سەفین دزەیی: بەرژەوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا زۆر زیاترن لەوەی ناكۆكی لە نێوانماندا هەبێت

کوردستان

18/07/2018‌ 1167 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پەیوەندییەكانی لەگەڵ توركیا نەپچڕاوەو بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا زۆر زیاترن لەوەی ناكۆكی لە نێوانیاندا هەبێت.

سەفین دزەیی بە ئەنادۆڵ-ی توركی راگەیاندووە، "دوای رووداوەكانی ساڵی رابردوو و ئەو بارودۆخەی كە دروست بوو لێك دووركەوتنەوەیەك لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا روویدا، بەڵام پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا بە تەواوی نەپچڕا و توركیا دەروازە سنوورییەكانی دانەخست و بۆرییەكانی نەوتیشی نەگرتەوە".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی پتەو بووە و لە ساڵی 1991ەوە ئەو پەیوەندییانە بەردەوام بووە، دوای رووداوەكانی ساڵی رابردوو بە هۆی ئەو لێكتێنەگەیشتن و ئەو بارودۆخەی كە دروست بوو لێكدووركەوتنەوەیەك روویدا".

دزەیی دەشڵێت، "ئەگەر كێشەیەكیش لە نێوانماندا هەبووبێت بەرژەوەندییەكانمان زۆر زیاترن لەوەی گرفت و ناكۆكی و خاڵی لاواز لەنێوانماندا هەبێت و هیوادارین لە داهاتوویەكی نزیكدا دیداری باش لە نێوان هەردوولا ئەنجام بدرێت و هەردوولا بتوانین هاوكار بین لەگەڵ یەكتر بۆ خزمەتكردنی بەرژەوەندی دوولایەنە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە بەرژەوەندی دوولایەنە و ئاسایش و سەقامگیری لەناوچە".
ه.م