ئایا قەندیل ئەنكەرە دەھەژێنێت یان خۆی دەھەژێت؟

جیهان

15/06/2018‌ 4488 جار خوێندراوه‌ته‌وه

كارۆخ عوسمان


توركیا لەژێر سێبەری بودجەیەكی ٨ ملیار دۆلاری وەزارەتی بەرگری نیشتمانیدا خاوەنی سوپایەكە لەسەرئاستی دونیادا ھەشتەمینە.

وە لەناو ڕێكخراوی (NATO)دا پلەی چوارەمی ڕیزبەندی گرتووە.

بەپێی ڕیزبەندی سەندیكای ھێزی ئاگرین بۆ سوپا توركیا خاوەنی ئەمانەی خوارەوەیە:-

١-ھێزی پیادەدا;

أ. (٧٤٣) ھەزارو (٤١٥) سەرباز، كەلەنێویاندا (٨٥٠) پلەداری سەربازی ھەیە.

ب. (٢) ھەزارو (٤٤٥) تانكی ھێرشبەر.

ج. (٧) ھەزارو (٥٥٠) ئۆتۆمۆبێلی زرێپۆشی شەڕكەر.

د. نزیكەی (٤) ھەزار شەڕكەر لەھێزی ڕەش، كە داخلی سیستەمی سەربازی عالەمی نین.



٢- ھێزی ئاسمانی;

أ. (٢٠٧) فڕۆكەی بەرگری.

ب. (٢٠٧) فڕۆكەی ھێرشبەر.

ج. (٤٣٩) فڕۆكەی گواستنەوە.

د. (٢٧٦) فڕۆكەی فێركاری.

ھ. (٤٥٥) ئێلی كۆپتەر، كە (٨٥) دانەیان ھێرشبەرن.



٣- ھێزی دەریایی;

أ. (١٦) كەشتی گەورەی جەنگی لەجۆری (Firkate).

ب. (٩) كەشتی جەنگی ناوەند، لەجۆری (Corvet).

ج. (١٢) ژێر دەریایی.

د. (٣٤) كەشتی بنكەی پۆلیسی دەریایی.

ھ. (١١) كەشتی مین.



ھەربەپێی ئەو ڕاپۆرتە، توركیا ساڵانە (٨) ملیارو (٢٠٨) ملیۆن دۆلاری وەك بودجە بۆ سوپای وڵاتەكەی خەرج دەكات.

سەرەڕای ئەوەی كەبەھۆی شەڕی بەردەوامی لەگەڵ ھێزەكانی PKK و چالاكوانانی ناوخۆیی و ڕەوشی ئاوارتە بڕی زیاتری بودجە خەرج دەكات.



ھەروەھا جگە لەسوپا، خاوەنی ھێزێكی گەورەی (٢٧٣) ھەزار و (٨٤٦) پۆلیسیە كە كاردەكەن لەئەمنیەتی ناوخۆیی توركیاو سوپا تەنھا ئەركی شەڕەكانی سنور بەجێ دەگەیەنێت.

كەواتە قەندیل و ھێزە بەرگریكارەكەی كە پەكەكەیە زۆر نابەرابەرن لەگەڵ توركیا.

دەكرا لەماوەی ڕابردوو و لەئێستاشەوە بۆ ئایندە میكانیزمێكیتر لەسیاسەت بەرامبەر توركیا بۆ وەدەستھێنانی مافەكانی كورد بگیردرێتەبەر، چونكە لەھەشتاكانی سەدەی ڕابردووەوە بەچڕی شەڕی چەكداری دژ بەدەوڵەتی توركیا دەكرێت لەلایەن پەكەكەوە كەچی ھیچ بەرھەمێكی سەوزی نەبوو، بەڵكو ڕەوشی مافەكانی كورد ڕۆژ دوای ڕۆژ خراپتر دەبوون تا ساڵی ٢٠٠٢ كەئیخوانەكان جیاوازتر لەھەر قۆناغێكیتر حوكمیان دەست پێكرد.

لەماوەی حوكمی ئەواندا كوردان مافی جوڵانەوەی مەدەنیان سەرەتا لەچوارچێوەی شەخس و دواتریش گروپ و كۆمەڵ و پارت پێدرا، لەئەنجامی بەشداری كردنی ھەڵبژاردن كوردەكان خاوەنداری كورسی پەرلەمانی و شارەوانی و والیەكان بوون لەزۆربەی ھەرەزۆری شارە كوردنشینەكان. ئەمە بەبەرھەمی خەباتی سیاسەتی مەدەنی دادەنرێت نەك چەكداری.

