ژاپـۆن خۆی بۆ ڕاگرتنی هاوردەكردنی نەوت لە ئێران ئامادەدەكات

جیهان

03/09/2018‌ 804 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میدیاكانی ژاپـۆن بڵاویانكردەوە، كۆمپانیاكانی بازرگانی نەوتی وڵاتەكەیان خۆیان ئامادەدەكەن بۆ ڕاگرتنی هاوردەی نەوتی ئێران لە مانگی داهاتوودا.

هەردوو ئاژانسی دەنگ‌وباسی جیجی و كیۆدۆی ژاپـۆنی رۆژی دووشەممە هەواڵەكەیان بڵاوكردەوە و رایانگەیاند، ئەو هەنگاوەی كۆمپانیاكانی وڵاتەكەیان بەهۆی سەپاندنەوەی سزاكانی ئەمەریكایە بەسەر تاراندا، كە تیایاندا هاتووە هەر وڵات و لایەنێك لە بواری كەرتی نەوت مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بكات، ئەوا خۆی دووچاری سزاكانی ئەمەریكا دەكات.

ئاژانسی جیجی دەڵێت، "پـێدەچێت كاربەدەستانی وڵاتەكەیان شكستیان هێنابێت لە رازیكردنی واشنتۆن لەوەی ڕێگە بە ژاپـۆن بدات بەردەوامبێت لە هاوردەكردنی نەوتی ئێرانی".

كاربەدەستێكی وەزارەتی بازرگانی ژاپـۆن بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی قسەی كردووەو پشتڕاستیكردووەتەوە، كە تۆكیۆ داوای لە واشنتۆن كردبوو لەم بارەیەوە چاوپـۆشی لێبكات، بەڵام كاربەدەستەكە هیچ وردەكاری زیاتری باس نەكردووە.

ژاپـۆن لەسەدا 80 ی هاوردە سووتەمەنیـیەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، كە لە سەدا 39 ی لە عەرەبستانی سعودیـیەیە و تەنیا لەسەدا 5 ی لە ئێرانە.
ه.م