چاودێرێكی سیاسی: لە ئێستادا لۆمەی هەموو سیستەمی ئێران دەكرێت نەك باڵەكانی ناو ڕژێمی ئێران

جیهان

17/08/2018‌ 638 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چاودێرێكی سیاسی رایدەگەیەنێت، ئێران ناتوانێت خۆی لە كاریگەرییەكانی ئەو قەیرانە ئابووریەی ڕووی تێكردووە دەرباز بكات چونكە وەك دەڵێت ئێرانیش وەك هەر وڵاتێكی تر بەستراوەتەوە بە بازاڕی ئازادەوە.

كۆماری ئیسلامی ئێران كەوتووەتە ژێر باری گرانی ژمارەیەك سزای وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە كە هەر لە ئێستاوە كاریگەرییەكانیان دەركەوتوون.

بڕیارە لە سەرەتای مانگی 11 دا وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ژمارەیەك سزای قورستر بسەپێنێت بە سەر ئێراندا، ئەو سزایانە وەك واشنتۆن دەڵێت بە مەبەستی فشار خستنە سەر ئێرانە تا ڕەفتارەكانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگۆڕێت.

جەعفەر حامیدی، نوسەر و شیكەرەوەی سیاسی لەمیانی گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت، ئێران ناتوانێت خۆی لە كاریگەرییەكانی ئەو قەیرانە ئابووریەی ڕووی تێكردووە دەرباز بكات، چونكە وەك دەڵێت ئێرانیش وەك هەر وڵاتێكی تر بەستراوەتەوە بە بازاڕی ئازاد و هەروەهاش بە بازاڕی سەر و سەوداكردن لەگەڵ وڵاتاندا و لە ئێستادا خەریكە بەشێكی ئەو بەستنەوانە لەلایەن ئەمریكاوە دەپچڕێنرێن.

جەعفەر حامیدی ئاماژەش بەوە دەكات، لەو بڕوایەدا نییە تەنانەت وڵاتانی ئەوروپاییش بتوانن یارمەتییەكی ئەوتۆی تاران بدەن بەهۆی سیاسەتەكانی ئەمریكاوە.

لە سەر گۆڕینی ڕەفتارەكانی ئێرانیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، جەعفەر حامیدی دەڵێت، پێی وەها نییە كۆماری ئیسلامی ئێران بتوانێت ڕەفتارەكانی خۆی بگۆڕێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەم ڕژێمەی ئێران نزیكەی 40 ساڵە بە كەڵك وەرگرتنێكی خراپ لە سیاسەتەكانی ئەوروپا و هەروەهاش سیاسەتی پێشتری ئەمریكا، بە چەشنێك لە چەشنەكان دانەخۆرە بووە".
ه.م