لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٧، هەربۆیە هێزێكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە خورماتوو بنكەیەكی سووسە و چاودێریان دانا، هەرچەندە بەهۆی هەبوونی حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە ئەو پلانە ئاسان نەبوو.

بە قسەی‌ ئەفسەرێكی‌ دەزگای‌ دژە تیرۆری‌ عێراق بۆ ماڵپەڕی مەكتوب سەرەتای فەرماندەكانی پێشـمەرگە زۆر گەشبین بوون بە كردنەوەی بنكەی هاوپەیمانان لە خورماتوو، بەڵام دواتر ئەوانیش كەوتنە گومان لە هێزەكەی هاوپەیمانان كە لەژێرەوە چەك و تفاق دەدەنە ئەو چەكدارانە و وتیان ئەمە ئامادەكارییە بۆ دوای نەمانی داعش!"

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیە هەرزوو هێزە جیاوازەكان كەوتنە گومان لە یەكتریی. حەشدی شەعبی بە دەسیسەی ئەمریكییەكان و بەشێك لە فەرماندەكانی پیشمەرگە گومانیان هەبوو دەسیسەی حكومەتی عێراقبێ تا لەو ناوچەیە ئۆپراسیۆنەكانی بەردەوام بكات. چونكە زانیاریی هەیە كە چەكدارانی ئاڵا سپییەكە چەكی نوێیان پێیە.

شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی‌ لیژنەی‌ ئەمنی‌ و ئاسایش لە پەرلەمانی‌ عێراق سەرەتای ئەمساڵ ٢٠١٨ لە كۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دەركەوتنی‌ چەكدارانی ئاڵا سپییەكە گومانی‌ خستە سەر حكومەتی‌ عێراق‌ و وتی:" سوپا و هێزە عێراقییەكان بەئەنقەست هێرش ناكەنە سەر چەكدارانی‌ ئاڵا سپییەكە، ئێمە تەواوی‌ زانیارییەكانمان خستووەتە بەردەستیان بەتایبەت لە ناوچەی‌ خورماتوو، كەچی حكومەتی عێراق و لایەنە پەیونەدیدارەكان بێدەنگن لە ئاستیاندا و بە باشی بنكە و مۆڵگەكانیشیان پێدەزانن"

عەبدوڵڵا بۆر، كە بۆ ماوەی نزیكەی‌‌ چوار ساڵ لە خورماتوو بەرپرسی‌ میحوەری‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگە بوو، سەبارەت بە گومانی هەبوونی هێزی نوێ بێجگە لە داعش ‌بۆ ماڵپەڕی مەكتوب وتی:" پێشتر ئێمە دركمان بە سەرهەڵدانی‌ گروپێكی‌ نوێ‌ كردبوو كە ئامانجیان كردەوەی‌ توندوتیژی‌ بوو لە سنووری‌ نێوان كەركوك و خورماتوو، بەڵام بەهۆی‌ ناوچەكە لەژێر ركێفی پێشمەرگەدابوو، نەیاندەتوانی‌ گەشە بكەن"

عەبدوڵڵا بۆر ئاماژەی بەوەدا ئێستا ئەو هێزە گەورەبوون بەهۆی ئەوەوەیە كە پێشمەرگە لەو ناوچانە كشاونەتەوە و دوای‌ رووداوەكانی١٦ی‌ ئۆكتۆبەر بۆشایی‌ ئەمنی‌ ‌ دروستبوو. ئەمەش وایكرد چەكدارانی ئاڵا سپییەكە چالاكییان زیاتر بكەن.

دەزگا ئەمنییەكانی‌ كەركوك كە بەشێك لە ناوچەكانی باشووری رۆژئاوای كەركوك بووەتە ناوچەی هێزی ئاڵا سپییەكە، نایشارنەوە گومانیان هەیە "ئەو چەكدارانە لەلایەن هێزێكی‌ نێودەوڵەتی‌یەوە هاوكاری‌ دەكرێن" بەڵام نایانەوێ‌ ناوی‌ ئەو لایەنانە بهێنن‌ كە گومانیان لێیان‌ هەیە.

زانیارییەكان سنووردارن
عەلی‌ حوسێنی‌ وتەبێژی‌ حەشدی‌ شەعبی‌ لە كەركوك سەبارەت بە چەكدارانی‌ ئاڵا سپییەكە بۆ مەكتوب وتی:" ئەو گروپە لەلایەن چەند وڵاتێكەوە هاوكاری‌ دەكرێن. چونكە‌ ئەو چەكانەی‌ بەكاری‌ دەهێنن چەكی نوێ و پێشكەوتوون ئەی خۆ دەبێ بپرسین چۆن و كێ‌ پێیداون؟"

زانیارییەكانی وتەبێژی حەشدی شەعبی لەسەر ژمارە و چەك و تفاقی ئەو هێزە سنوورداربوو، بۆیە ئامادە نەبوو زیاتر لەمبارەیەوە قسە بكات.

‌سەرچاوەیەكی بەرپرس لە دەزگای‌ هەواڵگریی‌ عێراق كە ماڵپەڕی مەكتوب داوای زانیاریی زیاتری لێكرد سەبارەت بە چەكدارانی ئاڵا سپییەكە، ئاماژەی بەوەدا تائێستا چوار چەكداری ئەو هێزە دەستگیركراون، یەكێك لە دەستگیركراوەكان بەرپرسیارێتیشی هەبووە وتوویەتی: ئامانجی ئەو چەكدارانە بەرگریكردنە لە سوننەكان، دژی هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبی دەجەنگن.

هەروەها ئەوەشی دركاندووە كە زۆربەی‌ ئەندامانی ئەو هێزە سوننەكانی خەڵكی‌ ئەنبار و موسڵ و حەویجەن، هەروەها كوردی خەڵكی ئێران  وعێراقیش ئەندامن لەو هێزەدا. پێشتر ئەو چەكدارانە لەناو داعش و جەیش ئەلفاروق و جەیش ئەحرار ئەلسوننەدا كاریان كردووە.

سەبارەت بەوەی كە ئاڵایەكی سپییان هەیە و سەری شێرێك لەناوەڕاستی ئاڵاكەدایە، هیچ لایەنێك راستی ئەو ئاڵایەی بۆ نەسەلماوە.