پارتی "ڤیتۆی" لەسەر مەلا بەختیار بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار نابێت

عیراق

17/09/2018‌ 1547 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دڵدار ساڵح جاف، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: حیزبەكەی "ڤیتۆی" لەسەر مەلا بەختیار كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق نابێت.

دڵدار ساڵح جاف لەمیانی لێدوانێكی دەشڵێت: بەهۆی ئەوەی پارتی "ڤیتۆی" لەسەر مەلا بەختیار نابێت، یەكێتی نیشتمانی لەجێگەی فوئاد مەعسوم مەلا بەختیار بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید دەكات.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی هەروەها دەڵێت: رێككەوتنی سیاسی لەنێوان پارتی‌و یەكێتی هەیە بەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت‌و پۆستی سەرۆكی هەرێمیش بۆ پارتی بێت، كە جەختیكردووەتەوە، ئەو رێككەوتنە تائێستا ماوەو بەفەرمی هەڵنەوەشاوەتەوە.

جاف ئەوەش دەڵێت: هەرچەندە پارتی حیزبی یەكەمی هەرێمی كوردستان بووە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و پۆستی سەرۆك كۆمار مافی خۆیەتی، بەڵام رێككەوتنی ستراتیژی وادەكات دەستبەرداری ئەو پۆستە بێت بۆ یەكێتی.

قسەكانی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لەكاتێكدایە، تائێستا مەكتەبی سیاسی پارتەكەی‌و یەكێتی لەسەر پرسی سەرۆك كۆمارو كاندیدێكی هاوبەش رێكنەكەوتوون‌و گفتوگۆش لەو بارەوە لەنێوانیان بەردەوامە.

هـ ـ ح