پڕۆژە یاسای چاكسازی كێشە دەخاتە نێوان پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێم

کوردستان

29/06/2018‌ 697 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەڵێت: گرفت و جیاوازی لەنێوان پەرلەمانی هەرێمی كوردستان‌و حكومەتی هەرێمدا هەیە لەسەر دوو خاڵی پڕۆژە یاسای چاكسازی، كە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان مافی حكومەتی هەرێمە نوێنەریان لەگفتوگۆی یاساكەدا ئامادەبێت ئەمەش بەتە بەربەست لەبەردەم گەڕانەوەی یاساكە لەم كاتەدا بۆ گفوگۆی ناو كۆبونەوەی پەرلەمان.

ئەو قسانەی بێگەرد تاڵەبانی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكا لەبارەی هۆكاری نەخستنە بەرنامەی كاری پڕۆژە یاسای چاكسازی بۆ گفتوگۆی دانیشتنەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان قسەی كردووەو دەشڵێت: "ڕاستە گفتوگۆی پڕۆژە یاسای چاكسازی لەلیژنەكانی ناو پەرلەمان تەواو بووە، بەڵام پاش تەواوبونی ڕاپۆرتی لیژنەكان حكومەتی هەرێم داوای كرد دەرفەتی پێبدرێت تا نوێنەریان ئامادەبێت، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، ئەو پڕۆژە یاسایانەی ڕەهەندی ئابوورییان هەیە دەبێت نوێنەری حكومەت ئامادەبێت."

بێگەرد تاڵەبانی هەروەها دەڵێت: "من تێناگەم ئەو كاتەی یاساكە پەسەندكرا عەیبی نەبوو، بەڵام كۆمەڵێك پەرلەمانتار و فڕاكسیۆنی جیاواز هاتن لێدوانی سەیر و سەمەرەیان دا، خەڵكیان چەواشەكرد و جوڵاند ئێستا، كە یاساكە لەنێوان پەرلەمان و حكومەتدا كێشەی لەسەرە دەڵێن با یاساكە بگەڕێتەوە پەرلەمان."

سكرتێری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان باسی لەخاڵی ناكۆكی نێوان حكومەت و پەرلەمان كرد لەسەر پڕۆژە یاسای چاكسازی هەرێم، لەو ڕووەوە وتی: "با من بە ڕاشكاوانە بیڵم گرفتەكە لسەر دوو خاڵە، یەكەم بابەتی كەمترین موچەی خانەنشینی، حكومەت دەڵێت من لە ئێستادا چوارسەد هەزارم پێنادرێت و ئەو سێ سەد هەزارەم پێدەدرێت، كە بە ئامادەبونی وەزیری حكومەت پەرلەمان پەسەندی كردووە، دووەم بابەتی دەرماڵەكانە، لەلای بەشێكی زۆری ئەندامانی لیژنەكاندا ئەو بۆچوونەیان هەیە، كە ئەگەر لەناو یاساكەدا دەرماڵەكان ڕێكبخرێت ئەوا زۆربەی دەرماڵەكان نامێنن، بۆیە دەبێت چۆن كاتی خۆی حكومەت بەڕێنمایی دەرماڵەی ڕێكخستووە هەر بەوشێوازەش خۆی بەڕێنمایی ڕێكی بخات و پێداچوونەوە بە دەرماڵەكاندا بكات، چونكە ئەوە دەسەڵاتی حكومەتە، بۆیە پەرلەمان نایەوێت ئەو بابەتە بەیاسا ڕێكبخات ئەم دوو خاڵە گرفت و جیاوازی نێوان حكومەت و پەرلەمانە، بۆیە وەك وتم مافی خۆیەتی حكومەت بێتە پەرلەمان قسە لەسەر ئەو یاسایە بكات، چونكە ڕەهەندی دارایی هەیە، ئەمە جیاوازیەكەیە بووەتە بەربەست نەك سەرۆكایەتی پەرلەمان بوبێتە بەربەست."

لەچەند مانگی ڕابردوودا پڕۆژە یاسای چاكسازی لەلایەن پەرلەمانی هەرێم پەسەندكرا، بەڵام دوای دەربڕینی ناڕەزەیی و دروستبوونی ڕای گشتی لەسەر یاساكە سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاری گەڕانەوە و پێداچوونەوەی پڕۆژە یاساكەی دا بۆ كۆبوونەوەكان.