بۆعێڕاق و سوریاش ئەمە ڕاستە، چونكە ئەگەر شەڕی كەنداو نەبوایە كوردانی باشور ھەرگیز بەكڵاشینكۆف سوپای عێڕاقیان پێ وەدەرنەدەنرا، ئەگەر شۆڕشی عەڕەبی و معادەلەی نێودەوڵەتیش نەبوایە كانتۆنەكانی ڕوژئاوا ھەر لەناو جانتاكان دەبوون.



لە ھەڵبژاردنی ٧ی حوزەیراندا كورد ١٣٪‏ی بەدەست ھێناو بوو بەخاوەنی ٨١ كورسی پەرلەمان و حزبی حاكمیش نەگەیشتە ئەو ڕێژەیە كەحكومەت بەتەنھا پێك بھێنێت بۆیە ناچاری كواڵسیۆن بوو، یەكەم لیستی براوەش كە تەكلیفی شەراكەتی لێكرد ھەدەپە بوو بەڵام بەھۆی غروری و لاوازی دیبلۆماسی و زەختی قەندیل واتا پەكەكە ئەو تەكلیفەی ئاكپارتی ڕەت كرایەوە، لەدوبارەی ھەڵبژاردندنیشدا توشی نوشستی ھات و بەئاستەم توانای تێپەڕاندنی ١٠٪‏ی ھەبوو. ئەمەش جگە لەڕەوشی نائاسایی كە كاری كردە سەر دەنگەكانی بەڵام دەنگدەرانی ھەدەپەش سزای پارتەكەیاندا كەبەشداری تەشكیلی حكومەتیان نەكردو بوون بە ئۆپۆزسیۆنێكی مەدەنی لەبازنەی دوژمن گوتاردا، بیریان چوو كە ئەوان دەبێ جیاوازبن لە پەكەكە، چون پەكەكە ھێزێكی چەكداریەو وەك دوژمنی دەوڵەت پێناسەكراوە كەچی ھەدەپە ڕكابەرێكی دژە.

ئەوان سودیان لەوە وەرنەگرت كە ئەوەی لەبەشداریەكی مەدەنی ئاشتیانەی دوورمەودادا دەستیان دەكەوێت لەشەڕێكی چەكداری ماوەكورتدا لەدەستی دەدەن.



لێرەدا كوردانی ڕێكخراو لەپارتە مەدەنیەكان ئەگەر وەكو دوژمن سەیری دەوڵەتی توركیا بكەن پێویستە لەشاخ بن و چەك ھەڵگرن چونكە ئەوكاتە دەوڵەت حەق دەداتەخۆی ھەر كاردانەوەیەكی ھەبێت.

كەچی واشیان كردو لەبازنەی مەدەنیەت دەرچوون، لەجیاتی پەیوەندی لەگەڵ ھێزە مەدەنیەكانی توركیا ببەستن خۆیان بەدرێژكراوەی سیاسەتی پەكەكە دایە قەڵەم، وەلێ ھێشتا مافی بەشداری ھەڵبژاردنیان لێ نەسەندرایەوە. بەڵام ھێشتا كات زۆری ماوە دەكرێ بەفعلی و لەئاستی گوتاری سیاسیدا دژبەری بازنەی مەدەنیبن و خۆیان لەقەندیل بەجودا وێنا بكەن. ئەوكاتەش كەكانتۆنەكانی ڕۆژئاوا دامەزران ھەمان پێشنیار بۆ پەیەدە كرا كەدووركەوێتەوە لەپێناسەو دروشمەكانی پەكەكە، تاكو نەبێتە مەھانە بۆتوركیا كەسنوری سوریا ببەزێنێت و داگیركاری ئەنجام بدات، بینیمان كەھیچ وڵاتێك دژی لەشكركێشی سەر عەفرین نەبوو بەڵكو حەقیان دەدا بەدەوڵەتی توركیا سنورەكانی بپارێزێت لەئۆپۆزسیۆنی چەكداری وڵاتەكەی كە پەكەكەیە.