هاككەرانی چینی زانیاری هێزی دەریای ئەمریكا هاك دەكەن

جیهان

10/06/2018‌ 643 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاككەرانی چینی زانیاری ئەمنی زۆر هەستیاریان لەو كۆمپانیا بەڵێندەرە دزیوە، كە هێزی دەریای ئەمریكا كاری لەگەڵ دەكات.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی ئەنادۆڵ، هاككەرانی سەر بەحكومەتی چین، ئەو كۆمپانیا بەڵێندەرەیان كردووەتە ئامانج، كە پەیوەندی بەو دامەزراوەی سەربازییەوە هەیەو لێكۆڵینەوە دەكات لەبارەی پێشخستنی ژێردەریایی و جبەخانەی ژێرئاو.

هەر بەپێی هەواڵەكە بەرپرسانی ئەمریكی رایانگەیاندووە، لەو زانیارییەی دزراوە پلانەكانی پرۆژەی مووشەكی سوپەرسۆنیك هەیە.

هەروەها كەناڵی سی بی ئێس نیوز بڵاوی كردووەتەوە، كە هێرشی هاككەران لە مانگەكانی كانوونی دووەم و شوبات ئەنجامدراوە.

ئاماژە بەوەش كرا ئەو زانیاریەی دزراوە ئەو ماددانەی پرۆژەكەی تێدایە، كە بە "ئەژدیهای دەریا" ناسراوە لەگەڵ زانیاری ناو كتێبخانەی ئەلیكترۆنی جەنگی یەكەی پێشخستنی ژێردەریای و پلانەكانی سیستمی دژەمووشەكی كە تا ساڵی 2020 لە ژێردەریاییەكاندا جێگیردەكرێن.

ئەوەش راگەیەندرا هێزی دەریایی ئەمریكا لەگەڵ نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە دەكات.

لەم نێوەندەدا كارمەندێكی پێشووی هەواڵگری ئەمریكا تۆمەتبار كرا بە پێدانی زانیاری زۆر نهێنیی بە سیخوڕێكی چینی.

هەروەها وەزارەتی دادی ئەمریكا رایگەیاند كە لەچوارچێوەی یاسای سیخوڕیكردندا 21ی ئەیلوول سزای تۆمەتبار، كیڤن مالۆری تەمەن 61 ساڵ رادەگەیەنێت و، رەنگە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا بسەپێندرێت.

هـ ـ ح