ژمارەیەك خۆپیشاندەری كورد هێرشیان كردە سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریس

جیهان

15/09/2018‌ 555 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میدیاكانی فەڕەنسا بڵاویانكردەوە، ژمارەیەك خۆپیشاندەری كورد هێرشیان كردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا.

میدیاكانی فەڕەنسا رایانگەیاندووە، وەكو كاردانەوە بەرامبەر لەسێدارەدانی سێ زیندانی سیاسی كورد لە ئێران، ژمارەیەك لە كوردانی ئێران خۆپیشاندانێكیان لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئێران لە پاریس ڕێكخستبوو. لە میانەی خۆپیشاندانەكەدا ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران هەوڵیان داوە بچنە نێو باڵیۆزخانەكەوە و ئاڵای ئێرانیان داگرتووە لەسەر دەرگای ئەو باڵەخانەیە و تابلۆی ناوی باڵیۆزخانەكەیان بە ڕەنگ سڕیوەتەوە و ژمارەیەك شوشەی پەنجەرەكانی باڵەخانەكەیان شكاندوە.

ئیبراهیم قاسمی، وتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئێران لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، "دوێنێ هەینی ژمارەیەك دژبەرانی كۆماری ئیسلامی ئیران هەوڵیان دابوو دزە بكەنە نێو باڵیۆزخانەی ئێران لە فەڕەنسا، بەڵام سەركەوتوو نەبوون".

قاسمی رایگەیاندووە، دوای داواكاری بەرپرسانی باڵیۆزخانەكە و ئامادەبوونی پۆلیس، هەندێك لە هێرشبەرەكان دەستگیر كراون. 

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستووەتەڕوو، كۆماری ئیسلامی چاوەڕانی ئەوە لە حكومەتی فەڕەنسا دەكات كە ئەو كەسانە دادگایی بكرێن و سزا بدرێن.
ه.م