عەلی حەمەساڵح وەك یەكەم سەرۆك لیست فۆڕمی سەروەت‌و سامانەكەی ئاشكرادەكات

کوردستان

10/09/2018‌ 6179 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی حەمەساڵح سەرۆكی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، وەك یەكەم سەرۆك لیست فۆڕمی سەروەت‌و سامانەكەی ئاشكراكرد.

عەلی حەمەساڵح لەمیانی نووسینێك بڵاویكردەوە، كە ئەمڕۆ فۆڕمی ڕەسمی دەستەی نەزاهەم پڕكردەوە تایبەت بەسەروەت‌و سامانی پلەتایبەكان، ئەم فۆرمە بەرپرسیاریەتی یاسای هەیەو بەدواداچوونی بۆ دەكرێت.

عەلی حەمەساڵح لەبارەی سامانەكەی نووسیوییەتی: 
خانوویەكم هەیە لە مانگی ٣ی ٢٠١٥ كڕیومە بە ١٥٠٠٠٠$ (١٥ دەفتەر) لەهەولێر، كە١٠٠٠٠٠$ (١٠ دەفتەر) مداوەو ٥ دەفتەر قەرزارم، ئەویش بە فرۆشتنی خانوویەكی پێشتر لە گەڕەكی فەرمانبەرانی هەولێر، كە ٢٠١٠ دروستمانكردبوو، لەگەڵ هەندێك پاشكەوتی خێزانی (١٠دەفتەرەكەم ) دابینكرد.

ئەم خانووە بەناوی خۆم و هیچ كەسێكم نییەو لە ئێستاش بەناو ناكرێت.

ئۆتۆمبیلێكی جۆری پرادۆ- مۆدێل ٢٠١٢. 

كۆی ئەو پارانەی قەرزارم ٥ دەفتەرو ٣٥ وەرقە. 

هەروەها دەڵێت: "دوای چوار ساڵی دیكە من هەمان فۆڕم بڵاودەكەمەوە، ئەو كات ڕوندەبێتەوە ئێمە سەرقاڵی دژایەتی زوڵم و فەسادو نادادی و خزمەتی گشتی بووین، یان خەریكی گەندەڵی و خۆدەڵەمەندكردن بووین لەسەر حەقی گشتی وەك خەڵكی دیكە".

عەلی حەمەساڵح ئەوەش دەڵێت: "ئەمە وەڵامی درۆو چەواشەكاری هەندێك كەناڵ و هێزیشە، كە دەیانوت چەندین ڤێلای لەسلێمانی هەیە، یەك مەتر زەوی و شوقەو خانووم هەبوو پێشكەشی ئەوان بێت".