دۆناڵد ترەمپ: كۆبوونەوەكەم لەگەڵ پۆتین باشتر بوو لە كۆبوونەوەكەی هاوپەیمانێتی ناتۆ

جیهان

17/07/2018‌ 831 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رایگەیاند، كۆبوونەوەكەی لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆكی ڕوسیا لە هێلینسكی زۆر باشتر بووە لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ هاوپەیمانێت ناتۆ.
 
دۆناڵد ترەمپ لە تویتەر خۆی بڵاویكردەوە، "كاتێك بەشداریم لە كۆبوونەوەیەكی گرنگی هاوپەیمانێتی ناتۆدا كرد پارەیەكی زۆرم كۆكردەوە، كۆبوونەوەیەكی باشترم لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆكی ڕوسیا ئەنجامدا."

ئاماژەی بەوەشكرد، "رووماڵی ڕاگەیاندنەكان بەم شێوەیەیە، هەواڵی ساختە ئێستا زۆر بووە."

ئەو وتانەی ترەمپ لەكاتێكدایە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەی لەگەڵ پۆتیندا بووە هۆی تووڕەبوونی هەردوو حیزبی كۆمارییەكان و دیموكراتەكانی ئەمەریكا، رەخنەگرانی ترەم دەڵێن، "سەرۆك ترەمپ بەرژەوەندی ڕوسیای لەسەروو بەرژەوەندیی ئەمەریكا داناوە"، ئەوەش دوای ئەوەی گرنگی هەڵسانگاندنەكانی دەزگای هەواڵگری ئەمەریكای كەمكردەوە سەبارەت بە دەستوەردانی ڕوسیا لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكادا.

دۆناڵد ترەمپ هەروەها سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی هاوپەیمانێتی ناتۆ وتی، "هاوپەیمانێتی ناتۆ بێهێز بووە بەڵام هێزەكەی بۆ گەڕایەوە، ئەوەش لە بەرژەوەندیی ڕوسیا نیە، ڕاگەیاندن تەنها ئاماژەی بەوەدا كە من خراپ بووم لەگەڵ ڕابەرانی وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا، ئاماژەیان بە زیادبوونی پارەكە نەدا".
ه.م