ئەڵمانیا تاووتوێی داوایەكی ئێران دەكات بۆ ڕاكێشانی سەدان ملیۆن یۆرۆ

جیهان

09/07/2018‌ 1103 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دارایی ئەڵمانیا رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەی تاووتوێی داوایەكی ئێران دەكەن بۆ ڕاكێشانی سەدان ملیۆن یۆرۆ لە بانكێك لە هامبۆرگ.

ڕۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویكردەوە، ڕژێمی ئێران دەیەوێت 300 ملیۆن یۆرۆ، كە دەكاتە 353 ملیۆن دۆلار، لە بانكی بازرگانی ئەوروپایی - ئێرانی ڕابكێشێتەوە، ئەوەش تاوەكو لە دەستیابێت كاتێك سزا دارایـیەكانی ئەمەریكا لەسەر تاران دەچنە قۆناغی جێبەجێكردنەوە.

جانێت شوامبێرگ، وەزیری دارایی ئەڵمانیا بۆ میدیاكانی پشـتڕاستكردەوە ئێران ئەو داوایەی كردووەو رایگەیاند، لە ئێستادا لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتەكەی تاووتوێی داواكە دەكەن هەر وەكو هەموو مامەڵەیەكی دیكەی گەورەی دارایی كە لە لایەن ئەو وڵاتانەوە دەكرێن كە شیانی هەیە بۆ مەبەستی سپیكردنەوەی پارە یان بۆ دابینكردنی پارە بۆ تێرۆرزم ئەنجامی بدەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر گومانێك لە داواكە بكرێت، ئەوا پـڕۆسەی ڕاكێشانی پارەكە جێبەجێ ناكرێت.

وەزیری دارایی ئەڵمانیا باسی لەوەشكرد، "هیچ ژمارەیەكی تایبەتی لە بارەی سەروەت و سامانەكانی ئێران لە ئەڵمانیای لەلا نیـیە".
ه.م