شارپرێس:
لە مەراسیمێکی شکۆداردا، تەرمی ئیقبال مورادی لە
مەزارگەی ڕاوگان-ی پێنجوێن بەخاک سپێردرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە دوای بەڕێوەچوونی مەراسیمە ئاینییەکان
لە مزگەوتی دارالسەلام لە شارۆچکەی پێنجوێن-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بەدەم
وتنەوەی دروشمی "شەهید نامرێت" و "ئەی شەهید خوێنی تۆ لە ئەرزدا
نامێنێت" تەرمی ئیقبال مورادی، چالاکوانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە
ئاڵای پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) پێچرابوو، بەرەوە مەزارگەی ڕاوگان
بەڕێکرا و لە مەراسیمێکی شایستەدا لەتەنیشت مەزاری کەمال شێخ سادە-ەوە بە خاک
سپێردرا.
لە مەراسیمەکەدا، خانەوادەی شەهید، نوێنەری کۆمیتەی
شەهیدانی پەکەکە، نوێنەرانیی کۆدار، پژاک و تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵەی کوردستان
ئامادەبوون.
سەرەتای مەراسیمەکە، بە خولەکێک وەستان ڕێزگرتن لە
شەهیدانی ڕێگای ئازادیی دەستیپێکرد، دواتر ئامەد شاهۆ، ئەندامی مەجلیسی پژاک
وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: ڕژێمی ئێران و پاسدارانی ئێرانی بە بەرپرسی تیرۆرکردنی
ئیقبال مورادی-ن، وەک پژاک بێدەنگ نابین لە تیرۆرکردنی ئیقباڵ مورادیان و لە
نزیکترین کاتدا تۆڵەی خوێنی دەکەینەوە.
شەوی ڕابردوو، ئیقبال مورادی، چالاکوانی سیاسیی
ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سنووری شارۆچکەی پێنجوێن تیرۆرکرا و تەرمەکەی دۆزرایەوە کە
باوکی زانیاری مورادی و مامی لوقمانی مورادییە، کە دوو گیراویی سیاسیی کوردن لە
ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سزای سێدارە دراون.
هـ ـ ر