زیانەكانی خواردنەوەی سۆدە لەسەر تەندروستی مرۆڤ

جیهان

02/08/2018‌ 1240 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سۆدە یەكێكە لەو خواردنەوانەی، كە ڕۆژانە ڕێژەیەكی زۆر لەخەڵك لەوڵاتە جیاجیاكانی جیهاندا بەكاریدەهێنن.

ژمارەیەكی زۆر لەتوێژینەوە جیهانییەكان كاریگەرییە خراپەكانی خواردنەوەی سۆدەیان سەلماندووەو دەركەوتووە، كە كاریگەری خراپ لەسەر ددانەكان، كەمەری (قەڵەوی) مرۆڤ بەجێدەهێڵێت.

بەهۆی ئەو پێكهاتانەی، كە لەدروستكردنی سۆدەدا بەكاردەهێنرێت وا دەكات، كە كاریگەری بكاتە سەر سستبوونی فرمانەكانی گورچیلە، كە ئەمەش لە لێكۆڵینەوەیەكدا سەلمێنراوە بۆ ۳،۳۱۸ ئافرەت ئەنجامدراوە ، تێیدا دەركەوتووە ئەو ئافرەتانەی ڕۆژانە خواردنەوەی سۆدەیان خواردووەتەوە زۆرتر ڕووبەڕووی نەخۆشییەكانی گورچیلە بوونەتەوە بە بەراورد بەو ئافرەتانەی، كە خواردنەوەی سۆدەیان نەخواردووەتەوە.

 هەروەها بەهۆی ئەو بڕە زۆرەی شەكر، كە لە پێكهاتەكەیدا هەیە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر پەنكریاس هەیە بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی، كە نەخۆشی شەكرەیان هەیە مەترسیدارە, بەجۆرێك خواردنەوەی تەنیا یەك پەرداخ، یان قوتوو لەسۆدە لەڕۆژێكدا مەترسی %۲۵ زیاددەكات لەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە.

یەكێكی تر لەكاریگەرییە خراپەكانی خواردنەوەی سۆدە ئەوەیە، كە وا لەجەستەت دەكات بەرەو وشكبوونەوە بچێت، هەروەها بڕێكی زۆر كالۆری لەپێكهاتەی سۆدەدا هەیە، بۆ نموونە لە ۲۰ ئۆنس سۆدە دا 260 كالۆری هەیە , كە ئەم بڕە كالۆرییەش پێویستی بە زیاتر لە كاتژمێرێك ڕۆشتن هەیە بۆ سوتاندنی لەدوای خواردنەوەی.

ئەوەش دەركەوتووە، خواردنەوەی سۆدە بەتایبەت لەپیاواندا دەبێتە هۆی زیادبوونی جاڵدەی دڵ. 

زانكۆی زانستی تەندروستی لەتەكساس دەریخستووە ئەو كەسانەی دەیانەوێت كێشی لەشیان بەخواردنەوەی سۆدە كەمبكەنەوە مەترسی زۆر لەسەر تەندروستی جەستەیان پەیدادەبێت.

وەرگێڕان : هێڤار عومەر