تاڵەبانی ئەوەشی وت: "بەڕاستی ئێمە لەبەر وەڵامدانەوەی گللەیی و ناڕەزایی خەڵك پڕۆژەكەمان گەڕاندەوە كاتی خۆی، ئەوەی بۆ ئێمە مایەیی نیگەرانییە بەشێك لەفراكسیۆنەكان و پەرلەمانتارانن، كە كاتی خۆی چەواشەكاریان كرد خەڵكیان دژی سەرۆكایەتی پەرلەمان هاندا لە ئێستادا، كە بابەتەكە پەیوەندی بە قوتی خەڵكەوە هەیە خەریكی دووبارەكردنەوەی ئەو چەواشەكارییانەن دەیانەوێت خەڵك دوبارە چەواشە بكەنەوە."

هەروەها وتی: "ئەوە هەڵە تێگەیشتن نییە لەنێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەو پەرلەمانتار و فراكسیۆنانە، چونكە ئەوە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە، كە حكومەت مافی خۆیەتی نوێنەری ئامادەبێت لەو پڕۆژەیاسایانەی ڕەهەندی داراییان هەیە، هەمویان پەیڕەوییان خوێندووەتەوە، بۆیە بەڕاستی پێم سەیرە بەوشێوازە قسە لەسەر سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەن، بەڵام ئەوە بەشێكە لەو ململانێ سیاسییەی، كە بۆ شكاندنی لایەنەكان لەناو پەرلەمانی كوردستاندا هەیە تەنانەت زۆرجار خەڵكیان دژی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمان هانداوە ئەمەش جگە لەململانێ سیاسییەكە هیچی تر نییە."

بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ڕەتیكردەوە پارتی‌و یەكێتی‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان بەربەست بن لەگەڕانەوی پڕۆژە یاسای چاكسازی بۆ كۆبوونەوەكانی پەرلەمان‌و وتیشی: "ئەو پڕۆژەیە كاتی خۆی لەلایەن حكومەتەوە ئامادەكرا، كە پارتی و یەكێتین، دووەم لەپەرلەمان پەسەندكرا سەرۆكایەتی پەرلەمان لە پارتی‌و یەكێتییە، هەروەها بەدەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی پەسەندكرا، بەپێچەوانەوە ئەوەی گرفتە بەشێك لەو پەرلەمانتار و فراكسیۆنانەن، كە ئەو قسانە دەكەن، بارگرانی زۆر لەم كاتەدا بۆ حكومەت دروست دەكەن تا حكومەت نەتوانێت پڕۆژەكە وەك خۆی جێبەجێبكات."

بێگەر تاڵەبانی هەروەها وتی: "ئەگەرنا ئێمە وەك سەرۆكایەتی هیچ گرفتمان نیە لەگەڕاندنەوەی پڕۆژەكان، بەڵام بەداخەوە لەناو پەرلەمانی كوردستان ئەوەندەی ململانێكان بۆ شكانی یەكترە ئەوەندە ململانێكان لەسەر بەرژەوندی گشتی نین ئەمە وایكردووە ناوێكی ناشرین لەسەر پەرلەمانی كوردستان دروست بێت."

لەبارەی چارەنوسی پڕۆژە یاسای چاكسازی و پرسیاری ئەوەی ئایا دەكەوێتە خولی داهاتووی پەرلەمان وەك بەشێك لە پەرلەمانتاران پێشبینی دەكەن ؟ بێگەرد تاڵەبانی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان وتی: "بەڕاستی چارەنوسی ئەو پڕۆژەیە لەلای حكومەتی هەرێمی كوردستانە."

ئەم قسانەی سكرتێری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەكاتێكدایە دوێنێ پێنج شەممە حاجی كاروان ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەفراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، "هۆكاری پشتگوێخستنی پڕۆژە چاكسازیەكە تەنها سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانە ئەوانیش بە تەوجیهی سەركردایەتی و حیزبەكانیان پشتگوێیان خستووە،بۆ ئەوەی دەنگەكانیان كەم نەكات چونكە زیاتر لە سەد هەزار كەس سوودمەندە بە قاچاغ، دزێتی ، پارە خواردنی حەرامی ئەم میللەتە هەرلەوان هەیە(٣-٦)موچەی هەیە، كە ئەوانە نامێنن كاریگەری لەسەر دەنگی ئەوان هەیە چونكە ئەمانە دەنگدەری ئەوانن، بۆیە ئێستا كە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە پێشە نایهێنن هەر ڕەنگە بكەوێتە خولی داهاتووی پەرلەمان هاوكات دەشڵێت: خەڵكی وا هەیە لەسەركردایەتی پارتی و یەكێتی بەناوی هێز و میحوەرەوە هێزی تایبەتی خۆی هەیە."، ئەگەر ئەو پڕۆژە چاكسازیە جێ بەجێ بكرێت ئەمانە هەمووی نامێنن، بۆیە ڕەنگە بكەوێتە خولی داهاتووی پەرلەمان."

هـ ـ ح