پێشنیازەكەیان رەتكردووەتەوە
پێشنیازی دوو كورسی.. هەوڵێك بۆ رازیكردن‌و بێدەنگكردنی گۆڕان‌و هاوپەیمانی شكست دەهێنێت

عیراق

19/05/2018‌ 20288 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:
هەوڵێك بۆ رازیكردن‌و بێدەنگكردنی بزووتنەوەی گۆڕان‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق شكستیهێناوە، كە پێشنیازی دوو كورسییان بۆ كراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، لەماوەی رابردوو لەبەرانبەر ناڕەزایی چەند لایەنێك لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پێشنیاز بۆ چەند لایەنێك كراوە، بۆ ئەوەی ژمارەی كورسییەكانیان بۆ زیاد بكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس پێشنیاز بۆ گۆڕان‌و هاوپەیمانی كراوە، كە یەكی كورسییەكەی پەرلەمانیان بۆ زیاددەكرێت، لەبەرانبەر ئەوەدا دەست لەناڕەزاییەكانیان هەڵبگرن‌و بەئەنجامی هەڵبژاردن رازی بن‌و لەسەر ساختەكارییەكانی هەڵبژاردن بێدەنگ بن.

زانیارییەكانی شارپرێس باس لەوەش دەكەن، كە هەریەكە لەبزووتنەوەی گۆڕان‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری پێشنیازەكەیان رەتكردووەتەوەو سووربوونی خۆیان لەسەر هەڵوێستەكان دووپاتكردووەتەوە، بەو هۆیەشەوە هەوڵەكە شكستیهێناوە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو بەرێوەچوو، كە گۆڕان‌و هاوپەیمانی چەند لایەنێكی تر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكە رازی نین‌و بانگەشەی ئەوە دەكەن، ساختەكاری لەهەڵبژاردنەكە كراوەو ئەنجامەكەشی رەتدەكەنەوە.

پێشتریش ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەوەی ئاشكراكردبوو، كە پێشنیاز بۆ حیزبەكەی كراوە، بەوەی ژمارەی كورسییەكانی زیاد دەكرێت، بەڵام لەبەرانبەر ئەوە دەبێت بێدەنگبن، كە ئەو حیزبەش ئەو پێشنیازەی رەتكردووەتەوە.

هـ ـ ح